وەزیریخوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: بەهیچ شێوەیەك ئەمساڵ قوتابی بە قبووڵ خاسوەرناگیرێ

وەزیریخوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: بەهیچ شێوەیەك ئەمساڵ قوتابی بە قبووڵ خاسوەرناگیرێ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەكان نێزیكەی 35 هەزار دەرچووی ئامادەیی و زانكۆ ئەهڵیەكانیش زیاتر لە 5 هەزار دەرچووانی ئامادەیی وەردەگرن و پێشكەشكردنی داواكاریی وەرگرتنیش لە رێگەی پرۆژەی زانكۆ لاینەوە دەبێ.
عەلی سەعید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە تەڵاری وەزارەت بەڕێوە چوو، رایگەیاند، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ وەرزی نوێی خوێندن نێزیكەی 35 هەزار قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی حكوومی وەردەگرێ، هەروەها لە زانكۆ ئەهڵییەكانیش 5 تا 7 هەزار قوتابی وەردەگیرێ.

زیاتر گوتی، ئێستا لەهەرێمی كوردستان 10 زانكۆی حكوومی و 2 دەستەی پەیمانگای تەكنیكی و 9 زانكۆی ئەهڵی و 2 لقی زانكۆی ئەهڵی لە كوردستان قوتابی وەردەگرن، هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیە بتوانین زۆرترین رێژەی قوتابیانی دەرچووی ئامادەیی وەربگرین.

وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی دا، پێشكەشكردنی داواكاریی وەرگرتنی قوتابی لە زانكۆ حكوومییەكان لە رێگەی زانكۆ لاینەوە دەبێ، بۆ زانكۆ ئەهڵییەكان قوتابی راستەوخۆ دەتوانێ داواییان پێشكەش بكات، ئەو قوتابییەی داواكاری پێشكەش بە زانكۆی ئەهڵی دەكا لە هەمان كاتیش دەتوانێ داواكاریی پێشكەش بە زانكۆی حكومیی بكا، بەڵام وەزارەت ماوەیەك دیاری دەكا بۆ ئەوەی خۆی یەكلایی بكاتەوە لە كام شوێن درێژە بە خوێندن دەدا.

هەروەها گوتی، بۆ خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا بەهیچ شێوەیەك قوتابی بەوەرگرتنی تایبەت (قبووڵ خاس) وەرناگیرێ، بەڵكو هەمووی لە رێگەی كێبركێ و نمرەوە دەبێ، بۆ خوێندنی بەیانیان دەبێ قوتابی تەمەنی لەنێوان 25 تا 30 ساڵ دەبێ، بۆ خوێندنی ئێوارانیش تەمەنی لەنێوان 35 تا 40 ساڵان بێ، ئەو قوتابیانەی بەشێوازی دەرەكی تاقی كردنەوە ئەنجام دەدەن ئەگەر كۆی نمرەیان 85% بەسەرەوە بێ مەرجی تەمەنیان لەبەردەم هەڵدەگیرێ بۆ ئەوەی دەرفەتی خوێندنیان پێ بدرێ.

راشیگەیاند، ئەو قوتابیانەی داواكاری پێشكش دەكەن بۆ كۆلیژی هونەرە جوانەكان و وەرزشی دەبێ تاقی كردنەوەی بەهرەمەندیی ئەنجام بدەن، ئەگەر لەو تاقی كردنەوەیە دەرنەچوون كۆی نمرەكەی 99% بێ وەرناگیرێن.

ئەوەشی خستەروو، ئەو قوتابیانەی لەزانكۆ ئەهڵیەكان وەردەگیرێن بۆیان نییە داوای گواستنەوەی میوانداری یان گواستنەوەی هەمیشەیی بۆ زانكۆیەكی حكومی بكەن، لەئێستەشدا ئامادەكاریی بۆ راگەیاندنی قۆناغی چوارەمی پرۆژەی تواناسازی مرۆیی دەكەین.

لەبارەی پرۆژەكانی وەزارەتیش، سەعید گوتی، لەهەولێر 15 پرۆژەی بەردەوام و 11 پرۆژەش لەقۆناغی تەندەر،لەپارێزگەی سلێمانی11 پرۆژە لەقۆناغی تەندەر و لەپارێزگەی دهۆكیش 17 پرۆژەی بەردەوام كاری تێیدا دەكرێ لەگەڵ 7 پرۆژە كە ئێستا لەقۆناغی تەندەر دایە، كۆی گشتی ئەو بوودجەی ئەو پرۆژانە 327 ملیار و 153 ملیۆن دینارە.

2
Top