397 موساتەحە هەڵوەشێندراونەتەوە، 201ـی دیكەیش لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەدان

397 موساتەحە هەڵوەشێندراونەتەوە، 201ـی دیكەیش لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەدان
لە راگەیەندراوی لیژنە چاكسازییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، دان بە گەندەڵی لە بواری موساتەحەدا نراوە و تێیدا هاتووە \"زۆربەی موساتەحەكان بە شێوەیەكی راستەوخۆ و بێ زیادكردنی ئاشكرا دراون، هەندێكیان بە جۆر و ناوەرۆكی پڕۆژەكان بە دەر لە رێنماییەكان گۆڕدراون.\""
بە مەبەستی بەگژداچوونەوە و رێگریكردن لە بێسەروبەری لە بواری موساتەحەدا، لیژنە چاكسازییەكەی سەرۆكی هەرێم، هەستاوە بە لێپێچینەوە لەو بوارە بە فەرمانی ژمارە 7ی ساڵی 2011، كە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندارەكان كراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە كە تا ئێستا 397 موساتەحە هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها 201 موساتەحەی دیكەیش لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەدان، هاوكات ژمارەیەك لەو موساتەحانەی كە تەملیك كراون، رێگە لە مامەڵەپێكردنیان گیراوە، تاكو لە رێگە یاساییەكان دەگەڕێندرێنەوە بۆ سەر موڵكی گشتی. تا ئێستایش لێكۆڵینەوە لەو بوارە بەردەوامە بۆ دیاریكردنی سەرپێچییەكان بە هاوكاریی لایەنە پەیوەندارەكان، بۆ وەرگرتنی رێكاری كارگێڕی و یاسایی بەرامبەر ئەو سەرپێچیانەی كە لەم بوارەدا كراون."
Top