سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای رەوتی سەدر دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای رەوتی سەدر دەكات
ئەمرۆ چوارشەممە 8/6/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵای رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی بەرێز بەهاْ ئەلئەعرەجی سەرۆكی كوتلەی ئەحرار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

لە دیدارێكدا ، رەوش و پەرەسەندنە سیاسییەكانی عیراق و كێشەوگرفتەكانی ناو پرۆسەی سیاسی و ئەمنی گفتوگۆیان لێكرا.شاندی میوان تیشكیان خستەسەر رەوتی سەدر و چۆنیەتی كاركردنیان لە ناو پرۆسەی سیاسی و حكومەتی عیراقی فیدراڵدا و بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەكە و چاڵاككردنەوەی حكومەت و چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی دەستپێشخەرییەكی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدریان خستەڕوو كە بە هاوكاری هەردوولا بەرنامەیەكی چاكسازی بۆ چارەسەركردنی ئەو گیروگرفت و كێشانە ئامادە بكرێ‌ بەشێوەیەك كە لە لایەنە ناكۆكەكان پێی پابەند بن و بە هۆیەوە چارەسەری كێشەی وەزارەتە ئەمنییەكان و پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای سیاسەتە ستراتیژییەكان بكرێ‌ لە رێی جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی رێككەوتنیان لەسەركراوە ، بە شێوەیەك كە حكومەتی ئێستا ببێتە حكومەتێكی شەراكەتی راستەقینە و بڕیارەكان بەشێوەیەك هاوبەش وەربگیرێن .

سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەوەكردەوە كە هەر هەوڵێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی ئێستای حكومەتی فیدراڵ ئەركێكی نیشتمانیە و وەك عیراق پێویستیمان بە بونیادنانی دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و یاسایی هەیە و هەر كاتێ‌ لایەنی بەشداربووی حكومەت هەستی بەوەكرد كە هاوبەشی راستەقینەیە لەو حكومەتەدا ئەركەكانی سەرشانی بەو پەڕی بەرپرسیارێتیەوە ئەنجام دەدات.

بەرێز بەهاْ ئەلئەعرەجیش وێرای هاوڕابوونی لەگەڵ ئەم دیدەی سەرۆك بارزانی رایگەیاند كە ئەو هەوڵەیان بۆ ئەوەیە كە هەر دوولا ببنە حالەتێكی وەسەتی بە مەبەستی ئەنجام دانی چاكسازی پێویست.
ئەمەو لە كۆتایی دیدارەكەدا ، سەرۆك بارزانی وێرای بەرزنرخاندنی ئەم هەوڵەی رەوتی سەدر تەئكیدكردن لەسەر پەیوەندی مێژوویی روونیكردەوە كە دوای دیراسەت و راوێژكردن دوا هەڵوێستی هەرێم سەبارەت بەم هەوڵە رادەگەیەنرێ‌.
Top