وه‌زیری ناوخۆ: گرنگه‌ هێزه‌كانی پۆلیس و پاسه‌وانی هه‌رێم سوود له‌ ئه‌زموونی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان وه‌رگرن

وه‌زیری ناوخۆ: گرنگه‌ هێزه‌كانی پۆلیس و پاسه‌وانی هه‌رێم سوود له‌ ئه‌زموونی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان وه‌رگرن
به‌رێز كه‌ریم شنگالی وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له‌ شاندێكی ئه‌مریكی كه‌ پێًكهاتبو له‌ جه‌نه‌رال (پاسكارێ) جێگری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ باكوری عێراق و (پاتریك هانیش) جێگری به‌رپرسی تیمی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان.

له‌و دیداره‌دا هه‌ردوولا باسی بارو دۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ دابراوه‌كان كرد، هه‌روه‌ها تیشكیان خسته‌ سه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌ دابراوه‌كان .

به‌رێز وه‌زیری ناوخۆ خۆشحاڵی خۆی ده‌ربری به‌ به‌رده‌وامبونی مه‌شق كردنی هێزه‌كانی پۆلیس له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی هاو په‌یمانه‌وه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ گرینگه‌ هێزه‌كانی پۆلیس و پاسه‌وانی هه‌رێم سود له‌ ئه‌زمونی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی هاو په‌یمان وه‌رگرن له‌ بواری پۆلیس و پاراستنی ئاسایش .
Top