سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە ئاد مێلكرد نوێنەر سكرتێری گشتی UN لە عێراق

سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە ئاد مێلكرد نوێنەر سكرتێری گشتی UN لە عێراق
ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 2011/3/14 بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێشوازی كرد لە بەڕێز ئاد مێلكرد نوێنەر سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری.

لە سەرەتای دیدارەكەدا، هەردوولا تاوتوێی بارودخی گشتی سیاسی و ئاسایشی عێراق و ناوچەكەیان كرد و لەم ڕووەشەوە نوێنەری سكرتێری گشتی UN راگەیاند، ئێمە بە بایەخەوە لە هەلومەرجی سیاسی عێراق دەڕوانین و لەگەڵ حكوومەتی عێراقیش باسمان كردووە كە گرنگە هەنگاوەكانی حكوومەت و هێنانە ئارای هەنگاوی خێراتر بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر، بەایەخی زیاتری پێبدرێ.

لەبارەی ناوچە جێ ناكۆكەكانیشەوە، نوێنەری سكرتێری UN رایگەیاند، لە بارەی ناوچە جێ ناكۆكەكانیشەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیران قسەمان كردوو، كە چارەسەری گونجاو و دەستووری بۆ ئەو ناوچانە بۆ هەردوولایەك گرنگە و دەبێ بەهەموو لایەك هەوڵبدرێ دوور لە توندوتیژی و تەنگەژە گرفتەكان چارەسەر بكەن.

لەمبارەشەوە بەڕێز مسروور بارزانی پابەندێتی هەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە، كە دەبێ چارەسەرییەكان بەپێی ماددەی 140 و ئەو رێككەوتنە بێت كە بەپێی 19 خاڵەكەی ئیتیلافی فراكسۆنە كوردستانیەكان هاتووەتە ئاراوە و چاوەڕێی هەنگاوی عەمەلین لە حكوومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی تەواوی خاڵەكانی رێككەوتن.

لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە، ئاد مێلكرد نوێنەری سكرتێری گشتی UN رایگەیاند، سەقامگیری و پێشكەوتنی هەرێمی كرودستان گرنگە و ناكرێ بەراوردی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی میسر و توونس بكرێ، چونكە كورد بۆ خۆی مێژوویەكی تایبەتی هەیە و بارودۆخی جیایە. هەروەها رایگەیاند، بەداخەوە لە هەندێ میدیاكانەوە هەڵسەنگاندن و شیكاری هەڵە بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكرێ.

لەلای خۆیەوە بەڕێز مسروور بارزانی سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە یەكگرتووی و یەكڕیزی زیاتر هەیە، نەك لێكترازان، بۆیە هەر جۆرە هەوڵێك بۆ لێكترازانی ریزەكانی هەرێم و سەقامگیر، لەلایەن جەماوەری كوردستانەوە رەتدەكرێتەو، لەبارەی خۆنیشاندانەكانی سلێمانیەوە، بەڕێز مسروور بارزانی رایگەیاند، خەڵكی ئێمە مافی خۆیانە نیگەرانیان هەبێت و داوای خزمەتگوزاری زیاتر بكەن و دژی گەندەڵی بوەستنەو و ئێمە پشیتوانی لە داخوازییەكانی خەڵكی خۆمان دەكەین، بەڵام هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەجێندای سیاسیان تێكەڵ بە داوای خەڵك كردووە و دەیانەوێت دوور لە مەرجەعیەتی خەڵك و میكانیزمی دیموكراسی، رای كەمینەی خۆیان بەسەر خەڵك و دامەزراوە دەستورییەكان بسەپێنن بۆ دەستكەوتی حزب. هەروها بەڕێزیان رایگەیاند، بۆ ئێمە خەڵكی كوردستان مەرجەعە و هیچ شەرعیەتێك لەسەرووی ئەو شەرعیەتەوە نییە كە لە خەڵكەوە بێت.
Top