به‌ 67 ده‌نگی په‌رله‌مان متمانه‌ درایه‌وه‌ به‌ دكتۆر به‌رهه‌م

به‌ 67 ده‌نگی په‌رله‌مان متمانه‌ درایه‌وه‌ به‌ دكتۆر به‌رهه‌م
گوڵان- كه‌مێك به‌ر له‌ ئێستا دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌واو بوو كه‌ بانگێشتی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرابوو بۆ به‌دوواداچوون له‌ خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی و داوای خه‌ڵك.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكە پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رای گەیاند، من ئامادەم بۆ هەر بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان و لەوانە دەست لەكاركێشانەوە.

كۆبوونەوەكەی پەرلەمان لەكاتژمێر 17 ی رۆژی چوارشەممە دەستی پێكرد و لە سەرەتای رۆژی پێنجشەممە واتە نزیك كاتژمێر یەكی شەو بەكۆتا هاتوو و دووای بەدواداچوون و گفتوگۆ لەسەر كابینەكەی دكتۆر بەرهەم بەگشتی و رووداوەكانی دووای 17-3 بەتایبەتی كرا و، كۆتایی كۆبوونەوەكە بەدەنگدان لەسەر متانە پێبەخشینەوە بە سەرۆكی حكومەت تەواو كرا و، تێیدا بە 67 دەنگی ئامادەبووان متمانەی پێبەخشراو 28 پەرلەمانتاریش دەنگیان لەسەر متمانە لێسەندنەوەی دا..

ڕۆژی 17ی مانگی رابردوو (شوبات/فێبرایەر) سەدان كەس بۆ دەربڕینی پشتگیری لە راپەڕینی تونس و میسر و داواكردنی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، خۆپێشاندانێكیان لە بەردەركی سەرا لە سلێمانی ساز كرد، بەڵام دواتر رێڕەوی خۆپێشاندانەكە گۆڕا و خۆپێشاندەران بەردبارانی لقی 4ی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و بەو هۆیەوە تەقە كرا و لە ئەنجامدا كەسێك كوژرا و 57ی تریش بریندار بوون، دواتر 2 لە بریندارەكان گیانیان لە دەست دا.

پەرلەمان پێشتر لە بڕیارێكدا داواى سەركۆنەى تەقەكردن لە خۆپێشاندەران و هەڵكوتانە سەر بارەگا حزبی و رەسمییەكان، ئازادكردنى گیراوانى خۆپێشاندەر، كێشانەوەى ئەو هێزە سەربازییانەى براونەتە سلێمانى، هێزى پێشمەرگە دووربێ لە ململانە سیاسییەكانى ناوخۆ، لێكۆڵینەوە لەو كەمتەرخەمییانەى لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە لە رووداوەكاندا كراوە، حكوومەت كارى رژد بكا بۆ باشتركردنى بارى خزمەتگوزارییەكان و گوزەرانى خەڵك.

كۆبوونەوەى ئەمڕۆ چوارشەمی پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی سەرجەم فراكسیۆنەكان و بەمێوانداریكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دۆخی ئێستەى هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
Top