راوێژكاری سه‌رۆكی توركیا: هه‌ماهه‌نگییه‌كی سێ قۆڵی له‌ نێوان توركیاو عێراق و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ بۆ له‌ ناوبردنی په‌كه‌كه‌

راوێژكاری سه‌رۆكی توركیا: هه‌ماهه‌نگییه‌كی سێ قۆڵی له‌ نێوان توركیاو عێراق و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ بۆ له‌ ناوبردنی په‌كه‌كه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا گه‌وره‌ راوێژكاری سه‌رۆكی توركیا ئه‌رشه‌د هۆرموزلۆ رایگه‌یاند هه‌ماهه‌نگییه‌كی سێ قۆڵی له‌ نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی توركیاو ولاَته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ بۆ له‌ ناوبردن و بنه‌برِكردنی چالاكییه‌كانی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا له‌ قولاَیی خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ دژی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هۆرموزلۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌وان ته‌نیا بۆ لێدانی په‌كه‌كه‌ ده‌چنه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كیش خۆیان ده‌پارێزن له‌ هه‌ر زه‌ره‌رو زیانێك كه‌ به‌ر هاولاَتیان و موڵك و ماڵیان ده‌كه‌وێت.

ناوبراو دووپاتیشی كرده‌وه‌ پرسی له‌ناوبردنی تیرۆر نه‌ك هه‌ر ته‌نیا پرسێكی گرنگه‌ به‌ نیسبه‌ت توركیا به‌ڵكو پرسێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ نه‌ك هه‌رته‌نیا له‌سه‌ر توركیا پێویسته‌ رووبه‌رِووی تیرۆر ببێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش كار له‌ پێناو بنه‌برِكردن و له‌ ناوبردنی بكات.
Top