له‌ كۆشكی ئێلیزێ، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد

له‌ كۆشكی ئێلیزێ، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد
بۆ جارێكی دیكه‌ ده‌رگای ئێلیزێ كۆشكی كۆماری فه‌ره‌نسا له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان و له‌ویشه‌وه‌ به‌ ڕووی گه‌لی كوردستاندا كرایه‌وه‌ ، رێوشوێنه‌ كارپێكراوه‌كانی ئێلیزێ و برنارد كۆشنه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و گه‌وره‌ به‌رپرسانی كۆشك بۆ پێشوازی كردنی سه‌رۆك بارزانی ئاماده‌بوون، له‌ نێو كۆشكیش نیكۆڵا ساركۆزی سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا پێشوازی له‌ میوانی ڕه‌سمی وڵاته‌كه‌ی كرد و له‌ دیدارێكی یه‌ك سه‌عاتیدا زۆر ته‌وه‌ری تایبه‌تمه‌ند به‌ هه‌ردوولادا باسكران كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان یه‌كه‌میان بوو، ساركۆزی هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی و بووژاوه‌ی ئابووری كه‌ جێگای بایه‌خی فه‌ره‌نسایه‌ و وه‌سف كردو ، بارزانیش فه‌ره‌نسای وه‌ك وڵاتێكی دۆست كه‌ ده‌كرێت له‌ كایه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كاندا سوودێكی به‌رچاو به‌ هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت له‌ قه‌ڵه‌مدا.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به‌ گرینگیه‌وه‌ له‌ بنیادنانی په‌یوه‌ندیه‌كی توندی سیاسی و ئابووری له‌ نێوان هه‌رێم و فه‌ره‌نسا دواو ، سه‌رۆكی كوردستانیش واڵایی تێكڕایی ده‌رگاكانی هه‌رێمی بۆ دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا دووپات كرده‌وه‌ .

ساركۆزی ڕاشكاوانه‌ رایگه‌یاند: فه‌ره‌نسا به‌ هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ كوردستان خۆشحاڵه‌ و به‌ بایه‌خه‌وه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم دووپات ده‌كاته‌وه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی عێراقیش سه‌رۆك بارزانی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تی تازه‌ی فیدراڵی و هه‌نگاوه‌كانی شیكرده‌وه‌، سه‌رۆك ساركۆزیش ڕۆڵی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و سه‌رخستنی قۆناغه‌كانیدا به‌ كاریگه‌ر لێكدایه‌وه‌.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا زه‌روره‌تی عێراقێكی دیموكراتی و فره‌یی كه‌ تیایدا خه‌ڵكی كوردستان ئازادو ئاسووده‌بن وه‌ك هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی وڵاته‌كه‌ی دووپات كرده‌وه‌ .

سه‌رۆكی هەرێمی كوردستانیش مانه‌وه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتووی سه‌قامگیری به‌ دیموكراتیه‌ت و فره‌یی و فیدراڵی وڵاته‌كه‌وه‌ گرێدا .

به‌ لای ساركۆزیه‌وه‌ ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ بنیادنانی عێراقێكی دیموكراتی فره‌یی ڕۆڵێكی كاریگه‌ر بوو .

سه‌رۆك بارزانیش ئاماده‌یی خۆی و هه‌رێمی كوردستانی بۆ عێراقێك كه‌ له‌ دیكتاتۆر خاڵی بێت نیشاندا .

له‌ كۆتاییشدا نیكۆڵا ساركۆزی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئاره‌زووی خۆی بۆ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ، سه‌رۆك بارزانیش خۆشحاڵی خۆی و گه‌لی كوردستانی بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ نیشانداو بانگهێشتی ڕه‌سمی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسای بۆ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان كرد.
Top