بارزانی له‌گه‌ڵ ساكۆزی كۆده‌بێته‌وه‌

بارزانی له‌گه‌ڵ ساكۆزی كۆده‌بێته‌وه‌
برِیاره‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ سه‌ركی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ردانێكی بگاته‌ وڵاتى فه‌رِه‌نسا، و چاوی به‌گه‌روه‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌وێت.

به‌رِێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپا، برِیاره‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌سه‌ردانێك بگاته‌ پاریسى پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌رِه‌نسا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، و چه‌ندین به‌رپرسی باڵاى تری ئه‌و وڵاته‌ كۆببێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆژی چوارده‌ی ئه‌م مانگه‌ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی نیكۆلا ساركۆزی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ده‌گاته‌ پاریسی پایته‌خت، ئه‌و سه‌ردانه‌ش تا حه‌ڤده‌ی مانگ به‌رده‌وامی ده‌بێت.


گوته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، كه‌ شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌یاوه‌ری وه‌زیری كشتوكال و ئاودێری و وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ، سه‌ردانی فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ن.


هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندووه‌، كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، له‌گه‌ڵ نیكۆلا ساركۆزی سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا و بێرنارد كۆشنه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بێته‌وه‌.


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندووه‌ سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌ دێرینه‌كانی نێوان وڵاتی فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دۆستی بنیاتنراون، پته‌وتر ده‌كا. و ئه‌و سه‌ردانه‌ش به‌ ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ وه‌سفكردووه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فه‌ره‌نسا و عێراق به‌گشتی.
Top