سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆبۆوه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆبۆوه‌
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی هه‌ردوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی مه‌سیحی و پارتی سۆسیالیستی مه‌سیحی فه‌رمانڕه‌واوه‌ كۆبۆوه‌.

مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای فیدرالی كرد و له‌وێش له‌ لایه‌ن سه‌رۆك و ئه‌ندامانی هه‌ردوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی مه‌سیحی و پارتی سۆسیالیستی مه‌سیحی فه‌رمانڕه‌واوه‌ پێشوازییان لێكرا.

دواتریش به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران كۆبوونه‌وه‌یه‌ك سازكرا، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس له‌ره‌وشی گشتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و رۆلی ئه‌ڵمانیا له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئابووری له‌عێراق كرا.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كورته‌باسێكی سه‌باره‌ت به‌باری سیاسی و سه‌قامگیریی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رگای كوردستان والایه‌ بۆ سه‌رمایه‌گوزارانی بیانی بۆ ئه‌وی رۆلی خۆیان له‌پێشخستنی هه‌رێم ببین.

سه‌رۆك و ئه‌ندامانی هه‌ردوو فراكسیۆنی فه‌رمانره‌واش پشتیوانیی خۆیان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و كوردستان و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان نیشاندا.

هاوكات ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار كه‌ پێشتر سه‌ردانی كوردستانیان كردبوو شاهێدی خۆیان له‌باره‌ی ئه‌وباره‌ سه‌قامگیره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی و ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌ی له‌رووی دیموكراتی و ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ به‌خۆوه‌ی بینیوه‌ خسته‌روو .

هه‌روا په‌رله‌مانتاران ئاماژه‌یان به‌و رۆله‌ گرنگه‌ كرد كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا هه‌یه‌تی.

هه‌ر له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ ئه‌ڵمانیا، مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، له‌لایه‌ن (گاید ویسته‌ر ویللا) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیای فیدراڵ پێشوازیی لێكرا.

له‌دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستانی عێراق و ئه‌ڵمانیا له‌گشت بواره‌كانی سیاسی و ئابووری باسی لێوه‌كرا.

هه‌روه‌ها بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌رووی سه‌قامگیریی و پێشكه‌وتنی ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كورته‌ باسێكی سه‌باره‌ت به‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی هه‌رێم له‌گشت بواره‌كان و ره‌وشی سیاسی عێراق به‌گشتی باس كرد.
Top