سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر تۆپباران و به‌زاندنی سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێ

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر تۆپباران و به‌زاندنی سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێ
ئه‌مڕۆ 7/6/2010 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو به‌ڕێزان جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆمار و نوری ئه‌لمالیكی سه‌رۆك ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئێراقی فیدڕاڵ نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر تۆپبارانكردن و به‌زاندنی سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ ده‌ربڕی، كه‌ له‌ ئاكامدا به‌سه‌دان خێزانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ربه‌ده‌ر بوونه‌ و هاوكات بۆته‌ هۆی رووخاندنی ژماره‌یه‌ك قوتابخانه‌ و پردی ناوچه‌كه‌ و ژماره‌یه‌ك خانووی هاووڵاتیانیش رووخاون و شه‌هید و برینداری هاووڵاتی مه‌ده‌نی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

هه‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌‌دا سه‌رۆك بارزانی داوای كرد به‌ زووترین كات به‌ مه‌به‌ستی راگرتنی ئه‌و تۆپبارانه‌ ته‌داخول بكه‌ن، چونكه‌ پاراستنی سنووره‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدڕاڵه‌.

جێی باسه‌ ماوه‌یه‌كه‌ سوپای ئێران كه‌وتۆته‌ تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌درێژایی سێ كیلۆمه‌تریش بنكه‌ و باره‌گایان له‌ناو سنووری ره‌سمی ئێراقی فیدڕاڵ داناوه‌.
Top