سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بانگهێشتی فه‌رمی گه‌یشته‌ ئه‌لمانیا

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بانگهێشتی فه‌رمی گه‌یشته‌ ئه‌لمانیا
به‌بانگهێشتی فه‌رمیی حكومه‌تی ئه‌لمانیا ، ئێواره‌ی ئه‌مرۆ به‌رێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ به‌رلین و له‌ فرۆكه‌خانه‌ش له‌لایه‌ن گه‌وره‌به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لمانیا و بالیۆزی عێراق له‌م ولاته‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.

پێشتر به‌ سه‌ردانێكی سێ رۆژه‌ ، به‌رێز مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشته‌ توركیا و له‌ لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و چه‌ند به‌رپرسێكی تری توركیا پێشوازیی لێكراو له چه‌ند ‌دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا به‌گشتی و هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان و توركیا به‌تایبه‌تی گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و باسیش له‌چۆنییه‌تی پێشخستنی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرایه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ به‌رپرسه‌ بالاكانی توركیا ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك بارزانییان به‌ گرنگ و پربایه‌خ وه‌سفكرد و خوازیاربوون سه‌ردانی دیكه‌ی به‌دوادا بێ .

دواتر سه‌رۆك بارزانی ولاتی توركیای جێهێشت و ئێواره‌ی ئه‌مرۆ به‌ بانگهێشتی فه‌رمی گه‌یشته‌ ولاتی ئه‌لمانیا و بریاریشه‌ چه‌ند رۆژێكی تر به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی بگاته‌ ولاتی فه‌ره‌نسا و له‌گه‌ل به‌رپرسه‌ بالاكانی ئه‌و وولاته‌ش چه‌ندین پرسی گرنگ تاوتوێ بكات .
Top