سه‌رۆك كۆماری توركیا پێشوازی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد

سه‌رۆك كۆماری توركیا پێشوازی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد
له‌به‌رده‌وامی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ توركیا ، ئه‌مرۆ له‌ كۆشكی كۆماری هوبه‌ر عه‌بدوللا گویل سه‌رۆك كۆماری توركیا پێشوازیی له‌به‌رێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد .

له‌دیداره‌كه‌دا وێرای خۆشحالیی به‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا ، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا به‌گشتی و هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان و توركیا به‌تایبه‌تی گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و باسیش له‌چۆنییه‌تی پێشخستنی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرا .

سه‌رۆك كۆماری توركیا ئه‌م سه‌ردانه‌ی به‌گرنگ و پربایه‌خ وه‌سفكرد و خوازیاربوو سه‌ردانی دیكه‌ی به‌دوادا بێ .

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا ته‌ئكید له‌وه‌كرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ردانانه‌ گاریگه‌ریی ئه‌رێنیان به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ردوولاوه‌ ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای دراوسێیه‌تی و رێزگرتن له‌یه‌كتری و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش .
Top