سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بارەگای سەرەكی تۆسیاد دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بارەگای سەرەكی تۆسیاد دەكات
دوێنێ شەممە 5/6/2010 لە ئەستەنبۆڵ و لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ توركیا، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بارەگای سەرەكی سەنتەری خاوەنكارە بازرگانی و پیشەسازییەكانی توركیای كرد كە بە تۆسیاد ناسراوە.

لەدیدارەكەدا لەگەڵ سەرۆك و ئەنجومەنی سەنتەرەكە و ژمارەیەك لە بزنسمان و بازرگان و پیشەسازی توركیا باسیان لە چۆنیەتی ئۆركانیزەكردنی پەیوەندیی بازرگانی و پیشەسازیی نێوان هەرێم و توركیا و هەوڵەكان بۆ فراوانكردنی پرۆسەی بازرگانی و پیشەسازیی نێوان هەردوولادا كرد.

هەر لەو بارەیەوە فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گوتی: تۆسیاد ئەو رێكخراوەیە كە نوێنەری بازرگانەكان و خاوەن پیشەكان لە توركیایە و یەكێكە لەو رێكخراوە گەورانەی كە كاریگەری هەیە لەسەر ئابووری توركیا، هەروەها یەكێكە لەو رێكخراوانەی كە زۆربەی پەیوەندیی ئابووری توركیا رێكدەخات لەگەڵ وڵاتانی دیكە، وا دیارە لە كوردستانیش نوێنەریان هەیە كە وەبەرهێنان دەكەن.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بەشدارییانكرد، كۆمەڵێك تەوەر باسكران، یەكێك لەو تەوەرانە باس لە سیاسەتی گشتی و پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بوو لە بواری سیاسی، دواتر بەشێوەیەكی گشتی باسی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و رۆڵی كۆمپانیا وەبەرهێنە توركییەكان لە هەرێم خرایە بەرباس.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم گوتیشی: خاڵێكی دیكە كە جەختی لەسەر كرایەوە پەیوەندی هەبوو بە نەوت و غاز و پەیوەندیی نێوان توركیا هەرێمی كوردستان لەو بارەوە و پەیوەندیی نێوان توركیا و عێراق لەبارەی نەوت و غاز.
Top