له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكى په‌رله‌مان سه‌رپه‌رشتى كۆبونه‌وه‌ى ئیئتیلافى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان ده‌كات

له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكى په‌رله‌مان سه‌رپه‌رشتى كۆبونه‌وه‌ى ئیئتیلافى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان ده‌كات
له‌سه‌ر داواى رێزدار سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێنچ شه‌ممه‌ 3/6/2010 به‌سه‌رپه‌رشتى دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان كۆبونه‌وه‌ى ئیئتیلافى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان به‌رێوه‌ چوو.

له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ كه‌ دكتۆر محموود عوسمان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى نێو ئیئتیلافى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان ئاماده‌بوون، پرسیی دوا پێشهاته‌ سیاسیه‌كانى عیراق و هه‌وڵه‌كان بۆ نزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌ براوه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق گفتوگۆگۆیان له‌سه‌ر كرا، تاوه‌كو لایه‌نه‌كانى نێو ئیئتیلافى فراكسیۆنى كوردستانى به‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست، به‌پێى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى كه‌ ئاماده‌یان كردووه‌ روو له‌به‌غدا بكه‌ن بۆ گفتوگۆو دانوستان له‌گه‌ڵ كوتله‌ و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ براوه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراقى.

هه‌ر له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌كان به‌ هه‌مان گوڕ و تین، یه‌ك هه‌ڵوێستى خۆیان نیشان دا و ئاماده‌ییان ده‌ربڕى بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك یه‌ك تیم روو له‌به‌غدا بكه‌ن و گفتوگۆكان ده‌ست پێ بكه‌ن، هاوكات له‌باره‌ى پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كانى گه‌لى كوردستان و داخوازیه‌ ره‌واكانى یه‌ك هه‌ڵوێست بوون وه‌ك چۆن له‌كارنامه‌ى ئیئتلافى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانیشدا هاتوه‌و به‌كۆى ده‌نگ جه‌ختیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێرراوه‌كان و له‌پێش هه‌مووشیان كێشه‌ى كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كرده‌وه‌،بۆ چاكردنه‌وه‌ى بارى دیموگرافى ئه‌و شارانه‌ى له‌سه‌رده‌مى رژێمى دیكتاتۆرى له‌رووى دیمۆگرافیه‌وه‌ شێوێنراون، له‌وانه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ى چه‌مچه‌ماڵ و كفرى و دوز و كه‌لار بۆ سه‌ر كه‌ركوك و جێبه‌جێ كردنى ماده‌ى 140 به‌پێى ده‌ستورى عیراق و یاساى نه‌وت و غاز و پرسیی پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ و ئه‌نجام دانى سه‌ر ژمێرى و پابه‌ندبوونى ته‌واو به‌ ده‌ستورى عیراقى فیدراڵ و هاوبه‌شیى راسته‌قینه‌.
Top