ئاشتی‌ هه‌ورامی‌: پشكی‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی ریلاینس ئیندۆستری‌ كه‌منه‌كراوه‌ته‌وه‌

ئاشتی‌ هه‌ورامی‌: پشكی‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی ریلاینس ئیندۆستری‌ كه‌منه‌كراوه‌ته‌وه‌
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "زه‌ تایمز ئۆف ئێندیا"ی‌ هیندی‌ له‌ڕاپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریداوه‌ پشكی‌ كۆمپانیای نه‌وتی‌ "ڕیلاینس ئیندۆستری‌" هیندی‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 80% كه‌مبكاته‌وه‌، وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌لای‌ خۆیه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی‌ ڕه‌تكرده‌وه‌.

ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ڕايگه‌یاند، ئه‌و هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌‌و پشكی‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ (ڕیلاینس ئیندۆستری‌) هیندی‌ جێگیره‌ ‌و هیچ گۆڕانكارییه‌كی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، كۆمپانیای‌ (ڕیلاینس ئیندۆستری‌) له‌ساڵی‌ 2006 ه‌وه‌ نوسینگه‌ی‌ خۆی‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر كردووه‌ته‌وه‌ ‌و له‌چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا سه‌رقاڵی‌ كاری‌ توێژینه‌وه‌ ‌و گه‌ڕان ‌و لێدانی‌ بیره‌ نه‌وت بووه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، وتیشی‌:"هیچ هۆكارێك له‌ئارادانیه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پشكی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌".

پێشتر ڕۆژنامه‌ی‌ (زه‌ تایمز ئۆف ئێندیا)ی‌ هیندی‌ له‌ڕاپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریداوه‌ پشكی‌ كۆمپانیای نه‌وتی‌ (ڕیلاینس ئیندۆستری‌) هیندی‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 80% كه‌م بكاته‌وه‌ ‌و له‌به‌رامبه‌ردا 20%ی‌ ئه‌و پشكه‌شی‌ به‌خشیووه‌ته‌ كۆمپانیای‌ (ئۆ ئێم ڤی‌ پترۆڵیۆم)ی‌ نه‌مسایی‌، كه‌ كاره‌كانی‌ تایبه‌ته‌ به‌گه‌ڕان به‌دوای‌ نه‌وتی‌ خاودا له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا.
Top