سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بانگهێشتێكی فەرمیی سەردانی توركیا وفەرەنسا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بانگهێشتێكی فەرمیی سەردانی توركیا وفەرەنسا دەكات
بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 2/6/2010 لەسەر بانگهێشتێكی فەرمیی كە لەلایەن حكوومەتی توركیاوە ئاراستەی بەڕێزیان كرابوو بەرەو وڵاتی توركیا بەڕێكەوت.

لەمبارەیەوە فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەممە 2/6/2010 سەرۆك بارزانی لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتییەوە هەرێمی كوردستانی جێهێشت و لەسەر بانگهێشتێكی فەرمیی بەسەردانێك بەرەو توركیا بەڕێكەوت كە چەندین رۆژ دەخایەنێ وشاندێكی پایەبڵندی حكوومی و سیاسی یاوەریی بەڕێزیان دەكەن لەم سەردانەدا كە ئەوە یەكەمین جارە سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەو وڵاتە دەكات.

فوئاد حوسێن هەروەها گوتی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان وشاندی یاوەری لەم سەردانەیاندا بۆ ئەنقەرە چاویان بە بەڕێز عەبدوڵڵا گویل سەرۆكی توركیا وبەڕێزان رەجەب تەییب ئەردۆگان سەرۆكوەزیرانی توركیا و ئەحمەد داود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا وژمارەیەك بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە دەكەوێ.

فوئاد حوسێن لە لێدوانەكەیدا ئاشكرای كرد وگوتی: سەرۆك بارزانی و شاندی هاوڕێی لە دیدار و كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی توركیا چەندین پرسی گرنگ و بایەخداری وەكو بواری ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا بە گشتی و لە نێویاندا هەرێمی كوردستان بە تایبەتی تاوتوێ دەكەن، وێڕای باسكردنی كێشەو پێشێلكارییە سنوورییەكان.

هەروەها فوئاد حوسێن خستییەڕوو كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو سەردانە فەرمییەیدا چاوی بە دیپلۆماتكاری چەندین وڵاتی دۆست دەكەوێ كە باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەیان لە ئەنقەرە هەیە، بێجگە لەوە سەرۆك بارزانی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ ژمارەیەك خاوەنكار و دامودەزگا ئابوورییەكانی توركیا سازدەكات و بەڕێزیان چاویشی بە كەناڵەكانی میدیا و راگەیاندنەكانی ئەو وڵاتەش دەكەوێ.

لەدرێژەی لێدوانەكەیدا فوئاد حوسێن گوتی كە سەرۆك بارزانی و شاندێكی یاوەری هەر لە چوارچێوەی ئەم سەردانەیاندا بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان ولەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆكی فەرەنسا، بەڕێزیان بەرەو پاریس بەڕێ دەكەون وبڕیار وایە چاویان بە بەڕێزان نیكۆلا ساركۆزی سەرۆكی فەرەنسا و بێرنارد كۆشنەر وەزیری دەرەوە و ژمارەیەك بەرپرسانی ئەو وڵاتە بكەوێ.

بەپێی لێدوانەكەی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی چەندین پرسی جیاجیا وبابەتی گرنگ و جێبایەخی هەردوولا لەگەڵ بەڕێز ساركۆزی و بەرپرسانی دیكەی فەرەنسا تاوتوێ‌ دەكات، وەكو پرسی پەیوەندییە ئابووریی و كەلتوورییەكانی نێوان عێراق و فەرەنسا بە شێوەیەكی گشتی وپەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا بە تایبەتی.

شایانی باسە كە ئەو دوو شاندە پایەبڵندەی یاوەریی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن لەم سەردانە فەرمییەیدا بۆ توركیا و فەرەنسا پێكهاتووە لەبەڕێزان سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزیری پەروەردە و وەزیری سامانە سروشتییەكان و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و وەزیری كشتوكاڵ و ئاودێری و وەزیری شارەوانی وگەشتوگوزار و ژمارەیەك لە راوێژكاران.
Top