فیدراسۆنی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان، نامه‌یه‌كی ناره‌زاییان به‌رامبه‌ر به‌ تۆپبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ داوه‌ته‌ كونسوڵگه‌ریی كۆماری ئیسلامی ئێران

فیدراسۆنی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان، نامه‌یه‌كی ناره‌زاییان به‌رامبه‌ر به‌ تۆپبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ داوه‌ته‌ كونسوڵگه‌ریی كۆماری ئیسلامی ئێران
هه‌ولێر - سامان

سه‌رۆكی فیدراسۆنی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان، دووشه‌ممه‌، رایگه‌یاند نامه‌یه‌كی ناره‌زاییمان به‌رامبه‌ر به‌ تۆپبارانكردنی خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ داوه‌ته‌ كونسوڵگه‌ریی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ كوردستان.

عه‌دنان عوسمان سه‌رۆكی فیدراسۆنی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌ گه‌ل به‌رپرسانی كونسوڵگه‌ریی ئێران له‌ كوردستان به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند" ئه‌مرِۆ (دووشه‌ممه‌)،به‌ یاوه‌ری شاندێكی فیدراسۆن سه‌ردانی كونسوڵگه‌ریی كۆماری ئیسلامی ئێرانمان كردووه‌، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ناوی فیدراسۆنه‌وه‌ نامه‌یه‌كی ناره‌زاییمان به‌ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانداوه‌، تێیدا داوامان كردووه‌ ئه‌و تۆپبارانكردنه‌ی ناوچه‌ سنووریه‌كانی كوردستان له‌ لایه‌ن تۆپخانه‌كانی سوپای ئه‌و ولاَته‌ رابگیرێت".

روونیشیكرده‌وه‌" ئه‌و تۆپبارانكردنه‌ بۆته‌ هۆی ئاواره‌بوونی هاوولاَتیانی سیڤڵی ناوچه‌كه‌ء زیانێكی زۆری داراییشیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌تایبه‌ت له‌تۆپبارانكردنه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو ئافره‌تێك شه‌هید بووه‌ و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوونه‌".

وتیشی" به‌رپرسانی كونسوڵگه‌ریی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڵێینی ئه‌وه‌یان به‌ ئێمه‌داوه‌ كه‌ ئه‌و نامه‌ ناره‌زاییه‌ به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و ده‌گه‌یه‌نرێته‌ به‌رپرسانی بالاَی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ته‌هران.
ئاماژه‌یبه‌وه‌شدا" له‌ نامه‌كه‌ماندا داوامان كردووه‌ ده‌ستبه‌جێ تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی كوردستان له‌ لایه‌ن تۆپخانه‌كانی ئێرانه‌وه‌ رابگیرێت، چونكه‌ ئه‌م ره‌وشه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زیانی به‌ هاوولاَتیانی سڤیڵی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌ هیچ خزمه‌تێك به‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نێوان كوردستان و ئێران ناكات.
فیدراسۆنی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی كوردستان، پتر له‌100رێكخراوی ناحكومی له‌ كوردستان له‌ خۆده‌گرێت.
Top