حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات ده‌ستبه‌جێ تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی كوردستان رابگیرێت

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات ده‌ستبه‌جێ تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی كوردستان رابگیرێت
هه‌ولێر - سامان

وته‌بێژێك به‌ناوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، دووشه‌ممه‌، وێرِای نیشاندانی نیگه‌رانیی به‌رامبه‌ر به‌ تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنووریه‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن تۆپخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌، داوای ده‌ستبه‌جێ راگرتنی تۆپبارانكردنی خاكی كوردستان ده‌كات.

له‌ به‌شێكی لێدوانه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌" حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نیگه‌رانه‌ به‌هۆى به‌رده‌وامبوونى تۆپباران كردنى ناوچه‌ سنورییه‌كانى كوردستان له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ كه‌ بۆته‌ هۆى شه‌هیدكردن و برینداركردنى كه‌سانى مه‌ده‌نى".

ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌" ئه‌م كاره‌ و به‌رده‌وامبوونى پێشێل كردنێكى روونى سه‌روه‌رى خاكى عیراق و پرنسیپه‌كانى یاساى نێوده‌وڵه‌تى و په‌یماننامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌ و، له‌گه‌ڵ نه‌ریته‌كانى دراوسێتى ناگونجێ و به‌پێچه‌وانه‌ى خولیاى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانى له‌گه‌ڵ دراوسێ كاندا به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێ. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جارێكى دیكه‌ داوا له‌ حكومه‌تى كۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌كات كه‌ ده‌ستبه‌جێ تۆپبارانكردنى ناوچه‌ سنورییه‌كان راگرێ و له‌ رێگاى ووتووێژى راسته‌وخۆ و لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ هه‌ر گرفتێك هه‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێ".

وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا حكومه‌تی عێراقیش ده‌كات هه‌وڵه‌كانی بۆ راگرتنی ئه‌و تۆپبارانكردنه‌ بخاته‌گه‌رِ" حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داوا له‌ حكومه‌تى عیراقى فیدراڵ ده‌كات كه‌ له‌ رێگاى كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ كارى پێویست ئه‌نجام بدات و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌ حكومه‌تى كۆمارى ئیسلامى ئیران بكات بۆ هه‌مان مه‌به‌ست".
Top