سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بازرگانی سوید دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بازرگانی سوید دەكات
ئەمرۆ یەك شەممە 30/5/2010 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە خاتوو ئێوا بیۆرلینگ وەزیری بازرگانی سوید و شاندێكی گەورەی یاوەری كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك بزنسمان و وەبەرهێنەر و كۆمپانیاكانی وڵاتی سوید.

لە دیدارێكدا كە بەرێز سینان چەلەبی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسان ئامادەی بوون ، وەزیری بازرگانی سوید وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان ، ئاماژەی بەوەكرد كە وڵاتەكەی خوازیارە باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ببەستێ‌ و ژمارەیەكی زۆری وەبەرهێن و بزنسمان و كۆمپانیای سویدی بێنە كوردستان و كاری تیا بكەن و ئەم سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستانیشی بە هاندەرێكی سەرەكی دانا بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان و وەگەڕخستنی سەرمایەی سویدی لە هەرێمدا و هیوای خواست كە ئەم سەردانە سەردانێكی بەرهەمهێنی بێت.

سەرۆك بارزانی ، وێرای بەخێرهێنانی وەزیری بازرگانی سوید و شاندە یاوەرەكەی رایگەیاند كە سوید وڵاتێكی پێشەنگ بوو لە پێشوازیكردنی كورد ، بۆیە وڵاتی سوید رێزێكی زۆری لە لای گەلی كوردستان هەیە و بە هەمان شێوە خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سویدا بەرەو پێشتر ببات ، بە تایبەتی ژینگەی بزنس و وەبەرهێنان لە كوردستاندا گونجاوە و بە بایەخەوەش دەروانڕێتە فراوانكردنی ئاستە جیاجیاكانی پەیوەندی نێوان هەر دوولا.

ئەمەو لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا و لە وەڵامی چەند پرسیارێكی وەزیری بازرگانی سوید ، سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر دوا پەرەسەندنەكانی رەوشی سیاسی عێراق و ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ و ئەگەرەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و بەرنامەی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە پێكهێنانی ئەو حكومەتە و لەم رووەوە بەرێزیان رایگەیاند كە هەرێم هیچ هێڵێكی سووری لەسەر هیچ كەسایەتی و لایەنێك دانەناوە و گرنگ لە لای ئێمە بەرنامەی حكومەتی نوێی عێراقە كە دەبێ‌ روون و ئاشكرا بێت و گوزاریشتیش لە تەواوی پێكهاتەكانی عێراق بكات، ئەمە سەرەڕای پابەندبوون بە دەستوور و شەراكەتی راستەقینە و زامن بوونی ئەم شەراكەتە.

تاوتوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ‌ بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەم رووەوەش وەزیری بازرگانی سوید خۆشحاڵی خۆی هەمبەر بە پێشوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا دەربڕی و سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆك بارزانیشی بۆ ئەو وڵاتە بە هەنگاوێكی گرنگ دانا لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە.
Top