سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمریكا دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمریكا دەكات
ئەمرۆ یەك شەممە 30/5/2010 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە هەر دوو كۆنگرێسمانی ئەمریكی لینكلن دێیڤیس و براین بێیرد و ئالن مایزینهایمەر راوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق.

لە دانیشتنێكدا ، پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان و ئەو میكانیزمانەی كە پەیوەستن بە پتەوكردنی ئەو پەیوەندییانە و هەروەها چەند پرسێكی گرنگی تر گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.

لە سەرەتای دانیشتنەكەدا، كۆنگرێسمان لینكلن دێیڤیس ، وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەیان بۆ هەرێمی كوردستان ، ئاماژەی بەوەكرد كە مەبەست لەو سەردانەیان پێشاندانی رێزوپێزانینی خۆیانە بۆ گەلی كوردستان و ئەو دۆستایەتیە پتەوەی كە هەر دوو گەلی كوردستان و گەلی ئەمریكا بەیەك دەبەستێتەوە و هەروەها بۆ ئامادەبوون لەو یادەوەرییەی كە بۆ قوربانیانی ئەمریكا سازدەكرێ‌ ویستمان لە نزیكەوە لەگەڵ هێزەكانماندا بەشداری ئەو یادەوەرییە بكەین.

سەبارەت بە كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەمەریكاش لە هەرێمی كوردستاندا ، كۆنگرێسمان لینكلن دێیڤیس رایگەیاند كە ئێمە داوامان لە كۆنگرێس كرد نووسینگەكەی خۆی لە هەولێر ، ئەو شارە دێرینەی جیهان بكاتە كونسوڵخانە و وەكو كۆمەڵەی دۆستایەتی ئەمەریكا و كوردیش ئێمە پشتگیریمان لەو بڕیارە كرد و هیواشی خواست كە ئەم بڕیارە هەنگاوی پراكتێكی بەدواوە بێت و بە زووترین كات بێتە جێبەجێكردن.

لە لایەن خۆیەوە كۆنگرێسمان براین بێیرد دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی كۆنگرێسمان لینكلن دێیڤیس و رایگەیاند كە ئێمە وەكو گەلی ئەمەریكا رێزوپێزانینێكی زۆرمان بۆ ئەو دۆستایەتییە هەیە كە هەر دوو گەلی كوردستان و ئەمەریكا بە یەكتر گرێدەدات و لە كۆنگرێسیشدا زۆر لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی كوردستان و عێراقین و خوازیارین ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان لە شوێنەكانی دیكەی عێراقدا سوودی لێ‌ وەربگیرێ‌ .

بە راستی كارێكی زۆری بیناسازیمان رەچاوكرد ، راستە كۆمپانیا بیانییەكان رۆڵێكی باشیان بینیوە ، بەڵام بێ‌ ئەو سەقامگیرییەی كە لە كوردستاندا هەیە مەحال بوو ئەو كۆمپانیانە بتوانن كاری بیناسازی و ئاوەدانكردنەوە ئەنجام بدەن و هەروا سەبارەت بە مافی تاك و ئەو ئازادییەی كە ئێوە بۆ میللەتەكەتان رەخساندووە ، ئەمە سەرەڕای ئەو پێكەوە ژیانەی هەرێمی كوردستان كە بوەتە جێی سەرنجی هەموومان .

سەرۆك بارزانی سوپاسی هەر دوو كۆنگرێسمانی كرد بۆ هەڵوێستیان سەبارەت بە كردنەوەی كونسوڵخانەیەكی ئەمەریكی لە هەرێمی كوردستاندا و رایگەیاند كە گەلی كوردستان شانازی بەو دۆستایەتیەی ئێوە دەكات و بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەش جێی رێز و پێزانینی گەلەكەمانە و بەرێزوپێزانینەوەش سەیری قوربانیەكانی ئێوە دەكات و بە خۆیشی لە پێناو رزگاركردنی عێراقدا هاوبەش بووە لەو قوربانیدانە.

ئەمەو لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا ، سەرۆك بارزانی دیدوبۆچوونی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی عێراق و هەڵبژاردن و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ‌ خستەڕوو.
Top