كه‌ركووكی: داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بخاته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كان بوه‌ستێنرێت

كه‌ركووكی: داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بخاته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كان بوه‌ستێنرێت
هه‌ولێر - سامان

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند داوامان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بخاته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كان له‌ لایه‌ن ولاَتانی دراوسێیه‌وه‌ بوه‌ستێنرێت.

ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دكتۆر كه‌مال كه‌ركووكی له‌ په‌راوێزی به‌رِێوه‌چوونی دووه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند" داوامان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بخاته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كان له‌ لایه‌ن ولاَتانی دراوسێیه‌وه‌ بوه‌ستێنرێت، چونكه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ زیان به‌ دراوسێیه‌تی نێوانمان ده‌دات و به‌ زیانه‌ بۆ هه‌ردوولامان و به‌رده‌وامی ئه‌و تۆپبارانكردنه‌ش نیگه‌رانی لای هاوولاَتیان دروست ده‌كات".
له‌ باره‌ی سه‌ردانی شاندی هاوپه‌یمانی فراكسۆنی كوردستانی بۆ شاری به‌غدا وتی" تا ئێسته‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ و هه‌ر كاتێك په‌سه‌ند كرا له‌ شاندی لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات كه‌ له‌ سه‌ر پێشنیازی جه‌نابی سه‌رۆكی كوردستان گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبونه‌وه‌ء پاش ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی بۆ دانرا".

ئاماژه‌ىبه‌وه‌شدا" دوای ئاشكراكردنی ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كان وه‌ك یه‌ك تیم ده‌ست به‌ گفتوگۆكردن له‌ گه‌ل لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئێمه‌ش وه‌كو هه‌رێمی كوردستان ئه‌جیندای خۆمان هه‌یه‌، وه‌ك پرسی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌رداره‌كان و چاككردنه‌وه‌ی دیموگرافیای شاری كه‌ركووك و گه‌رِانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابرِاوه‌كان به‌ سه‌ر پارێزگای كه‌ركووك، ئێمه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌داین ئه‌و زوڵمه‌ی لێمان كراوه‌ نه‌مینێت و ئه‌وكات باوه‌رِبوون دروست ده‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ بتوانین كار بكه‌ین ده‌بێت عێراقێكی ته‌وفقی بێت و پابه‌ند بێت به‌ ده‌ستوور، نابێت ره‌چاوی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ بكرِێت له‌ عێراق ، چونكه‌ كورد له‌ عێراق نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌ی گوتی"هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه‌ باس له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فراكسۆنی كوردستانییه‌كان ده‌كات، دڵنیام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداربوون له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ به‌ هه‌موو دڵسۆزییه‌وه‌ پێداگیرییان له‌سه‌ر یه‌كده‌نگی كورد نیشانداوه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌سه‌ر پرسی مادده‌ی140ء پرسه‌ ستراتیژییه‌كانی دیكه‌، بۆیه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فراكسۆنی كوردستانییه‌كان".
Top