سه‌رۆكی هه‌رێم له‌به‌رده‌م په‌ره‌له‌مان بارودۆخی عیراق به‌گشتی و هه‌رێم به‌تایبه‌تی رون ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێم له‌به‌رده‌م په‌ره‌له‌مان بارودۆخی عیراق به‌گشتی و هه‌رێم به‌تایبه‌تی رون ده‌كاته‌وه‌
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌رۆی ئه‌مرۆ 29/5/2010 به‌ئاماده‌بوونی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی د.كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئامادده‌بوونی د.ئه‌رسه‌لان بایز جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فرسه‌ت ئه‌حمه‌د سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ 14ی خولی گرێدانی دووه‌م له‌ساڵی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن به‌رێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رنامه‌ی كاری خوێنده‌وه‌، كه‌بریتیبوو له‌میوانداری رێزدار سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشكه‌شكردنی وتاری به‌رێزیان ده‌رباره‌ی باری گشتی له‌هه‌رێم وعیراق وسه‌ردانه‌كه‌ی به‌رێزیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لیست وفراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان، به‌خێرهاتنی رێزدار مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وشاندی یاوه‌ری كردو داواشی له‌سه‌رۆكی هه‌رێم كرد وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات.
له‌ده‌سپێكی وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌مینبه‌ری په‌رله‌مانه‌وه‌ دوا پێشهات و گۆرانكارییه‌كانی گۆره‌پانی سیاسی له‌عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌لأ ولاتانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی وبارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی روون بكاته‌وه‌.
سه‌رۆكی هه‌رێم له‌باره‌ی بارودۆخی هه‌نووكه‌ی عیراقه‌وه‌، رایگه‌یاند: دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان عیراق كه‌وتۆته‌ قه‌یرانه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو كورد هه‌ڵوێستمان روونه‌، كه‌نابینه‌ به‌شێك له‌كێشه‌كان و ده‌بینه‌ هۆكاری چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، له‌مڕووه‌شه‌وه‌ به‌رنامه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان روون وئاشكرایه‌و بۆ كورد كه‌سه‌كان گرنگ نین، به‌ڵكو به‌رنامه‌ی حكومه‌تی داهاتوو گرنگ وبایه‌خی هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی چاره‌نووسسازی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراقی.
له‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی توركیا، رایگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌ئاستێكی باشدان وده‌وڵه‌تی توركیاش رۆڵی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌گشتی وهه‌رێم به‌تایبه‌تی، بۆیه‌ به‌ره‌و پێشچوون وبه‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌لأ ئه‌م وڵاته‌دا ده‌بێته‌ هۆی زیاتر ئارامی وسه‌قامگیری وگه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری هه‌رێمه‌كه‌مان، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم به‌فه‌رمی بانگهێشتكراوین بۆ توركیاو له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانه‌كه‌مان ئه‌نجامده‌ده‌ین، ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ قوڵكردنه‌وه‌وبه‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان وزیاتر لێكتێگه‌یشتنه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی بۆ په‌رله‌مانتاران ئاشكرا كرد، كه‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی توركیا له‌به‌رنامه‌یدا سه‌ردانی وڵاتی فه‌رنساش بكات، كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن فه‌رنساوه‌ بانگهێشتكراوه‌ و ئه‌م سه‌ردانه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زیاتر لێكنزیكبونه‌وه‌ی فه‌رنساو هه‌رێم له‌گه‌لأ یه‌كتری.
ده‌رباره‌ی باوردۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌، كه‌ له‌سایه‌ی خوێنی شه‌هیدان وخه‌بات وتێكۆشانی گه‌ل، گه‌لێك ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ هاتوونه‌ته‌دی و هه‌رێم به‌ره‌وپێشوه‌چووه‌ به‌ڵام هه‌وڵێك له‌ئارادایه‌ بۆ به‌لا رێدا بردنی ئه‌و ئارامییه‌ و سه‌قامگیرییه‌ی هه‌یه‌و ده‌شیانه‌وێت وێنای راسته‌قینه‌ی هه‌رێم بشێوێنن و وای نیشان بده‌ن كه‌په‌شێویی وئاڵۆزیی بوونی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك راشیگه‌یاند: كه‌ رێز له‌ره‌خنه‌ی ئیجابی ده‌گیرێت به‌ڵام نابێت به‌ناوی ئازادی راده‌ربرینه‌وه‌ ئازادی خه‌ڵكی دیكه‌ پێشێڵ بكرێت.دوای كۆتای هاتنی وتاره‌كه‌ی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێمی كرد بۆ پێشكه‌شكردنی ئه‌و وتاره‌ به‌نرخه‌، دواتریش كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.
Top