راپۆرتێكى ئه‌مه‌ریكى : توركیا له‌ رێگه‌ى سیاسه‌ته‌ نوێیه‌كانى ، هه‌رێمى كوردستان له‌خۆده‌گرىَ

راپۆرتێكى ئه‌مه‌ریكى : توركیا له‌ رێگه‌ى سیاسه‌ته‌ نوێیه‌كانى ، هه‌رێمى كوردستان له‌خۆده‌گرىَ
ع.أ

په‌یمانگه‌ى ئاشتى ئه‌مه‌ریكى له‌ راپۆرتێكى تایبه‌تى خۆیدا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان توركیاو عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى و رۆڵ و كاریگه‌رى توركیا له‌ سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئاماده‌باشییه‌كانى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌جێهێشتنى خاكى عێراق.

راپۆرته‌كه‌ له‌ 20 لاپه‌رِه‌ پێكهاتووه‌و به‌ناونیشانى "گرنگى پێدانه‌ تازه‌كانى توركیا به‌ عێراق و له‌خۆگرتنى هه‌رێمى كوردستان " له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ى ئاشتى ئه‌مه‌ریكى بلاَوكراوه‌ته‌وه‌، به‌گشتى هۆكارى گورِانكارییه‌كانى سیاسه‌ته‌كانى توركیاو مه‌سه‌له‌ى سنورى ئه‌و ولاَته‌ به‌هه‌رێمى كوردستان وبژاره‌كانى مامه‌ڵه‌ى ئه‌نكه‌ره‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانى واشنتۆن ده‌خاته‌روو.

راپۆرته‌كه‌ گۆرِانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى سیاسه‌ته‌كانى توركیا به‌رامبه‌ر به‌ عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌باشترین گۆرِانكارى له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا ،كه‌ به‌گشتى ئامانج تێیاندا پاراستنى ئه‌و بارودۆخه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى 7 ساڵى رابردوو له‌ عێراق دروست بووه‌و هه‌رێمى كوردستانیش زه‌مینه‌ سازییه‌كى ته‌واوى هه‌بووه‌ له‌و نێوه‌نده‌دا ،كه‌ ئه‌مه‌ش دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر توركیا پێویست ده‌بێت رێز له‌و واقیعه‌ بگرىَ و له‌گه‌ڵیدا مامه‌ڵه‌یه‌كى ژیرانه‌ بكات.

راپۆرته‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ سه‌قامگیرى توركیا پێویستى راسته‌وخۆى به‌ هاوكارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ئاسایشى سنووره‌وه‌ هه‌یه‌.

راپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ هێنرى بێركى ئوستادى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ناوه‌ندى كۆهینى سه‌ر به‌ زانكۆى لیگ وتوێژه‌رێكى دیكه‌ى به‌شداربوو له‌په‌یمانگه‌ى كارنیجى بۆ ئاشتى جیهانى له‌ واشنتۆن و دوو توێژه‌رى دیكه‌ به‌ناوه‌كانى سكۆت لینسكى و فیب مایه‌ر نووسینه‌وه‌و شرۆڤه‌ى بۆ كراوه‌.

برِیاریشه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مى داهاتوودا به‌داوه‌تنامه‌یه‌كى فه‌رمى حكومه‌تى توركیا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مسعود بارزانى سه‌ردانى ئه‌و ولاَته‌ بكات كه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كى راسته‌وخۆیه‌ بۆ گرنگى پێدانى توركیا به‌هه‌رێمى كوردستان.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی راپۆرته‌كه‌ كلیك له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌:

http://www.usip.org/resources/turkey-s-new-engagement-in-iraq
Top