وه‌زیری ناوخۆ به‌جیا له‌گه‌ڵ جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکاو به‌رپرسی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ موسڵ کۆبووه‌وه‌

وه‌زیری ناوخۆ به‌جیا له‌گه‌ڵ جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکاو به‌رپرسی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ موسڵ کۆبووه‌وه‌
که‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆ له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، پێشوازیی له‌ پۆل برینکلی جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکاو سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و کاروباری بازرگانیی ئه‌مه‌ریکی له‌ عێراق و شاندێکی یاوه‌ری کرد.

له‌ سه‌ره‌تای دانیشتنه‌که‌، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریکا مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئه‌م سه‌ردانه‌ی روون کرده‌وه‌، که‌ زیاتر ئاشنابوونه‌ به‌ ره‌وشی هه‌رێمی کوردستان و له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ گونجاویی هه‌رێمی کوردستان بۆ وه‌به‌رهێنان و پته‌وکردنی په‌یوه‌ندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق به‌ گشتی و کوردستان به‌ تایبه‌تی.
خۆشحاڵیی خۆشیانی ده‌ربڕی به‌م ته‌ناهی و پێشکه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا به‌رچاو ده‌که‌وێت.

له‌ به‌رانبه‌ردا، وه‌زیری ناوخۆ باسی له‌ ره‌وشی ئارام و سه‌قامگیری ئه‌منی و جێگیریی هه‌رێمی کوردستان کرد، که‌ زه‌مینه‌یه‌کی له‌باری ره‌خساندووه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی وه‌به‌رهێنان و په‌یوه‌ندیی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کاڵا.
له‌م باره‌وه‌ش، وه‌زیری ناوخۆ داوای کرد حکومه‌تی ئه‌مریکا هانی بزنسمان و کۆمپانیاکان و که‌رتی تایبه‌ت له‌ ئه‌مریکا بده‌ن بێنه‌ هه‌رێمی کوردستان و کاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن، به‌ تایبه‌تیش که‌ هه‌رێمی کوردستان په‌یڕه‌وی بازاڕی ئازاد ده‌کات و یاسایه‌کی سه‌رده‌میانه‌ی بۆ وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌ که‌ ئاسانکاریی زۆری بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی تێدایه‌، ئاماده‌یی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تیشی نیشاندا بۆ هه‌ر هاوکاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك که‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ پێویست بێت.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، که‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆ له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، پێشوازیی له‌ جه‌نه‌راڵ ڤاندل به‌رپرسی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ موسڵ و شاندێکی یاوه‌ری کرد.
له‌ دانیشتنێکدا، ئه‌منییه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌ گشتی و شاری موسڵ به‌ تایبه‌تی، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی دوو قۆڵیی و به‌رده‌وامیی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌و په‌ره‌پێدانی زیاتری هاوکاریی لۆجستی له‌ نێوان هه‌ردوولاداو هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان له‌ پێناو بنبڕکردنی تیرۆرستان و پاراستنی سه‌رو ماڵی هاووڵاتیان گفتوگۆی له‌سه‌ر کرا، له‌م باره‌یه‌وه‌ش گرنگیی پاراستنی برایه‌تیی نێوان کوردو عه‌ره‌ب و سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی دیکه‌ی موسڵ و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور ته‌ئکیدی لێ کرایه‌وه‌.

له‌م رووه‌شه‌وه‌، وه‌زیری ناوخۆ وێرای دووپاتکردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی جێگیری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ رێزگرتن له‌ یه‌کترو قووڵکردنه‌وه‌ی گیانی برایه‌تی و پاراستنی مافی هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌، ئاماده‌یی حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی نیشاندا بۆ هه‌ر هاوکاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك که‌ پێویست بێت.

له‌ ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دانیشتنه‌که‌دا، ره‌وشی سیاسی عێراق به‌ گشتی و کوردستان به‌ تایبه‌تی و پێشهاته‌ سیاسیه‌کان گفتوگۆیان له‌سه‌ر کراو به‌رپرسی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ موسڵ خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئه‌و سه‌قامگیری و ته‌ناهیه‌و ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و بنیادنانه‌وه‌یه‌ی له‌ ئاکامی ره‌وشی جێگیری هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا هه‌ستی پێ ده‌کرێت.
Top