نووسینگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی پیشه‌سازی و بازرگانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌

نووسینگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی پیشه‌سازی و بازرگانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌
هه‌ولێر - سامان
ئێواره‌ی 26-5 له‌ رێوره‌سمێكدا كه‌ جێگری وه‌زیری ئابووری ده‌ره‌كی ئه‌ڵمانیاو ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ی بوون، كارل ئێرنست جێگری وه‌زیری ئابووری ده‌ره‌كی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: كردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگه‌یه‌ ده‌رگایه‌كی تره‌ بۆ هه‌ڵی كاركردن له‌ نێوان كوردستان و ئه‌ڵمانیا، ده‌رفه‌تێكی باشیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی كوردستان و عێراق و ئه‌ڵمانیا كاری هاوبه‌ش بكه‌ن".
زیاتر گوتی" كردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگه‌یه‌ ده‌بێته‌ به‌هێزكردنی چالاَكییه‌كانی كۆماری ئه‌ڵمانیا له‌ كوردستاندا و به‌شداریی كردنی ئه‌ڵمانیایه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان، سه‌رباری ئه‌وه‌ش هانی كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ر و خاوه‌ن كۆمپانیاكانی ئه‌ڵمانیا ده‌دات بێنه‌ كوردستان كار بكه‌ن، ئه‌وه‌ی پتر ئێمه‌ی هانداوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینگه‌یه‌ دوو هۆكاری سه‌ره‌كی بووه‌، یه‌كێكیان بوونی بارێكی ئه‌منی سه‌قامگیر و ده‌ره‌فه‌تی كار بۆ خاوه‌نكاران، له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ش دا ئێمه‌ له‌ داهاتووی كوردستان دڵنیاین، ده‌مانه‌وێت له‌ بواری سیاسه‌تیشدا رۆڵمان هه‌بێت.


پاشان یۆرگ گرۆتیۆهان جێگری كۆنسوڵگه‌ریی ئه‌ڵمانیا گوتی: ئه‌م نووسینگه‌یه‌ ده‌رفه‌تێكی باش ده‌خاته‌ به‌رده‌م بازرگانانی ئه‌ڵمانی بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ كوردستان كار بكه‌ن، به‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگه‌یه‌ له‌ كوردستان له‌ عێراق ده‌بێته‌ دووه‌م نووسینگه‌ی هاوشێوه‌یه‌ له‌ عێراق كه‌ ئه‌وه‌ی دیكه‌ له‌ شاری به‌غدایه‌.

فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ وته‌یه‌كدا ته‌ئیكیدی له‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرده‌وه‌ بۆ هێنانی بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی بۆ كوردستان به‌ مه‌به‌به‌ستی كار كردن.
Top