ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە

ژینگەی كوردستان  گەورەترین سەرمایەی هەرێمە

كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دروشمی: «ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە»، هەموومانی پابەند كردووە بۆ برەودان بە ژینگە رۆشنبیری و كەمكردنەوەی مەترسییە ژینگەییەكان.
بۆیە لەو رۆژەوەی كە بەپێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، رۆژی (16)ی نیسانی هەموو ساڵێك كراوەتە رۆژی ژینگە لە هەرێمی كوردستاندا، دەستەی ژینگە بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەی رۆژی ژینگە لە هەرێمی كوردستاندا، تەنیا رۆژێك نەبێت بۆ باسی ژینگە، بەڵكو كار دەكات بۆ ئەوەی هەموو رۆژەكانی ساڵ ببنە رۆژی ژینگە و، ئەم بۆنەیەش ببێتە دەروازەی بیرخستنەوە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەپارێزیدا و، بۆ برەودان بە رۆڵی كۆمەڵگەی كوردستانی لە گۆڕینی هەڵوێستەكانیان بە ئاراستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و، دروستكردنی رۆشنبیرییەكی ژینگەپارێزی لەلایان، هەروەها بۆ سەرنجڕاكێشانی سیاسەتمەداران و دروستكارانی بڕیار لە هەرێمی كوردستاندا بەلای پرسەكانی ژینگەدا و، دروستكردنی بایەخپێدانێكی باشتری ناوخۆیی بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی لە رێگەی پابەندكردنی هاووڵاتیان بە یاسا و رێنماییە ژینگەییەكانەوە.
لە رۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستاندا، پێویستە لە بیری ئەوەدا بین كە دابینكردنی پێداویستییەكانی مرۆڤ لە رووی ژینگەییەوە لە مافە سەرەكییەكانی خۆیەتی وەك بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ بە گشتی، هەروەها پێویستە ئەو راستییەش بزانین كە بەسەربردنی ژیان و گوزەران لە ژینگەیەكی سەلامەتدا مافێكی دەستووریی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە بەپێی ماددەی (33)ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ.
ئەوەش گرنگە بزانرێت كە دووبارە داڕشتنەوەی دیزاینی شارەكان بە ئاراستەی دەستگرتن بە سەرچاوەكانی وزەو كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و، پاراستنی ئاسایشی ئاو و، بوونی سیستمێكی نوێ بۆ ئاوەڕۆكان و، میكانیزمێكی بێ زیان بۆ رزگاربوون لە پاشماوە و پاشەڕۆكان و، زیادكردنی رووبەری سەوزایی و پاراستنی زیندە جۆرەكان و، هەڵگرتنەوەی مینی چێنراو و.. هتد، لە مافە سەرەكی و بنچینەییەكانی هەر مرۆڤێكن.
دیارە بۆ زامنكردن و دەستەبەركردنی هەموو ئەمانەش، هەبوونی ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی و، ئیدارەیەكی زانستییانەی ژینگەیی زۆر گرنگن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ژینگە و، هەماهەنگی و هاوكاریی نێودەوڵەتی و، كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری و، پەیڕەوكردنی سیاسەتی پەرەپێدانی هەمیشەیی و بەردەوام، هەموو ئەمانە هەنگاوی زۆر گرنگن كە كاردەكەنە سەر گۆڕینی چالاكییەكان لە وشەوە بۆ كردار، لە دروشمەوە بۆ پڕۆژە.
هەر لەم رۆژەدا ئەركی دەستەی ژینگەیە كە مەترسییەكانی ژینگە زیاتر و باشتر بۆ وەزارەت و دەستە جێبەجێكارەكان و كەرتی تایبەت و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان روون بكاتەوە، چونكە لە سایەی بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی فراوان وا چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا بە شێوەیەكی بەرچاو گرفتەكانی پیسبوونی ژینگەی زیاتر تێدا دەربكەوێت.
دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان وێڕای دەرهاویشتەكانی گرفتی كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و كەلێنی یاسایی و رۆتینی كارگێڕیی كە بوونەتە ئاستەنگی سەر رێگەی كارەكانی، توانیویەتی لە ماوەی ساڵی رابردوودا لەپاڵ ئەركە چاودێرییەكەی و رێگرتن لە زۆرێك لە پڕۆژە ناژینگەییەكان و، ئەنجامدانی بەدواداچوون بۆ زۆرێك لە پڕۆژە ئەنجامدراوەكان، بە پێی توانا زۆر كاری دیكەی ئەنجام داوە وەك:
بەگەڕخستنەوەی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگە و، نوێكردنەوەی پەیڕەوی كاركردنی ئەنجومەن و، رێكخستنەوەی كۆبوونەوەكانی و تەوەری باسەكانی.
پێداچوونەوە بە هەردوو یاسای ژمارە (8) ساڵی 2008 و یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2010 بەمەبەستی هەمواركردنەوەیان لە بەرژەوەندی ژینگەی كوردستاندا.
كاراكردنی پەیوەندیی رۆژانە بە وەزارەت و دەستە جێبەجێكارەكانەوە بۆ دیاركردن و گەیاندنی راسپاردە و پێشنیارە ژینگەییەكان.
پێكهێنانی بۆردی رێكخراوە ژینگەییەكان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا.
رێكخستنەوەی كاری نووسینگەكانی ئامادەكاری راپۆرتی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ژینگەیی، بە مەبەستی زیادكردنی داهات بۆ حكومەت و، دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچووانی بەشی زانستەكانی ژینگە.
داواكردنی پیكهێنانی دادگای ژینگەیی و دانانی دادوەری ژینگەیی لە دادگاكاندا.
كاراكرنی پەیوەندیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بۆ كاركردنی پێكەوەیی لە چوارچێوەی ماددەی (114)ی دەستووری عێراقدا سەبارەت بە دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ئیتیحادی و هەرێمی كوردستاندا، بۆ هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و سوودوەرگرتن لەو مافانەی كە دەدرێنە تەواوی عێراق لەپای پابەندبوونی بە رێككەوتننامە نێوەدەوڵەتییەكانی تایبەت بە ژینگەوە.
بۆ ئایندەش وەك بەدەمەوەچوونێك بۆ داواكارییەكانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە، وێڕای بەرزڕاگرتنی رۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان، لەبیری ئەوەشدا دەبین بە هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان كە هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆش رۆژی تایبەت بۆ ژینگەی لۆكاڵی خۆیان دیار بكەن، بۆ زیندووڕاگرتنی دۆزو دۆسیەی ژینگە لە زیاتر لە رۆژێكدا و لە زیاتر لە شوێنێكدا، لە پێناوی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا.

Top