وردبوونەوە لە بنەمای قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان

وردبوونەوە  لە بنەمای قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان

ساڵی ڕابردوو پڕ بوو لە قەیران و هاووڵاتییان زۆر ئازاریان بینی. پەتای كۆرۆنا هەموو سیستەمی ژیانی وڵاتی ئێمەی وەكو هەموو دونیا خستە تەنگژەیەكی گەورەوە. بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ئازیزانی خۆیان لەدەست دا، كەسایەتیی ناوداریش لە كوردستان بەو پەتایە ڕۆیشتن. بۆیە دەبێ بە گرفتی دەرەجە یەكی بزانین، چونكە لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە كاریگەری خستووەتە سەر ژیانی خەڵك، هەتا كاری كردە سەر ژیانی سیاسی و جۆری سیستەمی سیاسی لە كوردستان. دووەمیان بابەتی گەمارۆی ئابوورییە لە لایەن عێراقەوە بۆ سەر كوردستان. سێیەمیان ناتەبایی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی ڕابردوودا تا ئاستێكی بەرز ڕۆیشت كە نەدەبوا شتی وا ببێت.
لە ڕوانگەی ئێمەی كوردەوە ئەوەی تێیدەگەین عێراق بەتایبەتی دوای ڕیفراندۆم، بە هەموو لایەنەكانییەوە لەوە بوونەتەوە كوردستان بە بەشێك لە عێراق بزانن. ئێستا لە ساڵی2017وە زیاتر لە جاران وەك داگیركەر ڕەفتار دەكەن، ئەگەر لە دەستیان بێت خراپتریش دەكەن. ئەو قسەیەم بەو ناوە نییە كە هەرێمی كوردستان پابەندی بەشێكی ئەو بە ئیجبار عێراقیبوونی خۆی نەبێت. سیاسەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت لەو بوارەدا واقیعبینانەیە كە لەگەڵ عێراق بە نەفەسێكی درێژ كار بكرێ و، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش كراوە كە یارمەتیی كوردستان بدات، بەڵام پێویستە لەبەرچاومان بێت كە ئیتر پرۆسەیەك دەستی پێكردووە عێراقییەكان بە چاوی دەرەكی تەماشای ئێمە دەكەن و بە بەشێك لە خۆیانمان نازانن. ئەگەر وانەبا، نەیاندەتوانی ستەممان لێ بكەن. بەداخەوە دەتوانن ستەمەكە بكەن بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە، زۆرجار لە ڕووی ئاسایشیشەوە هەر دەتوانن جموجووڵمان لەسەر بكەن. بە واقیع ئێمە لە داگیركراویدا ماوینەوە. ئیسماعیل بێشكچی دوو ساڵ پێش ئێستا لە زانكۆی كوردستان دەیگوت «دەبێ كورد بەردەوام هەموو ئەو ناحەقییانە لەگەڵ عێراق و خەڵكی عێراق، لەگەڵ دونیا بڵێتەوە، تا لەو واقیعە نالەبار و تاڵە تێ بگەن و ئەو یاسا نێودەوڵەتییانەی كوردستانیان بەستووەتەوە، گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.»
حكومەتی عێراق لە بەرنامەی خۆیاندا وەكو داگیركەرێك مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و ستراتیژییەكەی بریتییە لە تێكشكاندنی كیانی دەستووریی هەرێمەكەمان. ساڵی 2014 هەموو دونیا هاوكاریی هەرێمی كوردستانی دەكرد، كاتێك داعش پەلاماری كوردستانی دابوو، پێشمەرگە بەرگری لە عێراقیش دەكرد، نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، لەبیرمانە حكومەتی عێراق هەموو یارمەتییەكی چەك و لۆجیستیكی لە ڕێگەی بەغداوە لەسەر هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بڕی. دوای گۆڕانكارییەكانی پاش ڕیفراندۆم هەرێمی كوردستان چ وەك سەرۆك بارزانی، چ وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی و حزبەكانی دیكەی سیاسی، بەردەوام لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆدان تا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەنەوە وە ڕێككەوتنی نوێ بكرێت، كەچی عێراق هەر پابەند نابێ. خۆ پێویستە لەو سیاسەتەیان تێبگەین كە نیازی ئازاردانی كوردستانیان هەیە، دەنا پێناچێت لەو بارودۆخە نێودەوڵەتییە عێراق بتوانێ لەوە خراپتر بەسەر كوردستان بێنێ، هەڵبەت ئەوەی بەسەرمان دەهێنێ كەم نییە و زۆریشە.
لە دوو گۆشەوە دەكرێ لەم ڕەفتارەی عێراق تێبگەین. یەكەم: ئەو سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن و هەڵوێستی خراپیان بەرامبەر كوردستان. دووەم: بۆ نەبوونی تەبایی سیاسی لە كوردستاندا. كاتێك كە دەرەنجامی سیاسەتی ناوخۆیی خراپ بێت، كەواتە زۆر هۆكاری جیاواز لەكاردان؛ هەنە مێژوویینە، هەڵوێستە، بەرژەوەندییە، تێنەگەیشتنە، خیانەتیشی تێدایە. سەرباری ئەوەش لەو بارودۆخە سەختەی تیا دەژین بە هەموو تەنگوچەڵەمەكانی، كوردستان پێویستی بە تەباییەكی سیاسی هەیە كە دەبێ هەوڵی بۆ بدرێ. مەبەست لە تەبایی سیاسی ئەوە نییە لایەنێك تاوانبار و خەتابار نەبێ. پێموایە لەوەدا دەبێ بیربكرێتەوە تا ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردنی سیاسی لە كوردستان، هەروەها ئەگەر پێمان بكرێ لە عێراقیش بگەڕێنینەوە كە سەرۆك بارزانی تا دە ساڵ بەر لە ئێستا پەیڕەوی دەكرد؛ دیوەخانی ئەو مەكۆی كۆكردنەوەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق بوو، ئەنجامەكانیشی دەرچوون بوو بە دەرەنجامی ئیجابی لە بەرژەوەندیی كوردستان. دەبێ كوردستان بۆ ئەو تەقلیدە، بۆ ئەو ڕوانگەیە بگەڕێتەوە و پەرەشی پێ بدات و بیگەشێنێتەوە. چونكە كوردستان ناتوانێ بەو پەرتوبڵاوییە بەرەنگاریی عێراق ببێتەوە. سەختە، هیلاك دەبین، ناتوانین تەنگوچەڵەمەی ئابووری چارەسەر بكەین. ناتوانین چاكسازی بكەین، ئەگەر تەبایی نەبێت. لە هەموو دونیا تەبایی و ئاسایش بناغەن بۆ چاكسازی كردن. ناتوانین سەرنجی دونیا ڕاكێشین، بەڵام لە ناوخۆماندا خەریكی شەڕە بۆكس و ئابڕووبردنی یەكتر بین. ناتوانین چاومان لە هاوكاریكردنی دونیا بێت لە كاتێكدا هێزە سیاسییەكانی كوردستان هاوكاریی یەكتر ناكەن، ئەویش لەسەر بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان. ئەوە ڕووداوە سەخت و گرنگەكانی ساڵی ڕابردووی وڵاتی ئێمەن، ئەو ئەركانەن كە دەبوو بیانكەین، هەندێكی كراوە، زۆری ماوە نەكرابێت. ئەگەرحزبەكان بەردەوام بن لەسەر تۆمەتباركردن و تاوانباركردنی سیاسیی یەكتری، ئەوە ناگەنە هیچ ئامانجێك. بەشێوەیەكی گشتی لە كاتی تەنگوچەڵەمەدا بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان دەكەوێتە مەترسییەوە، سەركردە حەكیمەكان بە دەوری تەنگوچەڵەمەكاندا دەسووڕێن، هەتا گۆشەیەك دەبیننەوە لەوێوە گوتارێك بدۆزنەوە، تا هەموو ئەوانەی هەڵەیان كردووە، ڕایانكێشن بۆ ژێر درووشم و سەر مێزێك كە بەرژەوەندیی وڵاتی تێدابێت. ئەوەش هەنگاوێكە تا ئێستا نەنراوە، ئەگینا تەباییەكی زۆر باشمان دەبوو، وەك تەبایی پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017.
هۆكارەكانی ناتەبایی سیاسی ئێستای كوردستان لە چییەوە دێن؟ هەڵبەت سەرچاوەی تەنگژەی قووڵی ناو بزووتنەوەی سیاسییە لەم خاڵەدایە: تێگەیشتن سادەیە بۆیە تەنگوچەڵەمەكان قووڵ دەكاتەوە، ئەم گلەییە دەگەڕێتەوە بۆ نوخبەی سیاسیی سەركردەی حزبەكان، ئەوان بەرپرسن لەو تەنگوچەڵەمەیەی لە كوردستان هەیە. عێراق ئێستا خەریكە ئەم دۆخە دەقۆزێتەوە. بەشێك لە گوتاری سیاسیی عێراق بۆ ئازاردانی كوردستان، هەندێك لە پەرلەمانتارانی كوردن كە نوێنەری بەشێك لە دانیشتووانی كوردستانن. بۆیە دەبێ ئەو تەنگوچەڵەمە سیاسییە چارەسەر بكرێت تا هیچ پەرلەمانتارێك بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بێت یان بە نیازی خیانەت، نەتوانێ ئازاری هەرێم بدات كاتێك لە ناو تیمی نوێنەرایەتیی كوردستاندایە لە بەغدا، لە پەرلەمان بێت، یان لە ناو حكومەتدا، یان لە نێو كاروباری كۆمەڵگەی مەدەنی و ناڕەسمیدا بێت. ئەوە بەچی دەكرێت؟ بە تەبایی سیاسی. ئەو تەباییە سیاسییەش بە سەركردە كاریگەرەكانی وڵات دەكرێ.
عێراقییەكان و پەرلەمانەكەیان دژی شایستە داراییەكانی كوردستان وەستاون، بۆیە دەشێت لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا ئەوە دووبارە بێتەوە، ئەگەر كوردستانێكی بەهێزمان نەبێت. كوردستانێكی بەهێز ئەوەیە پێش هەموو شتێك بزووتنەوە سیاسییەكەی یەكگرتوو بێت، تا هەموو عەقڵ و هیممەتەكان بكەونە سەریەك و بەشداری بۆ حكومەتی كوردستان و پڕۆسەی سیاسی زیاتر ببێت، تا دەنگی كوردستان لە ناوەوە و دەرەوە بەهێزتر بێت. لەوێوەیە كە هیچ كەسێك لە بەغدا و دەرەوەی كوردستان ڕێی نابێت و ناتوانێت دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بوەستێت. ئەوكات بۆ عێراقییەكانیش زۆر سەخت دەبێت، بە ئاشكرا دژی كوردستان بوەستن. هەروەك تا ساڵی 2017 دوژمنەكانی كوردستان لە سەركردایەتی دەوڵەت و حكومەت و پەرلەمانی عێراقدا نەیاندەتوانی بە كەلیماتی ڕوون دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بوەستن. بۆ نەیاندەتوانی؟ چونكە كوردستانێكی یەكپارچە هەبوو. بەڵام كاتێك پەرتوبڵاوی هەیە، ئەوە ڕوودەدات كە تیایدا دەژین. ئێستا لەسەر بەرژەوەندییەكانی كوردستان لە ناو پەرلەمانی عێراقدا نوێنەرەكانی كورد خۆیان تەبا نین، بەشێك لەوانە دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان قسە دەكەن، گوتاری كوردیان پارچە پارچە كردووە، بۆ ئەوانەی دوژمنی كوردستانن ماددەیەكی بەپیتە بۆ ئەوەی دیماگۆژییەت لە عێراق بەكاربهێنن و شەقامی عێراقی دژی كوردستان هان بدەن. هەروەها بۆ بەلاڕێدابردن و سەرلێشێواندنی دۆستەكانی كوردیش لە دنیادا دیسان چەكێكی بەهێزە، بەداخەوە.
بۆ چارەسەر كردنی كیشەكان ئێستاش سەرۆك بارزانی هەیە و نەوەی دووەم و نوێی نوخبەی سیاسی هەیە، بە پێی مەنتیقی مێژوو دەبوایە هەڵگری ئەو تەقلیدە بن كە كیشەكان وەك جاران چارەسەر كرابان. دەبوایە بەهێزتریشی بكەن و خواستیان فراوانتریش بێت. بۆ لە تەنگوچەڵەمەداین؟ چونكە شێوازی چارەسەركردنی كێشەكان لە كورتی داوە. ئەوە كەموكورتییە لە نوخبەی سیاسیدایە كە سەركردایەتیی سیاسیی حزبەكان دەكەن، بەبێ هەڵاوێردن.
كاتێك تەنگوچەڵەمە لەناو بزووتنەوەی سیاسی لە بەرژەوەندی و فەهم و ڕوانگەی ئەو بەشە لە نوخبە، یان دەستەبژێر یان ئیلیتی سیاسیدایە كە ئێستا سەركردایەتیی حزبەكانی كوردستان دەكەن، نیشانەی ئەوەیە ڕوانگەیان ڕاست نییە، بەرژەوەندییەكانیان كە خۆیان دەتوانن پێناسەی بكەن، دەخەنە سەرەوەی بەرژەوەندیی كوردستان. ئەوەش ئەگەر دژی بەرژەوەندیی باڵای وڵات بوەستێت، خیانەتە، دەبینین ئەوەشمان هەیە! ئەگەر بەرژەوەندیی حزبی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی وڵات و دژی حكومەت و كیانی خۆیان بوەستن، دیسان خیانەتە. بۆیە ئێمە لە تەنگوچەڵەمەیەكی قوڵداین، چۆكمان بە عەردی كەوتووە. كاتێك دوژمنی دوژمنم دۆستمە كە بەهێز بین و حكومەت و وڵاتی ئێمە بتوانێت یاری لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمایەتی و دونیا بكات، كە ئەوەمان پێ نەكرا نیشانەیە بۆ دۆخی زۆر خراپی وڵاتەكەمان.
حزبە عەرەبەكانی عێراق جەوێكیان خوڵقاندووە كوردستانیان كردووە بە لافیتەیەك بۆ دژایەتیكردنی كورد و دابینكردنی بەرژەوەندیی تائیفی و حزبییان. پێویستە لە خۆمان پرسیار بكەین: بۆچی ئەوانە دەتوانن بە ئاسانی یاریمان لەسەر بكەن؟ بۆچی دەتوانن شەقامی عێراقی بە عەرەب و پێكهاتە كەمەكانی دیكەی لەوێ هەنە، بە گژ كوردستاندا بكەن؟ ئەو دیاردەیە لە هێزی ئەواندا نییە. عێراق لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. ئەی بۆ بە كوردستان دەوێرن؟ چونكە ئێمەش لە قۆناغێكی خراپداین. لە قۆناغێكی پەرتوبڵاوداین و ڕوانگەی یەكگرتوومان نییە. لە قۆناغێكدا نین هەموو دەرگاكان لەسەر بەشداریپێكردنی سیاسی لە كوردستان كرابێتەوە. كەی ئەوە دەكرێت؟ كاتێك حزبەكان لەسەر لانیكەمی ڕوانگەیەك بۆ پەرەپێدان و پێشكەوتنی وڵات ڕێكبكەون. ئینجا ئەو كاتە هاووڵاتیانی كوردستان لە دەوری ئەو ڕوانگەیە كۆدەبنەوە، ئەو كاتەیە كە بمانەوێ و نەمانەوێ، دەرگا لەسەر لێهاتووەكانی وڵاتی ئێمە دەكرێنەوە، ئەوانەی كە لە سیاسەت باشتر دەزانن، ئەوانەی كە لە بەڕێوەبردنی دەزگاكانی حكومەت باشتر دەزانن، ئەوانەی پسپۆڕ و زانای باشن. ئێستا ئێمە هەموو بوارەكانمان لەژێر تەنگوچەڵەمەدایە. بە هەزاران گەنج دێنە ناو ئەو نوخبە سیاسییەی باسی دەكەین، بڕوانامەكانیان ماستەر و دكتۆرا و سەرەوەی دكتۆرایە، بەڵام زانستەكەیان زۆر متەوازعە! كێ لەوە بەرپرسیارە؟ هەڵبەت خۆیان نین، ئەو سیستەمە بەرپرسیارە كە ئەم واقیعەی دروست كردووە. كاتێك لە زانكۆكانەوە نوخبەیەكی كەمزان ناردرایە شەقام، ئەوان دێن پۆستەكان وەردەگرن، وڵاتەكە تووشی ئەو تەنگوچەڵەمەیە دەبێت، كەوا بەدەستییەوە دەناڵێنین. بەو حاڵە درووشمەكەمان نایەتەدی كە كوردستانێكی بەهێزە. لێرەوەیە ئێمە لە تەنگوچەڵەمەداین.
ئەگەر بپرسین چارەسەر چییە؟
بێ گومان لێ كردن، گەڕانەوەیە بۆ مەنتیق، گەڕانەوەیە بۆ واقیع، گەڕانەوەیە بۆ جارێكی دی پێداچوونەوە و سەیركردنەوە و چاكسازیی كردنی ڕوانگاكەیە لە ناو بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان. پێویستە مێزێكی گفتوگۆی فراوان كە ڤیتۆی تێدا نەبێت، هەموو لایەن و باڵەكانی ناو كۆمەڵگە بانگهێشت بكات. هەموو گوێ لە یەكتر بگرن. كوردستان لە سەرەوەی بەرژەوەندیی هەر كەسێك و حزبێكە. كوردستانێكی بەهێز گرنگە. كێ سەركردایەتیی درووستبوونی كوردستانێكی بەهێز بكات، تواناكانی هەموو حزبەكان و كەسایەتییەكان بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت، مەنتیقی مێژوو لەگەڵ ئەو دەبێت و شانازیی مێژوویی لەگەڵ ئەو دەبێ. جا لێرەدا پێموایە بە پێی هەموو گریمانەیەك دەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان باشتر شانی خۆی بداتە بەر ئەركە نیشتمانییەكە. هەڵبەت شانی داوەتە بەر، بەڵام پێویستە كامڵتر و فراوانتری بكات. ئەوە شێوازێكە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو هێزەكان بهێنە سەر مێز. پێویستە هەمووان بەشدار بكرێن و هەست بكەن بەشدارن، ئەوكات دەرگا بۆ تواناكان بكرێتەوە.جا ئەو كاتەیە هەر هێز و لایەنێك عیناد بكات و لە ملەوەزی بەردەوام بێت، دەوری خۆی دەسڕێتەوە و لەغو دەبێت و، لە ناو بزووتنەوەی سیاسیدا نامێنێت.
هەموو دۆستانی كوردستان داوا دەكەن، یەكپارچەیی و یەكگرتوویی كوردستان بكرێتە زامن بۆ ئەوەی دونیا لە پشتیوانی كورددا بمێنێت و فشاری زیاتر بۆ عێراق بهێنێت. لە كردەوەدا دەوڵەتی عێراق دوو حكومەتی تێدایە، حكومەتی بەغدا و حكومەتی هەولێر. هەردووك حكومەت لە تەنگوچەڵەمەدان. پێویست بوو ئێمە لەو تەنگوچەڵەمەیەدا نەبین. كیانی عێراقی لە واقیعدا دوو حكومەت بەڕێوەی دەبات، ئێستا پیلان هەیە یەكێك لەو دوو حكومەتە كە حكومەتی كوردستانە، لە دەوری كەم بكەنەوە، بیخەنە تەنگژەی زیاتر و سەرەنجام ئەگەر پێیان بكرێت لەناوی بەرن- كە زەحمەتە. بەڵام ئەو ئازارەی كە دەیبینین تەنیا لە عێراقێكی شڕ و شەپڕێوەوە نییە، لەو هۆكارانەیە كە باسم كرد. بۆ عێراقێكی شڕوشەپڕێو دەتوانێ ئازارمان بدات؟ چونكە تەنگوچەڵەمەی ئێمە زۆر قووڵە، نیشانەی ئەوەیە ئێمەش شڕوشەپڕێوین، بەڵام شڕوشەپڕێوییەكەی ئێمە لەگەڵ ئەوان هەندێك شتی جیاوازە.
سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەكی، ئەوە كوردستانێكی بەهێزە كە ڕێگە لە دەستی دەرەكی دەگرێت. كوردستانێكی بەهێزە كە جێگەی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی و دونیا دەكاتەوە. كوردستانی ئێمە دەبوو لە جیاتی شەڕە حزب، ئێستا وەكو تایوان بێت. تایوان دەوڵەت نییە و تەقریبەن وەك هەرێمی كوردستانە. هەموو دونیا ددان بە تایواندا نانێت، بەڵام قبووڵیان كردووە. ئێمەش واین. ڕیفراندۆممان كرد، هەموو دونیا ڕەتی كردینەوە، بەڵام بوونی هەرێمی كوردستانییان قبووڵە. ئەو دژبەرییەكە هەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قبووڵی دەكەن تا ئەو شوێنانە دەكەن بە دەوڵەت. كەنگینێ؟ هەر ئەو قسەیەی ئیسماعیل بێشكچی دێنمەوە كە دەڵێت: «ئێمە دەبێ مەنتیقمان هەند بەهێز بێت، باوەڕی هەموو دونیا بگۆڕین تا فشار بۆ سیاییەكانیان بێنن ئەو قانوونە نێودەوڵەتییە زاڵمانەیە بگۆڕن كە كوردی چوارپارچەی ئەسیر كردووە». ئەوە قسەی زانایەكی دۆستی كوردە لە توركیا.
حەز دەكەم بەراودێك لەنێوان سەختیی دۆخی جۆگرافیای سیاسیی تایوان و كوردستان بكەم. چین ڕۆژانە فڕۆكە جەنگییەكانی بەسەر تایواندا دەسووڕێنەوە، بە كەشتی جەنگی چەكی زۆر قورس و ئەتۆمی دەوری داوە. ئێمە دۆخی هەرێمیمان زۆر باشترە لە هی تایوان. بەڵام عەقڵی تایوان و ئەزموونی تایوان و ڕوانگەی تایوانمان نییە. هەمانبێت، ئێمە بەهێزتر دەبین.
لەبەرامبەر باڵادەستیی حزبە میلیشیادارەكانی عەرەبی شیعە و بێدەسەڵاتیی حكومەتی بەغدا، پێویستە حكومەتی هەولێر بە وەرەقەیەكی مەنتیقی بچێتە گفتوگۆی بەغدا كە دونیای پیشكەوتوو پشتیوانی بكات. (ئاخر دونیا لەگەڵ ئێمەدایە، كوردستان هەر لە خۆیەوە لە عێراق خاوەن دەسەڵات نییە، بوارێكی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ بۆ ئێمە كراوەتەوە). حكومەتێكی بەهێزی كوردستانی بەو پێناسەیەی كردمان، ئەگەر وەرەقەی خۆی بۆ عێراق پێ بێت، دونیا لە تەنیشتیەوە دەوەستێت، عێراق ناتوانێت نە ئەم ئازارانەمان بدات و نە ئەم ڤیتۆیانە بكات، نە ئێرانیش دەتوانێت یەك پاسدار بنێرێتە بەغدا و نانی كوردستان ببڕێت، ئێرانێك بۆخۆی لە هەندێ بواردا فووی لێ بكەن بەلادا دێت. وەك دەبینین هەموو لاوازەكان بە ئێمە دەوێرن. ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئێمە لە قەیرانداین، دەبێ تەماشای باڵا و قەڵافەتی خۆمان بكەین و ڕێكیخەینەوە. ئەوسا بنەماكانی بەهێزبوونمان لە یەك مانگا دەردەكەوێت.
دوای ڕیفراندۆم پارتی دیموكراتی كوردستان و دۆستەكانیشمان لە دەرەوە پێشنیازی حكومەتی بەهێزی كوردستیانیان كرد. یانی چی حكومەتی بەهێزی كوردستان؟ یانی تەبا، ڕوانگەیەكی باش بۆ پێشكەوتنی ئابووری و كۆمەڵایەتی- ئەوەی پێی دەگوترێت گەشەپێدانی بەردەوام. چاكسازییەكانی ئابووری، كۆتاییهێنان، یان كەمكردنەوەی ئەو گەندەڵی و بە تاڵانبردنەی ڕۆژانەی سامانی گشتیی وڵات. ئەوكات زەمینە خۆش دەبێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێتە سوپایەكی ددانپێدانراو. سوپای دانپێدانراوە كە چەكی دەدرێتێ، سوپای دابەشكراو و بە شێوەی میلیشیا بەڕێوەبچێت ئیعتباری ئەوەی نابێت چەكی پێ بفرۆشرێت. ئێستا دۆستەكانمان چەكمان دەدەنێ، ئەگینا وێناچێ كۆمپانیاكانی چەكسازی بە ئاسانی چەك بە پێشمەرگە بفرۆشن. ئەوانەیە حكومەتی بەهێز درووست دەكەن، حكومەتێك كە دەستكاری پەروەردە دەكات، پەروەردەیەكی هاوچەرخی ئەم زەمانەی زانست، زانكۆكان لەسەر بناغەی بەرهەمهێنانی زانستی دادەمەزرێنێتەوە نەك خوێندكار و قوتابییان حوكم بە سەر زانكۆكاندا بكەن. ئەوە كارێكە چین لە كۆتایی چلەكان و كەمبۆدیا لە حەفتاكان و ئێران لە هەشتاكان بەسەر زانكۆكانی خۆیان هێنا. یەك مامۆستای زانكۆ لە یەك زانكۆی كوردستان بە هەردوو ئیدارەوە ناتوانێت بەردەوام بێت و دەرس بڵێتەوە، ئەگەر قوتابیان و خوێندكاران لێی ڕازی نەبن. یەك بەرپرسی ناوچە و بەرپرسی كۆمیتە دەتوانێت باشترین پڕۆفیسۆری ئەو زانكۆیانە لابەرێت! حكومەت چۆن دەتوانێ ئاوا بەهێز بێت؟
تەنگوچەڵەمەی سیاسی هەر ئەوە نییە حزبەكان هاوكاریی یەكتر ناكەن، بەڵكو ڕەفتاری سیاسیی نابەجێ، هەڵوێستی خراپ، پاشقول لێكگرتن، گەندەڵی، مەحسوبییەت، هەموو ئەوانە پەرە دەسێنێت و شتێك نامێنێت بە ناوی حكومەتی بەهێز كە دەستی بەسەر هەموو كوردستاندا بڕوات. ئێستا ئێمە لەو حاڵەتەدا دەژین. لە خواستەكانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان كە چەندان جار لە بۆنەكاندا داوادەكات هاوكاریی حكومەت بكرێت، حكومەت بەهێز بكرێت، نیشانەی ئەوەیە حكومەت هەست بە هاوكاریی حزبەكان بۆ حكومەتی كوردستان ناكات. پەرلەمان لە كەمین وەستاوە بۆ ئەوەی كێشە بۆ حكومەتەكە بنێتەوە. لە دونیای پێشكەوتوودا لەسەر گەشەپێدان لە نێوان پەرلەمان و حكومەت جیاوازیی ڕوانگە دەبێت، نەك لەسەر وردەكاری سیاسی ڕۆژانە.
لە بنەما هەرە سەرەكییەكانی پێداچوونەوە و ڕێكخستنی ڕوانگا، قبووڵكردنی یەكتر و بەكارنەهێنانی قرتاندن و بەلاوەنان، دەرگاكردنەوە بۆ شارەزا و لێهاتووەكان، پەیڕەوكردنی واقیعبینی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و عێراقی، پاراستنی سامانی گشتی و كارگێریی مۆدێڕن و ڕیگاگرتن لە بەفیڕۆدان و گەندەڵی، دوورخستنەوەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی حزبەكان لە كاری حكومەت و گرتنەپێشی سیستەمێكی پەروەردەی هاوچەرخ و زانستی، بەشداری پێكردنی ڕاستەقینەی پێكهاتەكانی كوردستان.











[email protected]
Top