راگەیاندنی دوای کۆرۆنا، چ داهاتوویەک دەسەپێنێت؟

راگەیاندنی دوای کۆرۆنا، چ داهاتوویەک دەسەپێنێت؟

بەشی دووەم
لەبەشی یەکەم باسی کاریگەریی ئەم پەتایە لەسەر شێوازی ئیشکردنی رۆژنامەگەری و گواستنەوەی کارەکەیان لەئۆفیس بۆ ماڵەوە و فراوانکردنی ئەزموونی کاری ئۆن لاین و رەقەمیمان کرد. لەم بەشەشدا تیشک دەخەیەنە سەر رەهەندی دیکەی کاریگەریی لەسەر سرووشتی کاری رۆژنامەگەری، لەوانە، دووەم: کاریگەری لەسەر میدیای چاپکراو، وەک ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەی پێ دەکات، پەتای کۆرۆنا سەرلێشێوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان دروست کردووە، میدیای چاپکراو پێش هاتنی پەتاکە خۆی بەجۆرێک لە جۆرەکان لە قەیراندا بوو، فرۆشی پاشەکشەی کردبوو، داهاتی دابەزیبوو، بەهاتنی ئەم پەتایەش قەیرانەکانی چەند قات بونەوە، هەروەک (یونس مسکین) بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەی''اخبار الیوم'' ی مەغریبی لەبارەی بارودۆخی رۆژنامەگەریی چاپ کراو لە مەغریب دەڵێت: "ئەم پەتایە بەنسبەت رۆژنامەی کاغەزی بڕیاری لەسێدارەدان بوو، رێژەی دابەشکردنی بۆ ٧٠% دابەزی، بەتایبەتی کە بانگەشەی ئەوە کرا کاغەز ڤایرۆسەکە و بەهۆی دەستا ودەست کردن دەگوێزێتەوە، ئەم بارودۆخە زۆرێک لە وڵاتانی گرتەوە، کە بووە هۆی داخرانی زۆر رۆژنامە و بێباک بوون لەرۆژنامەنوسەکان و کەم بوونەوەی خەرجییەکانی لەکاتی ئەم پەتایە"، هەروەها دەڵێت: "ئاڵنگارییەکان بۆ رۆژنامەی کاغەزی بەمەشەوە نەوەستا، بەڵکو روبەڕووی ئاڵنگاریی مانەوەش بویەوە، لە کاتی ئەم پەتایەدا توشی نەزیفێکی توند و زەرەرەمەند بوو، خۆی لە بەردەم چەند ئاڵنگارییەکی دیکەدا بینییەوە، لەوانە درووستبوونی سنوور لە نێوان بەشێک بۆ بەشیکی دیکە و رۆژنامەنوسەکانیش دوورکەوتنەوە لەبەریەک کەوتن، بەهۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکەو، بەدوای ئەوەدا دەگەڕان کە چۆن تەندروستانە لەژینگەیەکدا کە مەترسی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە نەبێت کارەکەیان بکەن، بۆیە پشتیان بە سەرچاوەی زانستی دەبەست بۆ تێگەیشتن لە ڤایرۆسەکە و چارەسەر و رێگاکانی خۆپارێزی، کە ئەمە وای کرد کاری چاودێریی حکومییان سنورداربێت و بە ئاسانی پابەندو گوێڕایەڵی بڕیارەکان بن و بواری کارەکەیان یەکجار تەسک بێتەوە".
لە رووی ناوەرۆکی رۆژنامەکانیشەوە، هەمان رۆژنامەنووس بە''کاری نابەدڵ'' ناوی دەبات، کە بەرهەمەکان بەشێوەی ئۆنلاین و رەقەمی و لە رێگەی پێگەی ئەلیکترۆنییەوە بەرهەم دەهێنرێن، سەختییەکانی بەردەم کارکردن زۆرزۆربوون، بەتایبەتی بۆ ئەو رۆژنامانەی کە رانەهاتبوون لە پێشتردا کارەکانیان ئەلیکترۆنی بێت، لە رووی دابەشکردنیشەوە ناچاربوون هەر ئەلەکترۆنی بێت و بەشێوەی "پی دی ئێف" بینێرن بۆ خوێنەران و بەخۆڕایی و بەبێ گەڕانەوەی هیچ داهاتێک بۆرۆژنامەکە بڵاوی بکەنەوە، ئەم هەنگاوانەش تەنیا بۆ ئەوە بووە کە پارێزگاری لەمانەوەی خوێنەران بکەن. ئەمە کاریشی کردە سەر بایەخی ریزبەندی ئەولەویەتی کارەکان و لە رووی ناوەرۆکەوە خستنیە شێوەی رەقەمی رۆژنامەکە، بۆئەمەش رۆژنامەنوس یونس مسکین دەڵێت: "سەخت بوو، کاتێک کە لەئۆفیس لەگەڵ ستاف کۆدەبوینەوە و گفتوگۆی کارەکانی رۆژنامەکەمان دەکرد، هەر لە ناوەرۆک و بابەتەکانی تا دیزاین و ئەو مانشێت و وێنانەی بۆمان دادەنا و لەسەر کاغەز ڕاماندەکێشا، جوانتر دەرکمان بە بەهێزی و لاوازیی دیزاین و بابەتەکانی دەکرد، وەک لەوەی ئێستا دەیکەین، کە لە لەیەک دوورین و بە ئۆنلاین گفتگۆی شتەکان دەکەین و لەسەر شاشەی مۆبایلێکی بچووک هەڵسەنگاندن بۆ ناونیشان و وێنە و دیزاینی لاپەڕەکان دەکەین" واتە ئەم پەتایە سرووشتێکی زۆر جیاواز و نوێی رانەهاتووی بۆ خولقاندین، کە ئاسان نەبوو بۆمان". هەروەک رۆژنامەنووسێکی پورتوگالی دەڵێت: ''پەتای کۆڤید ١٩ پیشانی داین کە ئەو ژینگەیەی ئێمەی رۆژنامەنووس کاری تێدا دەکەین، چ ژینگەیەکی فشەڵ و ناجێگیرە و هەرگۆڕانکارییەک کاریگەریی لە سەری دەبێت".
Top