میدیا لەسەردەمی کۆرۆنا چی بەسەر هات؟

میدیا لەسەردەمی کۆرۆنا چی بەسەر هات؟

پەتای کۆرۆنا و گەشتە جیهانیيەکه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ نەگریسه‌، هێندە گۆڕانی بە سەر جیهاندا هێناوە، نەک لە ئێستادا بەڵکو تا سەردەمانێکی زۆری ئایندەش باسکردن و توێژینەوە و لێکۆڵینەوه‌ی لە بارەوە بکرێت، تەواونابێت.
میدیا ئەو ئامرازە گرنگ و کاریگەرە بووە کە لە یەکەم ساتی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی یەکەم تووشبوی پەتاى كۆرۆنا لە شاری ووهان، کەوتە گەڕ و تا گەيشتە ئەمڕۆ، کاریگەرببه‌كشی گەيشتووەتە ئەوەی کە دەوترێت: میدیا شوێنی هەموو ئەو کارانەی ديكه‌ى گرتووەتەوە، لە سەرقاڵکردنی مرۆڤەکان کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لێی دابڕاون.
کاتەکان و کاژمێرەکانی بەکارهێنانی میدیا لەلایەن وەرگرەکانەوە، بە ڕێژەیەک بەرز بووەتەوە، پسپۆڕان دەڵێن: رەنگە لە مێژوودا بەم شێوەی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەڵبەتە باسکردنی کاریگەريی نێوان ئەم دوو بابەتە (کۆرۆنا و میدیا) بە هەر دوو شێوەکە دەبێت و هەردووکیان وەک یەک جێى باس و خواسی فراوان و گەرمن، کە ئایا میدیا چ کاریگەرييه‌كی هەبوو لەسەر پەتای کۆرۆنا، يان پەتای کۆرۆنا چ کاریگەرييه‌كی لەسەر میدیا هەبوو؟ ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی خێرای بۆ بکەین لە چەند ڕوویەکەوە، ئه‌گەرچی هەربوارێکی ئیشکردنی میدیا لەسەردەمی کۆرۆنا پێویستی بە توێژینەوەی قووڵ هەیە، بەڵام وەک چاوپێداخشانێکی خێرا باسی هەندێک بواری ڕاگەیاندن ده‌کەین کە چ گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە، لەوانە :
1- لە ڕووی بەکارهێنان و وەرگرەکانی، لەگەڵ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانی میدیا بە ڕێژەیەک بەرز بووەتەوە کە زۆرلە پسپۆڕان دەڵین: دەگمەنە مێژووی مرۆڤایەتی ئەمەی بە خۆیەوە بینیبێت ،لەبەر ئەوەی وەرگر جگە لەوەی کاتی زۆرە و لەماڵەوەیە و ناچارە بۆ سەربردنی کاتەکانی بە میدیاوە خۆی سەرقاڵ بکات، بەڵام مەترسيی نەخۆشيیەکە و خواست بۆ زانینی زنیاری لە بارەیەوە وەرگری وا لێ کردووە، بە زۆری بۆ دوو مەبەست میدیا بەکار بهینێت، ئەویش بۆ (چاودێریکردنی بارودۆخی پەتاکە لە جیهان و ئومێد)، واتە بۆ چاودیریکردنی بارودۆخە تەندروستیيەکە و ئومێد بۆ نەمانی پەتاکە و کۆتاییهاتنى و دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەر و ڤاکسین.
2- لە ڕووی بەکارهێنانی ئامرازەوە، ئەوە بەڵگەنەویستە کە ساڵانێکە چەمکی میدیای نوێ و سەرهەڵدانی فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی جێی بە میدیای کۆن لێژ کردووە، بەڵام هیچ کات وەک ئەم کاتی پەتایە، دەرفەتی نەداوه‌ بە فراوانيی بەکارهێنانی میدیای نوێ و زیاتر ناساندنی ئەم فۆڕمە بە بەکارهێنەرەکانی و جیهان. تا ئەو ڕادەی زۆرترین توێژینەوە لە کاتی ئه‌م پەتایەدا لەسەر سۆشیال میدیا و میدیاى نوێ کراوە، وەک لە سەر میدیاکانی پێشوو کە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامەیە.
3- لە ڕووی داهات و دارایيەوە، لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەی جۆراوجۆر هەیە بۆ میدیا لە ڕووی دارايیەوە، بەڵام سێ سەرچاوەی سەرەکی رۆڵی گرنگ دەبینن لە پشتگیريی دارایی راگەیاندن، ئەوانیش: پشتگیری حکوومی، ڕیکلام، و داهاتی فرۆش كه‌ هەر سێكیان لە کاتی پەتای کۆڤید ١٩ بە هۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت لە جیهان و وەستانی کارگەی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و نەتوانینی خەرجکردنی پارە بۆ ریکلام لە لایەن خاوەن کاڵاکان مه‌ رێژه‌كه‌ى زۆر کەمی کردووە، فرۆشیش چ رۆژنامە بە هۆی دەرنەچوونی و چ کڕینی پاکیچە ڤیدیۆیی و بەرهەمە میدیایيەکان بەهۆی دابەزینی داهاتی تاکەوە، بەشێوەيه‌كی بەرچاو کەمی کرد.
4- لە ڕووی ئیتیکی پیشەیی، 'یوسن مسکین' سەرنوسەری رۆژنامەی 'اخبار الیوم'ی مەغریبی دەڵێت: کاتی پەتای کۆرۆنا باشترین کات بوو کە حکومەتەکان و خەڵک توانيیان جیاوازيی نێوان میدیای پیشەیی و ناپیشەیی بکەن، چونکە ساختە هەواڵ و هەواڵی ڕەنگاوڕەنگ و زانیاريی ساختە و درۆ بە شێوەیک راگەیاندن بەتایبەتی ڕاگەیاندنی نوێ و سۆشیال میدیای تەنی، بە تەواوەتی جیاوازیيەکەی نێوان ڕاگەیاندنی پیشەیی و ناپیشەیی زەق بوویەوە و هەستی پێ کرا.
5- لە ڕووی ئازاديی ڕادەربڕین و ئازاديی رۆژنامەگەريیەوە 'عەلا فەتریفی ' سەرنوسەری جێبەجیکردنی کۆمەڵەی 'اونا لاعلام' دەڵیت: ئەم بارودۆخە هەلی دایە دەست دەسەڵاتەکان کە ئازاديی ڕادەربڕین و رۆژنامەگەری تەسک بکەنەوە، هەر لە سەرچاوەی دەستکەوتنی زانیاری و ئاسان توانینی کۆنتڕۆڵکردنی کاری رۆژنامەگەری بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ و کەم توانینی رۆژنامەنووسان بۆ چوونە دەر و گەڕان بەدوای ڕاستيیەکاندا.
6- لە ڕووی رۆژنامەنووس و شێوازی كارکردن، راستە بە هۆی تەکنەلۆجیا و تەکنیکی نوێ و ئاسانكارى له‌ ئەنجامدانی بەشێکی زۆری کاری رۆژنامەنووسی لە ماڵەوە، بەڵام وەک 'یوسن مسکین' سەرنووسەری رۆژنامەی 'اخبار الیوم'ی مەغریبی دەڵێت: "زۆر قورس و جیاوازە کاتێک دیزاینی لاپەڕەیەکی رۆژنامە کە لە ئۆفیس دەمانکرد و ڕامان دەکێشا و بەراوردی قەبارەی وێنەکان و گونجان و ناونیشان و خوێندنەوەمان بۆ ناونیشانی رۆژنامە و بابەتکان دەکرد، وەک لەوەی لەماڵەوە لە سەر شاشەیەکی مۆبایلی بچووک و ئۆن لاین سەیری بکەین و لەگەڵ ستافەکە، یان دیزاینەرەکە به‌ ئۆن لاین گفتوگۆی بکەین" .
7- لە ڕووی ناوەڕۆک و بەرهەمهێنانەوە، زۆربەی بابەتە رۆژنامەوانيیەکان داکشانێکی زۆریان بەخۆیانەوە بینی، نموونەی وەک بابەتە وەرزشيیەکان بەهۆی وەستانی یاریيە جیهانیيەکان و نەبوونی هەواڵی نوێی وەرزشی، هەندێک بابەتی ديكه‌ش کە لە پێش پەتای کۆرۆنا لە ریزبەندی بایەخی پێشەوەی میدیاکان و وەرگر بوون، چووه‌ دواوە و بابەتی تەندروستی و زانیاری لەسەر پەتای کۆڤید ١٩ لە هەموو ڕووەکانیەوە یەکجار بەرز بوویەوە و میدیاکانی داپۆشی.
8- لە ڕووی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە، بەتایبەتی ڕاگەیاندنی کۆن رۆژنامە بەپلەی یەکەم پاشەکشەی کرد، تا ئەو ڕادەی 'عەلا فەتریفی' سەرنووسەری جێبەجێکردنی کۆمەڵەی 'اونا لاعلام' ناوی دەبات بە: "سەردەمی مردنی یەکجاريی رۆژنامەی کاغەزی" ئەویش بەهۆی ئەوەی لەبەر پاراستنی سەلامەتی خوێنەران و نەگواستنەوەی ڤایرۆسەکە بە هۆی دەستاودەستکردنی رۆژنامەی کاغەزی و نەگەیشتن و ئاسان دابەش نەکردنی بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ، لە هەمان کاتدا 'یوسن مسکین' سەرنووسەری رۆژنامەی 'اخبار الیوم'ی مەغریبی دەڵێت: "ڕاستیەکی ديكه‌ش هەبوو جگە لەمانە لە سەر پاشەکشەی گەورەی رۆژنامەی کاغەزی لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا ئەویش 'زوو خۆ ئامادەنەکردنی رۆژنامەی کاغەزی و خۆنەگونجانی لەگەڵ جیهانی ئۆن لاین' بووه‌ لە پێش پەتاکە تاکو لە کاتی پەتاکەدا خێرا بتوانێت شوێنی خۆی بکاتەوە و یان ڕێگایەکی سەلامەت و سەرکەوتووی بگرتایەتە بەر بۆ گەیاندنی رۆژنامەکە بە دەست خوینەران".
Top