بنەماكانی كاراكردن و رێكخستنەوەی كاری خۆبەخشی
December 25, 2019
وتار و بیروڕا
خۆبەخش كێیە؟
خۆبەخش ئەو كەسەیە كە خاوەنی لێهاتووییەك، یان ئەزموونێكی دیاریكراوە و دەیەوێت لێهاتووییەكەی، یان ئەزموونەكەی بەكار بهێنێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركێكی كۆمەڵایەتیی، یان ئاینیی، یان ئینسانی، بەشێوازێكی خۆبەخشانە.
بۆچی كاری خۆبەخشی پێویستە؟
1. بارودۆخی جیهان و ململانێ سیاسی و ئابوورییەكان هەمیشە فاكتەری هەڵگیرساندنی جەنگ و پێكدادانن، كە زۆربەی كات ئاوارەبوون و پەنابەریی لێ دەكەوێتەوە، بە جۆرێك كە دامودەزگا فەرمییەكان ناتوانن بە تەنیا فریایان بكەون.
2. رووداوە سرووشتییەكان و كارەساتە ژینگەییەكان لە زیادبووندان.
سوودەكانی كاری خۆبەخشی چین؟
1. پڕكردنەوەی ئەو شوێنانەی كە ژمارەی كارمەندی پێویستیان نییە.
2. پڕكردنەوەی پێداویستییە خێراكانی كۆمەڵگە.
3. ناساندنی دەزگا خێرخوازییەكان بە كۆمەڵگە لە رێگەی چالاكییەكانیانەوە.
4. كەمكردنەوەی قورسایی دارایی لە سەر دەزگا خێرخوازییەكان.
5. پەیداكردنی شارەزایی بۆ خودی خۆبەخشان.
6. پڕكردنەوەی بۆشایی و كاتی دەستبەتاڵی و بێكارییان.
7. تێركردنی پێداویستییە دەروونییەكانیان و هەستكردن بە ئینتیما بۆ نیشتمان.
لەسەر چ بنەمایەك خۆبەخشان هەڵدەبژێردرێن؟
1. هەبوونی گیانی خۆبەخشی و بەخشینی كات.
2. هەبوونی ئەزموون و كاتی پێویست بۆ كاری خۆبەخشی.
3. توانای پەیوەندیكردن و تێكەڵبوون بە كۆمەڵگە.
4. توانای كاركردن بە گیانی یەك تیمی.
5. بڕوابوون بە خۆ و كارتێكردن لەسەر ئەوانی دی.
مافەكانی خۆبەخش چین؟
1. هۆشیاركردنەوە و تێگەیاندنیان بە گرنگیی كارەكەیان، هەرچەندە ئەگەر كارێكی بچوكیش بێت.
2. هاندانیان بۆ كاركردن وەك بەرپرسیارێك بەرامبەر بە ئەركەكانیان.
3. رێز لێگرتنیان و داننان بە بەهای كارەكانیان.
4. ناساندنیان بە ئامانج و میكانیزمەكانی كاركردنیان.
5. كاركردن لەسەر راهێنانیان و گەشەپێدان بە تواناكانیان.
6. دابینكردنی ئاسانكاری لە كارەكانیاندا.
7. پێدانی هەلی كاركردن بە گرێبەست و دامەزراندنیان لە ئایندەدا.
ئەركەكانی خۆبەخش چین؟
1. بەشداربوون لە چالاكییە خۆبەخشییەكان.
2. خۆ گونجاندن بۆ كاركردن لە نێو تیم.
3. پابەندبوون بە كاتەكانی كاركردنەوە.
4. رێزگرتن لە یاسا و رێساكانی كاری خۆبەخشی لە شوێنی كاركردن.
5. بەكارنەهێنانی ناو و ناوبانگی شوێنی كارەكانیان بۆ بەرژەوەندیی كەسیی و تایبەت.
6. بەشداربوون لە خولەكانی راهێنان و گەشەپێدانی تواناكانی خۆبەخشان.
چۆن خۆبەخشان كارا و چالاك دەكرێن؟
1. هەبوونی ستافێكی كارگێڕی و هاوكار و جێگەی متمانە.
2. ئاشكرایی و روونیی بەرنامە و ئامانجەكانی شوێنی كاركردنیان بۆ خزمەتی كۆمەڵگە.
3. رێكخستنی ئارەزووەكانی كەسی خۆبەخش لەگەڵ ئامانجەكانی شوێنی كاركردنیان.
4. هەبوونی پەیكەرێكی ئیداری بۆ جێكردنەوەی خۆبەخشان لە شوێنی كاركردنیان.
5. ئامادەكردنی یەك یەك، یان بەشێكی تایبەت بە كاری خۆبەخشی و خۆبەخشان لە هەر دامودەزگایەك.
رێگرەكانی بەردەم كەسانی خۆبەخش چین؟
1. ناروونیی ئامانج لە كاری خۆبەخشی لای خۆبەخشان.
2. جیاوازیی تێڕوانین و بۆچوون لە نێوان خۆبەخشان و شوێنی كاركردنیان.
3. پێ نەدانی كارێكی دیاریكرا و بە كەسی خۆبەخش.
4. ناتوانایی كەسی خۆبەخش لە بەرامبەر ئەو كارانەی پێی دەسپێردرێت.
5. پابەند نەبوونی خۆبەخشان بە رێنماییەكانی شوێنی كاركردنیان.
6. نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان خودی خۆبەخشان خۆیاندا.
هەنگاوەكانی رێكخستنی كاری خۆبەخشی چین؟
1. دیاریكردنی ئەو ئەركەی داواكراوە لە خۆبەخش.
2. دیاركردنی مەرجەكانی قەبوڵكردنی خۆبەخشان وەك تەمەن و ئاستی خوێندن و ئەزموون.
3. سازكردنی چاوپێكەوتن لەگەڵ خۆبەخشان بۆ هەڵبژاردنی كەسی شیاو لە نێویاندا.
4. دابەشكردنی خۆبەخشان بەسەر كارەكانیاندا.
5. ئاراستەكردن و راهێنانی خۆبەخشان.
6. سەرپەرشتی و چاودیرێریكردنی خۆبەخشان.
7. هەڵسەنگاندنی كار و چالاكیی خۆبەخشان.