دینی خودا ناگۆڕێت، بەڵام تێگەیشتنی مرۆڤ لە دین دەگۆڕێت

دینی خودا ناگۆڕێت، بەڵام تێگەیشتنی مرۆڤ لە دین دەگۆڕێت
بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی كە ئەبوداود ریوایەتی كردووە لە پێغەمبەرەوە (دروودی خوای لەسەر) كە فەرموویەتی: (ان الله يبعث لهذه الأمة على رأس كل مئة سنة من يجدد لها دينها).
بڕوانە، دەفەرموێت: (دینها) نەك (دینە)، (ها) بۆ ئومەت دەگەڕێتەوە، ئەم فەرموودەیە پێمان دەڵێت كە دین دووانە، دینی خوا و دینی ئومەت، بۆیە دینی خودا وەكو خۆیەتی، تێكستەكانی ناگۆڕێن و دەستیان لێ نادرێت، بەڵام تێگەیشتنی مرۆڤ لە دین تازە دەبێتەوە، بۆیە فەرموویەتی: (من یجدد لها دینها)، واتە: ئەو نوێخوازە، یان ئەو نوێخوازانە تێگەیشتنی ئوممەت تازە دەكەنەوە.
كەواتە دینی خودا كۆن نابێت، ئەوە دینی ئومەتە كە كۆن دەبێت، واتە تێگەیشتنی ئێمەیە كۆن دەبێت.
لێرەوە پرسیارێكی گرنگ دێتە پێشەوە كە ئەویش ئەم پرسیارەیە:
بۆچی دینداریی كەسێك، یان نەتەوەیەك جوان و مرۆڤدۆستانەیە، كەچی دینداریی كەسێك، یان گەلێكی دیكە ناشیرین و توندوتیژە، لە كاتێكدا هەردووكیان سەر بە هەمان ئایینن و هەمان دەقی ئایینیشیان لەلایە؟
ئەگەر ئەم پێشەكییەی سەرەوەمان قبووڵ بێت، ئەوسا رەنگە وەڵامەكە ئەوە بێت كە ئەوە تێگەیشتنی مرۆڤە كە قەیرانی ئایینی دروست دەكات، نەك خودی دەقە ئایینییەكە. بەڵام پرسیارەكە هێشتا بەردەوامەو دەڵێت: باشە مرۆڤ بۆچی لە قەیرانی تێگەیشتنی دەقدا دەژیت؟
لەوانەیە بتوانین – بەپێی قەبارەی ئەم گۆشەیە – وەڵامەكە لە سێ خاڵی سەرەكیدا كورت بكەینەوە:
یەكەم : چەقبەستوویی لە هزردا
چەقبەستوویی هزریی ئەوەیە كە ئینسان وا تێبگات كە گەیشتووە بە حەقیقەت و ئیتر بوەستێت. لەهەر شوێنێكیشدا ئینسان وەستا و چەقی بەست، ئیدی لەوێدا ئەو حەقیقەتە لەلای ئەو جێگیر دەبێت و شتی دیكەی لەسەر ناخوێنێتەوە. بۆیە هەر كاتێك هەر مرۆڤێك لە پرسیاركردن بوەستێت و پرسیاری نەمێنێت، ئەوسا تووشی چەقبەستوویی هزریی دەبێت.
كەواتە حەقیقەت بۆ ئەوەی پێی بگەین، دەبێت هەمیشە ژمارەی پرسیارەكانمان زیاتر بێت لە ژمارەی وەڵامەكانمان، دەبێت مێشكی خۆمان وا رابهێنین كە كراوە بێت، بۆ ئەوەی تووشی چەقبەستوویی نەبین. بۆیە گوتراوە عەقڵ وەكو چەتر وایە، چەتریش لە گەرما، یان لە باران دەتپارێزێت، كاتێك كە دەیكەیتەوە، بەڵام ئەگەر داتخستەوە، ئەوسا جیاوازیی نییە لەگەڵ گۆچانێكدا.
كەواتە ئەو كاتە چەتر وەزیفەكەی خۆی دەبینێت كە بكرێتەوە، عەقڵیش هاوشێوەی چەترە، ئەو كاتە عەقڵ وەزیفەی خۆی دەبینێت كە كراوە بێت و، پرسیار لەخۆی بكات.
دووەم: چەقبەستوویی لە زەماندا:
با بڵێین لە پێشی سەد ساڵەوە فكرێك، یان جۆرێك لە تێگەیشتنمان بۆ بەجێماوە، ئەم تێگەیشتنە نابێت وەكو خۆی وەریبگرین، چونكە ئەوەی ئەو كاتە زانیویەتی لە بەر رۆشنایی زانستی زەمانەكەی خۆیدا لێی تێگەیشتووە، كە ئێستا بە دڵنیاییەوە گۆڕانكاری روویداوە، هەر لەم چارەكە سەدەیەی ئێمەدا، ئینتەرنێت و فەیسبوك و تویتەر و ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانە و گۆگڵ و سێرچ و.. هتد، بزانە چ جۆرە زانستی نوێ هاتۆتە بەر دەستمان؟
بۆیە كاتێك كە پێغەمبەران – دروودی خوایان لەسەر - باسی هەر شتێكی نوێیان بۆ خەڵكی كردبێت، وەڵامی زۆرینەی خەڵك ئەوە بووە كە گوتوویانە: ئێمە باوباپیرانی خۆمان هەروا دیوە، قسەو تێگەیشتنی زەمانی ئەوان ناگۆڕین، بەڵام خوای گەورە وەڵامیان دەداتەوە و دەفەرموێت: هەتا ئەگەر باوباپیرانتان نەزانیش بووبن، هەر چاویان لێ ئەكەن؟
سێیەم: چەقبەستوویی لە شوێندا:
یەكێكی دیكە لەو هۆكارانەی كە دەبێتە مایەی ئەوەی كە خەڵكێك تەنیا تێگەیشتنێكی بە حەقیقەت زانیوە، ئەوەیە كە ئەو خەڵكە لە شوێنی خۆیان چەقیون.
لە چیرۆكێكی سیمبوڵیك و رەمزیدا كە مانایەكی گەورەمان پێ دەڵێت، دەڵێن، بۆقێك لە نێو بیرێكدا سەیری سەرەوە دەكات، دەبینێت كۆترێك لەسەر دەمی بیرەكە نیشتۆتەوە. دەڵێت: تۆی كۆتر بۆچی بێتاقەت و ماندوو دیاریت؟ بۆچی ئەوەندە بە توندی هەناسە دەدەیت؟
كۆترەكە دەڵێت: ئەم ئاسمانە فراوانە كە من تیایدا دێم و دەچم و كۆتایی نایەت، ماندووی كردووم.
بۆقەكەش – كە هەموو ژیانی لەناو بیرێكدا بووە – دەڵێت: ئاسمان كوا ئەوەندە گەورەیە؟ ئاسمان هەر بە قەدەر دەمی بیرەكەیە!!
قسەی بۆقەكە لای خۆی راستە و بە چاوی خۆیشی هەر وای بینیوە و ئەوەش حەقیقەتە، بەڵام چونكە ئەو لە نێو ئەو چاڵەوە بۆ سەرەوە دەڕوانێت، لای ئەو ئاسمان هەر ئەو سنوورەیە، بەڵام ئەوەی كە كۆترەكە لە دەرەوە دەیبینێت، ئاسمانێكی یەكجار فراوانە.

Top