لەسەر حسابی كورد
July 9, 2019
وتار و بیروڕا
پەكەكە وەك جەمیل بایەك دەڵێ بە نیازی دەسپێكردنەوەی دانوستانە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا، ئەمجارەیان روویان لە توركە نەژادپەرستەكانە و وەك جەمیل دەڵێ: دەبوا پێشتریش وامان كردبا و جگە لە ئۆردوگان لە دەرگای ئەوانیشمان دابا، سەقفی داواكانیشیان وەك بایەك دەڵێ تەنیا و تەنیا ئەوەندەیە حزبەكانی تورك روانگایان بۆ نەتەوە بایی هێندە دەسكاری بكەن كە جگە لە تورك، نەژادەكانی دیكەش لەو چوارچێوەیەدا جێ بگرن.
پەكەكە بۆ ئەوەی دڵسۆزی خۆی بۆ وەحدەتی توركیا و ئوممەی توركی و سنور و سیادەتی نەتەوە سەردەستەكانی دیكەی ناوچەكە نیشان بدات، دژایەتی خۆی بۆ بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی چڕتركردۆتەوە. لەو بوارەشدا پارتی وەك داینەمۆ و هێزی سەرسەختی كوردایەتی بە ئامانج گرتووە، دەیەوێت بەو دژایەتی و سەنگەرگرتنە و لەسەر حسابی كورد، خۆی لای داگیركەران شیرین بكات و پێگەی دانوستانكاریی خۆی پتەو بكات، دانوستانێك كە سەقفی داواكریی پەكەكە تێیدا هەر ئەوەندەیە كە چەمكی (نەتەوەی تورك) بەجۆرێك شرۆڤە بكرێت كە جێی ئەوان و خەڵكی دیكەیشی تێداببێتەوە.
بەداخەوە لە باشور، رقەبەرایەتی و بەرچاوتەنگیی حزبی رێگەنادات كۆی حزبەكان ئەم حەقیقەتە ئاشكرایەی سەرەوە وەك هەیە ببینن و دانی پێدا بنێن، هەندێكیان هەر سوورن لەسەر ئەوەی مەترسیی ئایدیۆلۆجی و چەكدارانەی ئەنتی نەتەوەیی پەكەكە بۆ سەر كۆی دەسكەوتە نەتەوەییەكانی كوردستان، وەك مەترسی بۆ سەر پارتی بە تەنیا وێنا بكەن.