سۆشیاڵ میدیا و دروستكردنی هەستی نابەرپرسیارێتی

سۆشیاڵ میدیا و دروستكردنی هەستی نابەرپرسیارێتی
ئاشكرایە بەرپرسكردنی تاك بەرامبەر مافەكانی تاك و هەروەها بەرامبەر و نیشتمان و نەتەوە و...هتد، لە منداڵییەوە سیستمی پەروەردە كە خێزان و قوتابخانە و مزگەوت و كەنیسە و ئایینە ئاسمانییەكان و كۆمەڵگە رۆڵی تێدا دەبینێت، بەهاتنی میدیاش پسپۆڕان رایان وایە كە لە پەروەردەدا میدیا پشكی زۆری بەردەكەوێت، بۆیە میدیای بەرپرس دەتوانێت تاك فێری بەرپرسیارێتی بكات، بەتایبەتی میدیایەك كە بەرامبەر پەروەردە و هاووڵاتی و خاك و نیشتمان بەرپرسیار بێت. ئیمە وەك وڵاتانی تازەگەشەكردوو كە سیستمكی حزبی لە دامودەزگاكانماندا تا راددەیەك زاڵترە لە سیستمی نیشتمانی، بۆ میدیاش بەهەمان شێوە، گرفتگەلێكی زۆرمان هەبوو لەوەی كە میدیاكانمان ناتوانن بەرپرسیارێتی بۆ تاك دروست بكەن. بەهاتنی سۆشیال میدیاش گرفتەكە زیاتر بوو، چونكە خودی ئەم ئامرازە نوێیەی راگەیاندن نەك تەنیا ناخی تاك فێری بەرپرسیارێتی ناكات، بەڵكو هۆكاری زۆر هەن كە وادەكات خۆیشی بەرپرس نەبێت، لەوانە:
١-سۆشیال میدیا خۆی بەرهەمی هیچ دەزگایەكی دیاریكراو نییە، تاكو لە سەرچاوەكەوە بەرپرس كرابێت، بەڵكو بەرهەمی دەستی بەكار هێنەرەكانیەتی، كەواتە بەكارهێنەرەكانی چەندە خۆیان بە هەست و پەروردەیەكی بەرپرسانەوە مامەڵە بكەن و ناوەرۆكی بۆ دابەزێنن و پۆست و كۆمینت و لایكەكانیان بەرپرسیارانە بن، ئەوەندەش كاریگەریی بەرپرسیارێتی دەبێت. كەواتە ئەم هەستی بەرپرسیارێتییە لە كۆمەڵگەیەك بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە و لە تاكێكیك بۆ تاكێكی دیكە دەگۆڕێت، لە كۆمەڵگەیەكدا كە بە سیستم و یاسا رێكخراوە و تاك بەرپرسە بەرامبەر خەڵك و خاك و نیشتماندا جیاوازە لەم كۆمەڵگەیەی ئێمە كە خۆی لە خۆیدا تاكی بەرپرسیار دروست ناكات.
٢-سۆشیال میدیا تاوەكو ئێستا نە بە یاسا، نە بە ئیتیك بە باشی رێكنەخراوە، كە لە بنەڕەتدا ئەم دوو بابەتە میدیا بەرپرس دەكەن.
٣-سۆشیال میدیا فەزایەكی یەكجار ئازادی رەهای بۆ تاك فەراهەم كردووە، بۆیە كە تاكیش رەها و ئازاد بوو، ئیتر چۆن مامەڵەی بەرپرسیارێتییانە دەكات ئەوە لە ئەستۆی خۆیەتی.
٤-سۆشیال میدیا شوێنێكە تاك دەتوانێت بە شاراوەیی و بە دەمامكەوە مامەڵەی تێدا بكات، تاوانیش بە شاراوەیی و دەمامكەوە ئاسانترە، لەبەر ئەوە ئاسانە بۆ ئەوەی هەركەسێك دەوێت چۆن رەفتار بكات، بێ ئەوەی بناسرێتەوە.
٥-سۆشیال میدیا سزای تیدا نییە بۆ بەكارهێنەرەكانی، تەنیا هەندێك كۆدی جیهانی نەبێت كە پەیوەستە بە تیرۆر و تاوانەكانی دیكە كە لە جیهاندا رێگە پێ نەدراون، ئەویش تەنیا ئاگادارت دەكاتەوە، یان ئەگەر پۆستێكت،یان وێنەیەكت دابەزاند كە نزیك بوو لەو شتانە، ئەوا بۆ ماوەیەك ئەكاونتەكەت رادەگرێت.
٦-سۆشیال میدیا مەودای بەكارهێنانی فراوانترە، وەك: دانانی بابەتی نووسراو، ڤیدیۆ، وێنە، كۆمێنت و لایك، كردنەوەی پەیج، گرووپ و چاتی ناو گرووپەكان، كەواتە ئاسانە بۆ تاك ئەگەر بە تەنیا لە كۆمێنتیك، یان چاتێكی ناو گرووپەكان شتانێك بڵێت كە بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆ نەگرێت.
دەرەنجامی ئەمانە:
١-تاكێك دروست دەبێت كە چۆن لە جیهانە گریمانییەكەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نابەرپرسانە مامەڵە دەكات، ئاواش لە جیهانی واقیعی و ناو خێزان و شوێنی كار و كۆمەڵگەكەی خۆیدا نابەرپرسانە بجووڵێتەوە.
٢-ژیانی تایبەتیی هەموومان دەكەوێتە مەترسییەوە، بەئاسانی دەتواندرێت لەسەر شتە تایبەتەكانی ژیانمان قسە بكرێت، بشێویندرێت، چەواشەكاری بكرێت، درۆ بكرێت، لە كاتێكدا لە یاسای جیهانیدا لەگەڵ باسی ئازادی رادەربڕیندا هاوكات باسی مافی تایبەتیش كراوە، كە دەبێت پارێزراو بێت.
٣-كۆمەڵگەیەكی نائارام، تا دەگاتە ئەوەی ئاسایشی نەتەوەیی، نیشتمانی، كۆمەڵایەتی و كەسیمان لەبەردەم هەڕەشەدا بێت.
٤-رەنگدانەوەی ئەو هەڵسوكەوت و فەزایەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەبێتە هۆی دروستكردنی توندوتیژی لەناو كۆمەڵگە و واقیعەكەدا، لە دەرهاویشتەی ئەو بابەتە نابەرپرسانەی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە یەكتر و حزب و ئایین و ژیانی یەكتری دەڵێن.
چارەسەر:
١-بیركردنەوە لە رێكخستنێكی یاسایی بۆ سۆشیال میدیا و بەرپرسكردنی بەكارهێنەرەكانی.
٢-پەروەردەكردن و هۆشیاركردنەوەی تاك بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەم جیهانە نوێیەی راگەیاندندا.

Top