ئیسلامیيەکانی کوردستان و نەدۆزینەوەی فۆڕمێکی سەرکەوتوو بۆ کارکردن

ئیسلامیيەکانی کوردستان و نەدۆزینەوەی فۆڕمێکی سەرکەوتوو بۆ کارکردن
ئەم باسە تەنها شیکارێکی خودیە بۆ ئەو فۆڕمە تاقیکراوانەی بزاوتی ئیسلامیی لە مێژووی کوردستانی باشور، هۆکارەکانی پشت نەدۆزینەوەی ڕیتمێکی سەرکەوتووی بەردەوام بۆ کارکردن، ئەڵبەتە کە دەڵیم ڕیتمێکی بەردەوام مەبەستمە کە نکوڵی لەوە نەکەم کە لەهەندێک کات و زەمەندا ڕەوتێک لەم ڕەوتانەی کاری ئیسلامیی، ڕەنگە هەڵکشانێکی باشی بەخۆیەوە بینیبێت و چەند قۆناغێکی باشی بڕیبێت و جەماوەرێکی باشی لەخۆی کۆکردبێتەوە، بەڵام نەتوانراوە ئەو شێوازە لەکارکردن بەو هەڵکشانە یاخود بڵێین سەرکەوتووییە بەردەوامی پێبدرێت و ببێتە فۆڕمێکی جێگیر.

باسکردن لە بزاڤ و ڕەوتی ئیسلامیی ئەڵبەتە باسکردنە لەسەر ئەو بزاوتانەی کە لە ڕێکخستن یاخود شێواز جوڵەیەکی سیاسی یاخود پەروەردەیی ویستویانە کار بکەن، باسکردن نییە لە خواناسی نەتەوە یاخود ئایین و پابەندی تاکی کۆمەڵگەی کوردی بە ئایین و خواپەرستییەوە، چونکە ئەمە بەهاتنی ئایینی ئیسلام و فتوحاتی ئیسلامیی هاتووە، بەرهەمی هیچ ڕەوتێکی سیاسی یان پەروەردەیی کوردی نەبووە و کەس ناتوانێت بە هیچ ناوێکەوە خۆی بکاتە خاوەنی یاخود دامەزراندن و هێنەری ئەو فیکر و بیڕوڕا ئیسلامەی بۆ ناو گەلی کوردستان. هەروەها هێندەش باسەکەم لە پەنجاکان و سەرهەڵدانی یەکەم بزاوتی ئیسلامیی کەسەرەتاکەی بە هێنانی بیری ئیخوان موسلیمین دەست پێدەکات، باس لەوە ناکەم کە لە پێش ئەوەدا شۆڕشی کوردی لەسەر دەستی زاناو پیاوچاک و خواناسانی ئەو سەردەمەدا سەری هەڵداوەو هەردوو بیرە خواناسی و نەتەوەیەکەى گرێدراوی یەکبوون و سیمای شۆڕش و بزاوتی ڕزگاری خوازی کوردی بوون.

ئەگەر چی ئەمەش نەتوانرا درێژەی پێبدرێت دواتر بزاوتی ڕزگاری خوازی نەتەوەکە سیماى نەتەوەییەکەی هەڵگرت و سیماى ئایینی و خواناسییەکەی بەجێهێشت، واتە دەتوانین بڵێن ئەویش نەیتوانی پارێزگاری لە فۆڕمەکەی خۆی بکات وەک بیرە ئایینی و زانایان و پیاوانی مزگەوت وخانەقا و حوجرەکان نەبوونە خاوەنی و ئاڕاستەکەیان لەدەست وەرگیراو بەرەو ئاڕاستەیەکی نەتەوەیی بگرە لە هەندێک بزاوتدا بیری چەپ.



چونکە ئەو بزووتنەوە وگروپە ئیسلامییانەی کە هاتن، نەهاتنە سەر پرسە نەتەوەیەکەو درێژە پێدەری ئەو مێژوو و شۆڕشە ئایینی و کورادیەتییەبن کە پیاوانی وەک شێخ عەبدولسەلام بارزانی، عوبەیدوڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران...هتد و عەبدول سەلام پێشڕەویان دەکرد.

ئەگەر بەو ڕەوتە دەست پێبکەین کە ساڵانی پەنجاکان بە هێنانی فیکری ئیخوانی بۆ کۆمەڵگەی کوردی لەسەر دەستی محەمەد سەوواف دەست پێبکەین، سەیردەکەین ئەم بزاوتە توانی زانایان و خەڵکانێکی زۆر لەنوخبەو کەسانی دیار و ئەهلی حوجرەو مزگەوتەکان لە خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام گرفتی ئەم ڕەوتە ئەوەبوو نەهات - هەروەک چۆن نەیان توانی درێژە پێدەری ئەو میژووە ئایینی و نەتەوەییە بن کەلەسەرەوە باسمان کردن - نەشهاتن ئەم بیری ئیخوانییە بکەنە پاڵپشتی ئەو ڕیتمە خواپەرستییەی کە کۆمەڵگەی کوردی وابەستەی بوو، واتە بیکوردێنن، ڕاستە من وەک قوتابییەکی ئەو قوتابخانەیە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا قوتابخانەیەک بوو بۆ کاری پەروەردەیی و ڕێکخستنی تۆکمەو دروستکردنی کەسی شارەزا لە پەروەردەی ئیسلامیی، بەڵام بە فیکری ئیخوانی نەک کوردی و هەندێک شتی نامۆ بوو بە کۆمەڵگەی کوردی و تاڕادەیەک دابڕانێکی دروستکرد لە نێوان ئەو شێوازە خواپەرستی و پۆشاک و هەڵسوکەوتەی تاکی کوردی موسوڵمان لە دێرزەمانەوە لەم کۆمەڵگە پێوەی پابەند بوو، واتە کۆپی پەیستی هەموو فیکرەکە بەهەموو هەڵسوکەوتەکانیەوە کە ئەندامێکی ئیخوانی لە میسر چۆن وابەستەیەتی و چی لەبەردەکات و چ هەڵسوکەوت دەکات دەبوو تاکێکی کوردیش کە دەبووە ئەندامی ئەو قوتابخانەیە هەمان شت بوایە، هەروەها ئەو ڕاستییەش نابێت بشارینەوە کە تا ڕاپەڕین و دواتری بە حیزب بوونی ئەو بزاوتانەی کە فەرعی ئیخوانی بوون لە کوردستان هیچ کات بەلای پرسی نەتەوەو کورادیەتیدا نەدەچوون، لە پرۆگرام و مەنهەجیەتی ئەو قوتابخانەیەدا کە تاکی لەسەر پەروەردە دەکرد، باسی کوردایەتی و نەتەوە نەبوو.

ئەمە وایکرد ئەو بزاوتانەی کە لە پەنجاکانەوە تا نەوەدەکان خەباتی ژیرزەمینیان هەبووە و توشی قوربانی و زیندان و ئاوارەیی و دەرکردن بوون، یەک ڕۆژی ئەو مێژووەیان بە خەباتی نەتەوەیی بۆ حساب نەبوو، کاتێک ڕاپەڕین هات بۆ خۆخستنە ناو پرسە نەتەوەییەکە، نمونەی وەک یەکگرتووی ئیسلامیی ناچاربوو کە ڕەهەندە ئیخوانییەکەی کاڵ بکاتەوە و سەربەخۆیی بوون و کوردستانی بوونی خۆی ڕابگەینێت، چیتر بە پاشخانە ئیخوانییەکەی خۆی نەناسێنێت، لەلایەکی ترەوە جیابوونەوەی بزووتنەوەی ئیسلامیی دواتر دروست بوونی ڕەوتی تری وەک پەیوەندی ئیسلامیی، خەتی یەک و خەتی دوو، یەکبوون و دواتر کۆمەڵی ئیسلامیی هەمووی هەوڵ و تەقەلای ئەم بزاوتە ئیسلامییانەیە بۆ دۆزینەوەی فۆڕمێکی کاری سەرکەوتوو کەلەگەڵ واقعەکەدا بیگونجێنن. چونکە هەرگیز نابێت چاو لەوە داخەین کە ڕەوتی ئیسلامیی خاوەنی توانایەکی مرۆیی و سەرچاوەیەکی مرۆیی بەتواناو بزێوە کە هەمیشە لە فۆڕمێکدا سەرکەوتوو نەبووبێت بەدوای فۆرمێکی تردا گەڕاوە، ئەوەبوو زانایانی وەک خوالێخۆشبوو مامستا مەلا عوسمان و براکانی چەند زانای تری دیاری کوردستان سەرەتا چوون بەیعەتیان بە ئیخوان دا لە بەغداد، دواتر کە بارودۆخی ئیخوان لە عێراق کەوتە مەترسییەوە، ئەوان هەر ساردنەبوونەوە لەکوردستان درێژەیان بەو خەباتە دا تا هاتە گرتن و زیندانیکردنی کەسە دیارەکانی ئەم بزاوتە وەک نمونە مامۆستا حەسەن شەمێرانی کە بە کۆپتەری عێراقی لە شاری هەڵەبجە دەست بەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ زیندان.

ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە ڕەوتی ئیسلامیی چ وەک زەرورەت و پێداویستی خەڵک کە تائێستاش جەماوەرێکی خۆی هەیە لەکوردستان و چ وەک کەسانی پێشڕەوی ئەو ڕەوتانە ناتوانن دەست بەرداری ئەو ڕەوتە ببن، بەڵام ناتوانن فۆڕمێکی سەرکەوتوو بۆ کارکردن بدۆزنەوە کە وەڵامدەرەوەی پرسە نەتەوەیی و پەروەردەی ئایینی و جەماوەرە خواناسە کوردیەکە بێت. لە هەلومەرجێکدا کە بۆشاییەک هەبووە بە شێوازێکی کاری ئەم ڕەوتە ئیسلامییە پڕکراوەتەوە، ئەم ڕەوتە بەرەو هەڵکشان چووە بەڵام دواتر نەیتوانیووە بەردەوام بێت و توشی وەستان بوەتەوە، هەرجارە بەهۆکارێک، نمونەکانی ئەوە بزووتنەوەی ئیسلامیی لەوسەردەمەدا کە دروست دەبێت لەشاخ، چانسێکی باشی دەبێت و تەنانەت دواتریش کە دێتەوە شار دوای ڕاپەڕین، چونکە لە هەشتاکاندا بیرێکی چەپ تێکەڵ دەبێت لە ناوڕەوتی ڕزگاریخوازی کوردی کە بانگەشەی بێدینی و ئیلحادی دەکات، مارکسییەت بەجۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە بیروڕای هەندێک لە سەرکردە دیارەکانی شاخ لەسەردەمی شۆڕشدا، وای لێدێت کوردە خواپەرست و دیندارە کوردەکە، ڕقی لەو جۆرە لە بزاوتی کوردی ببێتەوە، بوونی بزووتنەوەیەکی چەکداری ئیسلامیی دەبێتە وەڵام دەرەوەی خواستی بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە دیندارە، بەڵام دواتر کە بزووتنەوە بەشداری شەڕی ناوخۆ دەکات و هەمان ئەو کردارانە دووبارە دەکاتەوە کە بزووتنەوە یان پارتە نەتەوەییەکان دەیکەن لە کوشتن و توندوتیژی، پەیڕەوکردنی بیری توندی جیهادی و سەرهەڵدانی و جیابوونەوەى هەندێک باڵی توندی جیهادی لەم ڕەوتە، ئەو خۆشەویستییەی خەڵک هەیبوو بۆیان کەم دەبێتەوە، لەناو خودی ئەم بزووتنەوەو سەرکردەکانی بیروڕای جیاواز دروست دەبێت، سەرەتای دابەش بوون، دیسانەوە یەکگرتن و ئیتر لەوێوە بەرەو یەکبوون و دروست بوون و جیابوونەوەی کۆمەڵ، ئەم ڕەوتە دەوەستێنێت، جەماوەرەکەی بێناز دەکەون و ئومێدەکانیان ئاوادەبێت.

بەڵام دیسانەوە پێداویستی بوونی کۆمەڵگە بەحوکمی پاشخانە ئایینییەکەو وزەو توانای مرۆیی لەم ڕەوتە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم بزووتنەوەیە دەهێڵیتەوە، بەڵام ئەو ڕەوت و فۆڕمە سەرکەوتووە نییە کە سەرکردایەتی ڕەوتە ئیسلامییەکە بکات و هاوتەریبی پارتە نەتەوەییەکان بڕوات.

نمونەی تری وەک یەکگرتووی ئیسلامیی، هەر لەسەرەتای بوونی بەحیزب دەرک بەوە دەکات کە خاوەنی مێژوویەکی درێژو قوربانییە، بەڵام هیچی نەچووەتە سەر کریدیت و ئەکاونتی وەک پارتێکی نەتەوەیی و بۆی حساب نەکراوە، بۆیە دەست بە کاڵبوونەوەى خۆی لە بیرە ئیخوانی و ناوە ئیخوانییەکەی دەکات و ناوی کوردستانی دەکاتە ناوی حیزبەکەی و تەرکیز لەسەر زەقکردنەوەی باسی نەتەوە دەکات و خۆی سەربەخۆ دەکات لە پابەند بوونی بە دایکە ئیخوانییەکەی. ئەو فۆرمەی لەسەرەتای کارکردنی هەڵی دەبژێرێت بۆ کارکردن سەرەتا وەک پارتێکی چاکسازی و پەروەردەیی و لەوکاتەی خەڵک ماندووە بەشەڕی ناوخۆ و هەژاری و گەمارۆی ئابوری، ئەم ڕەوتە دەبێتە داڵدە بۆی، لە ڕووى خزمەتگوزارییەوە، بەهۆی بوونی ڕابیتەی ئیسلامی و یارمەتیدانی هەژاران و هەتیوان و بوونی پرۆژەی خێرخوازی ولەلایەکی تریشەوە پرکردنەوەی بۆشایی ڕۆحی و ڕەواندنەوەی ماندویەتی خەڵک بە بوونی ئۆرگان و ئوسرەی زۆری پەروەردەیی خزمەتەکانی دەگاتە زۆر جێگای ئەم وڵاتە، بەخت یاوەریەتی و خەڵک لە ئاستی جۆراوجۆر ئومێد دەداتەوە بەم ڕەوتە.

بەڵام دیسانەوە کە هەنگاو دەنێت بەرەو سیاسەت، لەلایەکەوە وەک وتمان ئەو پشت ئەستور نییە بە مێژووە نەتەوەییەکە و میژووەکەی بە خەباتی نەتەوەیی کەنیو سەدە کاری کردووە بۆى حساب نەکراوە، ڕەوتێکی مەدەنییەو چەکی نییە، ناتوانێت ببێتە خاوەنی سەرمایە نیشتمانییەکە. بۆیە بە لاوازی دەچێتە سیاسەتەوە، بەشداری پێدەکرێت، نەک بەشداربکرێت لە سەرمایەو خەیروبەیری وڵات، خەڵکیش لەلایەکەوە یەکگرتووی بە پەروەردەیی ناسیووە نەک بە سیاسی، کە چوویتە سیاسەت خەڵک چاوڕێی شتت لێدەکات، وەک پارتە سیاسییەکانی تر، کاتێک یەکگرتوو ناتوانێت ئەمە بکات، ئەوەش چاو لێدانەخەم کە هەڵسوکەوتە سیاسییەکەی چ هەڵوێستەکانی چ هەڵپەو کرداری وەزیرو هەندێک لە پەڕلەمانتارەکانی دژ یەک وەستایەوە لەگەڵ ئەوەی کە جەماوەرەکەی لەسەرى پەروەردە کردبوو، ئەمیش لێرەدا، وردە وردە خەڵک لە سیاسەت کردنەکەی بێ ئومێد بوو، چونکە نەیتوانی وەک پارتە باڵادەستەکان شت بۆ جەماوەرەکەی بکات.ئەمە زیانیشی لە سەرکەوتنە پەروەردەیی و چاکسازییەکەی دا، ئیتر خاڵی وەستان وهەڵکشان و خۆری ئەم پارتە لاوازبوو.

لەکاتی بڕیاردانی بە بوون بە ئۆپۆزسیۆن لەبەرئەوەی خەڵک ماندووبووە لە گەندەڵی، ناڕەزایەتییەکانی شەقام بەرزدەبوویەوە، خەڵک دەرکەوتنی پارتێک کە ئیعلانی ئۆپۆزسیۆن بوون بکات بوویەوە چرا و ئومێدی، گەرچی یەکگرتوو ویستی ئۆپۆزسیۆنێکی نەرم و بە پشوو بێت و وردە وردە ئیمتیساسی کارەکانی دەسەڵات بکات. بەڵام سەرهەڵدانی ڕەوتێکی تری ئۆپۆزسیۆن کە جیاواز لە ڕەوتەکەی یەکگرتوو کاری کرد، توند، بە پەلە بە جۆرێک لە جۆرەکانی بە ڕۆحی ئینقیلانی، توانی سەر لە ڕەوتەکەی یەکگرتوو بشێوێنێت و لەهەمانکاتیشدا جەماوەرە ناڕازییەکە بەرەولای خۆی ببات، هەڵەی یەکگرتوو لێرەدا ئەوەبوو دیسانەوە وەک فۆڕمە پێشووەکانی تری ڕەوتی ئیسلامیی نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوونە نەرم و بە پشوەکەی خۆی، چووە گۆڕەپانى ئۆپۆزسیۆنە توندو شوێن ناڕازایەتییەکانی خەڵک.

ئالێرەدا لەبەرئەوەی نە سروشتی کاری یەکگرتوو نەسروشتی جەماوەرەکەی وا پەروەردە نەکرابوو بەو ئاوازەی ئۆپۆزسیۆنە دراوسێ توندەکەی کاربکات و جنێوو بدات، ڕەوتەکەی خۆشی ونکردوو لە ڕەوتە تەبەنییەکەش نەیتوانی لەگەڵ ڕەوتە ئۆپۆزسیۆنە توندەکە بڕوات، واتە دیسانەوە وەستانێکی تر، ئەم وەستانە و پێشتری ئەم وەستانەش ڕای جیاوازی دروستکرد لەناو سەرکردەو ئەندامانی ئەم پارتە، بە ئیسلامیی بمێنین ؟ببینە نیشتمانی ؟چۆن ببین؟ لەلایەکی ترەوە سەرتاسەری ئەم پارتە لە زاخۆ بۆ تەوێڵە کە جوگرافیای سیاسی و سروشتی تاکەکانی ئەم دەڤەرانە جیاواز بوون لە ماوی ٨ کۆنگرەی یەکگرتوودا نەیتوانی ئەو بریارە بدات کە ئایا بە ئیسلامیی بمینێت یان ببێتە نیشتمانی.

ئەوەبوو دیسانەوە دوای کۆنگرە یەکگرتووی ئیسلامیی دەیەوێت سەرکردایەتی یەکگرتنی ئیسلامییەکان بکات و فۆرمێکی نوێ بدۆزیتەوە، لەکاتێکدا یەکگرتووی ئیسلامیی ١٠ساڵێک پێش ئێستا هەموو هەوڵێکى ئەوەبوو ناسنامەی خۆی جیاکاتەوە لەو ڕەوتە ئیسلامییە چەکدارییە جیهادییانە، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم ڕەوتە ئیسلامییە بەتایبەتی ڕەوتە سیاسییەکەی بەردەوام بەدوای فۆڕمێکی نوێی سەرکەوتوودا دەگەڕێت، کەچی هێشتا نەیدۆزیوەتەوە، چونکە گرێدانی کاری سیاسی و بانگەواز بەیەکەوە چەند ڕایدەکێشن ناچن پێکەوە لە شوێنیکدا یەکیان دەبێتەوە دژ یان خۆرەی ئەوەی تریان.

ئەوەتا ڕەوتی تری ئیسلامیی هەیە سۆفیگەری و تەسەوف، سەلەفیەت، ڕاستە ئەمانە نەیان توانیووە وەڵام دەرەوەى خواستی مرۆڤە خواناس و دیندار و پێداویستییە پەروەردەییەک ببن و لەگەڵ جیهانی مۆدیرن بگونجێن، بەڵام چونکە بەرەو سیاسەت نەچوون لەسەر فۆرمەکەی خۆیان دەڕۆن، توشی ئەو هەڵکشان و داکشانە نەبوون. کەواتە لە کۆی جوملەکاندا دەبێت بڵین پلانی داهاتووی ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکە لە کوردستان باشترە بیرکردنەوە بێت لە فۆڕمیکی نوێی کارکردن کە وەڵامدەرەوەی خواستە سیاسی، نەتەوەیی، پەروەردەییەکەی جەماورەکەی بێت. چونکە ئەم ڕەوتە ڕەوتێکی ماندووە خاوەن مێژووە بە تێکڕای هەموو پارتە سیاسییە ئیسلامیییەکان بڵێین، ئەوە کۆمەڵی ئیسلامییە ڕۆژێک لایەنە ئیمانییەکەی تۆخ دەکاتەوە، مۆسیقا ودەرکەوتنی ژن لە میدیا حەرام دەکات، ڕۆژیک دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی توندوو خۆی جەماوەری و نیشتمانی پیشان دەدات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا تێکڕای فۆڕمە ئیسلامییە سیاسییەکە خۆیان لە فۆڕمێکی وای کارکردندا نەبینیوەتەوە کە پشویەک و سەقامگیرییەک بە خۆیان و جەماورەکەیان بدەن و بکرێت بڵین بەردەوام لە گەڕانیشدان بۆ ئەو فۆرمە.تێبینی: ئەم بابەتە له سایتی چاوی کورد وەرگیراوە بە سوپاسەوە
Top