سه باره ت به شه راكه تى راسته قينه

سه باره ت به شه راكه تى راسته قينه

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، رۆژانە ئەم دەستەواژەیە دەبیسترێ كە بۆ ئەم جارەی حوكمڕانی لە هەرێمدا و بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا، پێویستە شەراكەتی ڕاستەقینە، پیادە بكرێ، ئەمەش هەر بەو مانایە دێ، لای ئەوانەی، ئەم دەستەواژەیە رۆژانە دەخەنە بەردەمی جەماوەری هەرێم، گوایە تا ئێستا ئەوانەی بەشداریان لە حكوومەتدا، لە كابینەكانی پێشووتردا، كردووە شەریكی راستەقینە نەبوون و بەو پێيەش خۆیان بە مەغرور زانیوە، بۆیە ئێستا سوورن لەسەر ئەوەی كە دەبێ بەشداری ئەمجارەیان، وەك خۆیان دەڵێن، راستەقینە بێت.

بەشداری راستەقینە لە حكوومەتدا بریتی نییە لە بەشداری لە ژمارەی وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی و پۆستەكانی حكوومەت وەكو یەك، چونكە یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵبژاردن ئەوەیە لایەنەكان سەنگ و پێگەی خۆیان بزانن و لەو راستییە بگەن كە جەماوەر متمانە زیاتر بە كێ دەدا، بۆ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی كابینەكەدا وڵات و حكوومەتی بۆ بەڕێوەبەرێت، گەر نا هەڵبژاردن هیچ مانایەك نابەخشێ و ئەو پڕۆسەیەش لە بەلاش دەكرێ، ئەمە جگە لەو مەسرەفە قەبەیەی لەكاتی هەڵبژاردندا بۆ ئەو پڕۆسەیە تەرخان دەكرێ.

بەشداری راستەقینە لای ئێمە بریتییە لەوەی ئەو حزبانەی بەشداری حكوومەت دەبن تا چەند لە مەسەلە نەتەوەیی و چارەنووسسازەكانداو لەكاتی قەیران و مافخورانی هەرێم و لەكاتی پشێوی و شەڕو دەستدرێژی دەرەكیدا هاوبەش و هاوكار دەبن و پشتیوانی حكوومەت دەكەن.

بەڵێ لەو كاتانەدا شەریكی راستەقینە پێویستە هەبێت و رۆڵی ئەرێنی لەنێو جەماوەردا بگێڕێ، نەكو بە پێچەوانەوە لەوكاتانەدا پشت لە حكوومەت بكات و رۆڵی موعارەزە بگێڕێ و ئەویش بەدوای كەموكوڕی حكوومەتدا بگەڕێ، و بەدووی بەرژەوەندی حزبی بەخۆیدا وێڵ بێت و حكوومەت لەو كاتانەدا بە تەنیا جێبهێڵی و خۆی دوورەپەرێز بگرێ و تەحەمولی هیچ بەرپرسیارییەتییەك نەكات و لەكاتی سەركەوتن و خۆشگوزەرانیشدا سنگی لێ دەرپەڕێنێت و خۆی بكاتە برابەش.

بەشداری راستەقینە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دایە بەرامبەر داوا رەواكانی هەرێم لە بەغداو یەكهەڵوێستییە لە پەرلەمانی بەغداو پێكەوە وەستانە بەرامبەر دەستدرێژی دەرەكی بۆ سەر خاكی هەرێم و نیشاندانی یەكڕیزیی، بەرامبەر وڵاتانی جیهان و دۆزی نەتەوەو خاكیش خاڵی نەگۆڕی ئامانجیان دەبێت، بەڵێ ئەوەیە شەراكەتی راستەقینە گەر دەتانەوێت، ئەمەش بەو مانایە نییە كە تەواوی مافی خۆیان لە حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا پێنەدرێ.
Top