كێشەكانی میدیا لە هەرێم بەشی هەشتەم ( ریكلامی بازرگانی)

كێشەكانی میدیا لە هەرێم  بەشی هەشتەم ( ریكلامی بازرگانی)
گەشەی ئابووری و كرانەوەی وڵات بە رووی بازاڕەكانی جیهاندا و هاتنە ناوەی بەرهەم و كاڵا بازرگانییەكان كە پێویستیان بە ساغكردنەوەیە. لەهەمان كاتد ئازادیی راگەیاندن و زۆربوونی كەناڵ وایكرد كە پێویستیان بە سپۆنسەرو دارایی بێت بۆ ئامادەكردنی بەرهەم و كڕینی بابەتە میدیاییەكان. ئەمە میدیای كوردیی لە هەرێم بردە ناو بڵاوكردنەوەو پەخشكردنی ریكلامی بازرگانی بە شێوەیەكی فراوان و تا رایدەیەكی زۆریش بێ بەرنامە، گومانیش نییە لەوەی كە دراما و بابەتە بەزمەساتەكان زیاتر سپۆنسەریان دەست دەكەوێت، ئەمە جگە لە كاریگەریی كولتووری و ناسنامە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئەو دراماو فیلمە بیانییانە كە نمایش دەكرێن، جیاوازن لە كولتوور و پەروەردەی تاكی ئەم كۆمەڵگەیە و ئەوەش چەندین ئاسەواری نەرێنیی پەروەردەیی لێدەكەوێتەوە. لە لایەكی ترەوە ئەمە وایكرد كە بەرهەمی خۆماڵی رەواجی نەمێنێت و بینەری كەم ببێتەوە، لەبەر ئەوەی ئاستی هونەری و تەكنیكیی درامایەكی كوردی ناگاتە ئاستی درامایەكی بیانی. ئەمە لەگرفتی ناوەرۆك و كاریگەری كە باسی زۆر زیاتر لەمە هەڵدەگریت. ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بكەین، گرفتی ریكلامە كە بووەتە بابەتێكی سەرەكیی كەناڵە میدیاییەكان، لەكاتێكدا هیچ رێكخستنێكی یاسایی بۆ نەكراوە.
كەمیی تەمەنمان لەگەڵ چوونە ناو ریكلام و نەبوونی كەسی پڕۆفیشناڵ و ریكلامساز لە هەرێمی كوردستاندا، وایكردووە كە فەرهەنگ و كولتوور و مافی بەكاربەر لەبەردەم بابەتە ریكلامییەكاندا پارێزراو نەبێت. چونكە لە پڕۆسەی ریكلامدا سێ لایەنی بەشدار هەیە كە پێویستە بە یاسا ماف و ئەركیان دیاری بكرێت، ئەوانیش (كەناڵ، كاڵا، بەكاربەر)ن. هەریەكە لەمانە یاسای رێكخستنی ریكلام دیاری دەكات كە چۆن مامەڵە بكات، یان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت لە دیزاینكردن و پەخشكردنی ریكلامێكی بازرگانیدا. لەم هەرێمەدا بۆشایی یاسایەك بۆ رێكخستنی ریكلام یەكێكە لەو گرفتانەی كە لە ئەمڕۆدا بەكاربەر بەتایبەتی و خاوەن كاڵا و دەزگاكانی راگەیاندن بەگشتی بە دەستیەوە دەناڵێنن. لە لایەكی ترەوە ئەگەر سەیری دەرەنجامەكانی ئەم بابەتە بكەین، زۆربوونی كەناڵ و فەوزای ژینگەی میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سەرچاوەیكی دیكەی دارایی بۆ میدیا كە سپۆنسەر و داهاتی ریكلامەكەیەتی، ئەوەش وایكردووە میدیاكان لە پێناو بەرزكردنەوەی رانك و زۆركردنی تیراژ و فرۆش و ورووژاندنی سەرنجڕاكێشان، تەنیا گرنگیی بە بابەتە سەرنجڕاكێشەكان بدەن و لە كواڵیتیی میدیا دوور بكەونەوە، ئەوەش وادەكات لە بری راستگۆیی، پشتبەستن بە فاكت ببێتە مۆركی بەشیكی زۆر لە كەناڵ و رۆژنامە و گۆڤارەكان .

ئاسەوارەكانی:
١- دروستبوونی فەوزایەك لە ژینگەی میدیایی.
٢-دابەزینی كوالیتی و پەنابردن بۆ ناوەرۆكی لاواز و سەرنجڕاكێش.
٣-كاریگەری نەرێنی لەسەر كۆمەڵگە لە رووی كولتووری و فەرهەنگی و پەروەردەییەوە.
٤-زامن نەبوونی مافی بەكاربەر و مافی خاوەن براندو كاڵاكان.
٥-دروستبوونی بێمتمانەیی بەرامبەر میدیاكان بەهۆی ناڕاستگۆیی و لاوازیی ریكلامەكانیان.

چارەسەر:
١-بوونی یاسایەك بۆ رێكخستنی ریكلام.
٢-بوونی بۆردێك بۆ رێكخستنی میدیا لە هەرێم و میدیای بازرگانی و دیاریكردنی بەرپرسیاریەتی و ئەركەكانی.
٣-بوونی یاسایەك بۆ پاراستنی مافی بەكاربەر.
٤-هەوڵدان بۆ بە زانستی كردنی ریكلام لە رێگەی كردنەوەی ناوەندی خوێندن و پەیمانگای خوێندنی زانستیی ریكلام.
Top