ده ستوور و چاره سه ر

ده ستوور و چاره سه ر
ئێستا كە حكوومەتی نوێی عێراقیش هاتۆتە سەر ئەو ڕایەی كە چارەسەری كێشەكانی نێوان عێراق و هەرێم هەر دەبێت لە بەر رۆشنایی جێبەجێكردنی دەستووردا بێت و دەستوور زامنی بكات كە لایەنی كوردیش هەر لەسەر ئەو بڕوایە كە دەستوور دەتوانێت مافی هەموو لایەك دەستەبەر بكات.

هۆكاری ئەو ناكۆكییانە ، ئەگەر هەندێك دەستتێوەردانی لابەلای لێدەربكەین، هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە چەوتەی حكوومەتەكانی عێراق دوای پەسەندكردنی دەستوور كە پێشێل و پشتگوێی دەخست، بۆیە نەتوانرا لەو ماوە زۆرەدا بەشێوەیەكی ئاشتیانە و بەپێی بڕگەكانی دەستوور كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكات.

بەڵام ئێستا پرسیار ئەوەیە، كام لا هۆكاری سەرەكی بوون بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەكان كە مادەیەك ئاشكرا و روون بە نێوی مادەی (140)ی بۆ تەرخانكرابوو، هەروەك ئالییەتی جێبەجێكردنیشی بۆ دانرابوو كە دیارە بە دانپێدانانی خۆیان لایەنی دەسەڵات بوو لە عێراق كە لەلایەن نوێنەرەكانییەوە كە بۆ ئەو مادەیە دانرابوو، پشتگوێ دەخرا و لەمپەری لە بەردەم دادەنرا كە بە روونی لەسەر شاشەكانی تەلەفزیۆن و بە شانازییەوە دەیانگوت كە ئەوان خۆیان بوون كە لە ماوەی ئەو چەندین ساڵەدا، بە هەموو توانایانەوە كاریان بۆ ئەوە كردووە كە ئەو مادە دەستوورییە جێبەجێ نەكرێت.

بەڵام پرسیار ئەوەشە، ئایا ئەمانە كارێكی شەخسی بوون یان بە فەرمان ئەو كارەیان كردووە و ئەوامری بەغدایان جێبەجێ كردووە، چونكە ناكرێ حكوومەت لەو كارانە بێ ئاگا بووبێ.

بۆیە لەم خولەی پەرلەماندا ئەوە دەبێ كاری سەرەكی ئەندام پەرلەمانەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە بەغدا كە ئەو بابەتە بخەنە ئەجێندای پەرلەمانەوە و داوای لێپێچینەوە بەتایبەتی لە سەرۆكوەزیران عەبادی بكرێ، چونكە لەكاتی حوكمڕانی ئەودا كار گەیشتە ئەوەی كە بە سوپا و حەشدی شەعبی – بەپێچەوانەی دەستوور كە دەڵێ نابێ سوپا بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسە سیاسییەكان بەكاربهێنرێت ــ هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانەو بە زەبری هێز داگیریان بكات، چونكە دوای ئەو پێشێلكردنە رێگەخۆشكرا بۆ پرۆسەیەك كە لە ئەنفال بەدناوتر و قێزەونتر بوو، ئەویش پاكتاوی رەگەزی بوو لە دووز و داقوق و دەوروبەری كەركووك كە لەمەودوا پارێزگاری داسەپاو ئەو هەلەی قۆستەوە و بە ئارەزووی خۆی پرۆسەی تەعریبی لە كەركووك و دەوروبەری زیندوو كردەوە كە دەبێ ئەویش هەروەك تاوانبارێكی جەنگ بدرێتە دادگا و پەرلەمان و حكوومەتی نوێی لێ ئاگادار بكرێتەوە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی جارێكیتر كەس نەتوانێت دەستوور پێشێل بكات، بۆیە ئەمە دەبێت ببێتە سەرەكیترین كاری ئەندامانی پەرلەمان لە بەغدا.
Top