به‌شداری حكومه‌ ت به‌ ژماره‌ ی كورسی یه‌

به‌شداری حكومه‌ ت به‌ ژماره‌ ی كورسی یه‌

یەكێك لەو هۆكارانەی كە هەڵبژاردنی لەپێناودا دەكرێت ناسین و دەستنیشانكردنی پێگەو قەبارەی حزبە لەنێو جەماوەردا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەڵبژاردن بۆ خۆی پرۆسەیەكی دیموكراتی یە و گەل تێیدا نوێنەرانی خۆی بۆ پەرلەمان دیاری دەكات.

ئەمەش لە راستیدا لەپێناوی ئەوەدا دەكرێت كە بزانرێ گەل خۆی كێ و كام لا دەستنیشان دەكات بۆ دامەزراندنی حكومەت و لەمەودواش بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

تا ئێستاش هەروا باوە كە پارتی براوە كە زۆرینەی دەنگەكانی هێناوە، ئەوە دیاری دەكرێ كە حكومەت پێكبهێنێت، جا گەر توانی بەتەنها ئەو حكومەتە پێكبهێنێت ئەوا ئەو كارە دەخاتە ئەستۆی خۆی گەرنا ئەوا پەنا بۆ حزبەكانی دیكە دەبات بۆ دامەزراندنی حكومەت كە دیارە بەپێی قەبارەو دەنگی لەهەڵبژاردندا پلەو پۆستی پێدەدرێت كە ژمارەی كورسیەكانی نێو پەرلەمانی بۆ دەكرێتە پێوەر ئەمەش بنەمایەكی دیموكراتیەو هیچ ناكۆكی لەگەڵ پرۆسەی دیموكراتیدا نییە.

جا گەر لەكوردستان و لەحكومەتی هەرێمدا ئەم پرەنسیپە پەیڕەو نەكرابێت، ئەوە لەبەر تایبەتمەندی بارودۆخی هەرێمدا بووە بەتایبەتی كە ساڵانێكی زۆری- بەداخەوە- بەشەڕی نێوخۆدا تێپەڕاند، بۆیە ویستراوە بەهەر شێوەیەك بێت حكومەتی هاوبەش هەبێت، تەنانەت هەندێ جار هەموو حزبەكانیش بەتێكڕا بەشداری حكومەتیان كردووە كە ناوی لێدەنرا حكومەتی بنكە فراوان.

بەڵام ئەزموونی ئەم چەندین ساڵەی پێشوو بۆ هەموولایەكی سەلماند كە ئەم جۆرە حوكمڕانیە سەركەوتوو نەبووە، چونكە ئەوانەی كە بەشداریش بوون لەحكومەتدا هاوكات رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیشیان دەگێڕا، بۆیە نە حوكمرانیەكی ساغڵەم پیادە كراو نە ئۆپۆزسیۆنێكی راستیش لەمەیداندا دەبینرا و نە كۆمەڵگەیەكی ئارامیش بینرا.

بۆیە ئەمجارە كە حزبەكان هەموویان قەبارەی راستەقینەی خۆیان بۆ ئاشكرابوو، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ واقعدا بكات و بەپێی توانا لێوەشاوەیی خۆی لەنێو جەماوەردا، داوای پلەو پۆست و بەشداری بكات و گەر بەو میتۆدە رازی نییە ئەوا دەتوانێ رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لەپەرلەماندا بگێڕێ و لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا بە جەماوەری بسەلمێنێ كە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی زیاتر پێبدرێ و بەو پێیەش بەشدری لە حكومەتی داهاتوودا بكات.

هەر بۆیە بۆ بەدەستهێنانی حكومەتێكی كارا كە بتوانێ بەرنامەكانی جێبەجێ بكات، پێویستە بەشداری حكوومەت بە پێی كورسیەكانیان بێت.
Top