سەرنجێك لە رۆنی بەكارهاتوو، ئاوی ژێر زەوی، پاڵاوگەكان

سەرنجێك لە رۆنی بەكارهاتوو، ئاوی ژێر زەوی، پاڵاوگەكان

زۆرن ئەو كێشەو ئاریشە ژینگەییانەی كە زیانی گەورە لە دەرامەتە سرووشتییەكان دەدەن، باسی هەندێكیمان لە پێشتردا كردووە، ئێستاش تیشك دەخەینە سەر ئەم سێ كێشەیە بە كورتی، بە ئومێدی چارەسەركردنیان:
یەكەم: رۆنی بەكارهاتووی ئۆتۆمبێل
رۆنی فڕێدراو و بەكارهاتووی ئۆتۆمبێل بەشێوەی سەرەتایی زیانی زۆری هەیە، چونكە رۆنی بەكارهاتوو لە (ماڵتی ڤیسكۆسیتی)یەوە دەگۆڕێت بۆ (مۆنۆ ڤیسكۆسیتی)، لەو زیانانەش:
1- دروستكردنی گرێ لە رێڕەوی رۆن گواستنەوەدا و راوەستانی ئۆتۆمبێل.
2- زیانی دارایی بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێل.
3- پیسكردنی ئاو و زەوی كشتوكاڵی.
4- پیسكردن و قورسكردنی ئاوی ئاوەڕۆكان.
5- فرۆشتنی بەخاوەن فڕنی سەموون، كە دەبێتە زیانگەیاندن بە تەندروستی مرۆڤ.
6- لەكاتی گەرمبوونیدا هەڵمەكەی زیان بە كۆئەندامی هەناسە دەگەیەنێت.
7- تێكەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێت و زیان بە سامانی ئاوی یەدەك دەگەیەنێت.
8- لەكاتی بەكارهێنانی لە باخەكاندا، دەكەوێتە سەر میوەو سەوزە و زیانی بۆ كۆئەندامی هەرس هەیە.
9- لەكاتی رشاندنی بەسەر زەویدا زۆرێك لە مایكرۆ زیندەوەرە سوودبەخشەكان دەكوژێت.
10- لەكاتی بەركەوتنی لەگەڵ گەڵای درەختەكاندا، گەشەی رووەك و درەختەكان رادەگرێت.
11- لەكاتی رۆكردنی بۆ نێو ئاوی رووبارەكاندا، چینێكی بەربەست لەسەر رووی ئاوەكە دروست دەكات و ناهێڵێت ئۆكسجین بگاتە زیندەوەرەكانی نێو ئاوەكە، بەمەش زیندەوەرەكان لەناو دەچن.
12- چالاكیی بەكتریای ناهەوایی زیاد دەكات، بەمەش ئاو پیس دەكات.
چارەسەری پێشنیازكراو:
1- زیادكردنی هۆشیاریی ژینگەیی لەبارەی ئاسەوارەكانی رۆنی بەكارهاتوو، چونكە یەك مەتر سێجا لە رۆنی بەكارهاتوو توانای پیسكردنی (21) مەتر سێجای لە ئاو هەیە. هەروەها یەك تۆن لە ئارد بۆ ئەوەی بكرێتە نان پێویستیی بە (107) لیتر لە گاز و (800) لیتر لە ئاو و (30) كیلۆوات لەكارەبا و (15) كیلۆگرام لە خوێ و (10) كیلۆگرام لە خومرە(هەوێن) هەیە.
2- كاركردن بەبڕگەی تایبەت بەم باسە لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگەی كوردستان ژمارە (8)ی ساڵی (2008).
3- هاریكاری لەگەڵ دەستەی پاراستن وچاككردنی ژینگەی كوردستان .
4- هاوردەكردنی ئەزموونی زانستیی وڵاتانی پێشكەوتوو لەم بوارەدا.
5- دامەزراندنی كارگەی ریسایكلینگ بۆ دووبارە بەكارهێنانی رۆنی بەكارهاتوو بە شێوەیەكی زانستی، ئەم كارەش وێڕای پاراستنی ژینگە لە رووی دارایی و ئابووریشەوە سوودی هەیە، هەروەها دەبێتە هۆی زیادكردنی هەلی كاریش.
دووەم: ئاوی ژێر زەوی
گرنگە ئەو راستییە بزانین كە : بەهای ئەو ئاوەی كە لە شارێكی وەك هەولێر ساڵانە بە هەدەر دەچێت، دەگاتە ملیۆنەها دۆلار، ئەوەش بزانین كە لەوانەیە ئاوی ژێر زەوی لەدوای (50) ساڵی دیكە بگاتە (سفر).
بۆیە دەڵێین لەداهاتوودا نرخی (ئاو) دەچێتە سەرووتر لە نرخی (نەوت)، چونكە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆتایی سەدەی (20)دا پێویستییان بە (دوو) ئەوەندەی ئەو ئاوە بووە كە هەیبووە. لەساڵی (2025)یشدا پێویستی بە(چوار) ئەوەندەی ئەو ئاوە دەبێت كە هەیەتی.
چارەسەر:
1- سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی و رووبارەكان، نەك ئاوی ژێر زەوی.
2- بونیادنانی بەنداوی مامناوەندی و بچووكی زۆر بۆ كۆكردنەوە گلدانەوەی هەموو ئاوی باران.
3- گۆڕینی رێڕەوی زۆرێك لە رووبارەكان بۆ زیاتر سوودوەرگرتن.
4- سەرخستنی ئاوی نێو رووبارە قووڵەكان بۆ ئاستی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە رێگەی ترومپا و پەمپی تایبەتەوە.
5- ناوپۆشكردنی رووبارە لاوەكییەكان بە مادەی تایبەت بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەچێت.
6- گۆڕینی شێوازیی كشتوكاڵكردنی دەیمی بۆ كشتوكاڵكردن بە ئاودانی وەك رشاندن و دڵۆپاندن.
7- پاراستنی ئاوی ژێر زەوی وەك نەوتی یەدەك بۆ ئایندە و كاتی تەنگانە.
8- قەدەغەكردنی لێدانی بیری سووری و ئیرتیوازی لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
9- دامەزراندن و كاراكردنی ئەنجومەنی باڵای ئاو لە هەرێمی كوردستان.
سێیەم: پاڵاوگە لاوەكییەكانی نەوت
بەپێی لێدوانەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەماندا:
1- دەیان پاڵاوگەی بێ مۆڵەت لە هەرێمدا هەن.
2- زۆربەی بەرهەمی ئەو پاڵاوگانە نەوتی رەش بووە، هەندێكیشی نەوتی سپی بووە.
3- چاودێریی تەواو بەسەر ئەو پاڵاوگانەوە نییە.
4- ئەو پاڵاوگانە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بەهۆی پاشماوە شل و گازییەكانەوە، زەوییە كشتوكاڵییەكان و هەواو ئاویش پیس دەكەن.
5- هەندێك لەو پاڵاوگانە مۆڵەت پێدراون، بەڵام لەبەر ئەوەی بە میكانیزمی كلاسیكیی كۆن كار دەكەن، بۆیە زیانی ژینگەییان هەیە.
چارەسەر:
1- دامەزراندنی پاڵاوگەی نوێ بە ژمارەیەكی كەم و بە بەرهەمی گەورە لە بری ئەو هەموو پاڵاوگە زۆر و كۆنانە.
2-كاركردن بە بڕگەی 3 لە مادەی 26ی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان كە رێگە دەدات بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ پابەندكردنی كۆمپانیاكانی نەوت بە یاساكانی ژینگە و تەندروستییەوە لە كاتی كاركردندا.
3- زیادكردنی رووبەری سەوزایی لە دەوروبەری پاڵاوگەكاندا.
4- كاراكردنی بەشی ژینگەپارێزی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكاندا.
5- بەشداریپێكردنی زانكۆكانی هەرێم لە دۆزینەوەی رێگەچارەی زانستی بۆ كەمكردنەوەی زیانی پاڵاوگەكان.

Top