كێشەكانی میدیا لە هەرێم (( بەشی حەوتەم ))

كێشەكانی میدیا لە هەرێم     (( بەشی حەوتەم ))

پشتبەستن بە بەرهەمی بیانی و نەبوونی بەرهەمی خۆماڵیی میدیایی
فرەیی كەناڵ و خاڵی لە بەرهەم و ناوەرۆكی خۆماڵی

پ.ی.د. نەزاکەت حوسێن حەمەسەعید

Media dependency - یەكێكە لە بیرۆكە ئەمریكییەكان كە بۆ پشتبەستنی وڵاتان بە كەلتوور و دواتریش كاڵا و بەرهەمە بازرگانییەكان و لەوێشەوە بە پشتبەستنی ئابووری دروست دەبێت. ئەمریكا دوای بردنەوەی جەنگی دووەمی جیهانی خاوەنی پردێكی بەهێزی بەستنەوە بوو بە وڵاتانی جیهان و لە هەمان كاتدا خاوەنی بەرهەمیكی زۆری پیشەسازی و تەكنەلۆژیا بوو. لەهەمان كاتدا دەیزانی سەردەمی شەڕی كاولكاری و وێرانكردن و داگیركردن بە زەبری هێز و سەربازی بەرەو نەمان دەچێت، چۆن بتوانێت دەستی زلهێزی بەسەر وڵاتانەوە بمێنێت، بیرۆكەی ‹ئیمپریالیزمی كەلتوور، یان ئیمپریالیزمی ئەلەكتڕۆنی و ئیمپریالیزمی میدیایی›داهێنا، تاكو بتوانێت زیهن و مێشكی تاكەكانی جیهان ئاراستە بكات لە رێگەی بەرهەمە میدیاییەكانەوە، كەلتووری بەكارهێنانی بەرهەمە پیشەسازی و تەكنەلۆژیاكانیان تێدا بچێنێت، ئەوكات پشتبەستنی ئابوورییان لا دروست بكات. ئەگەرچی ئەم پشتبەستنە چۆن دروست دەبێت، قسەی زۆر و لێكدانەوەی زۆری دەوێت، بەڵام ئەوەی مەبەستی منە لەم نووسینەدا ئەوەیە كە شتیك لەسەر ئاستی پشتبەستنی هەرێمی كوردستان بە بەرهەمە میدیاییە بیانییەكان و رێگەچارە بخەمەڕوو.
وڵاتانی پێشكەوتوو پشتبەستنی میدیایی لە پشتبەستنی ئابووری بە كەمتر نابینن، چونكە سەرەڕای ئەوەی دواجار پشتبەستنی ئابوورییان هەر بۆ دروست دەكات، مەسەلەی سڕینەوەو نەمانی ناسنامەی تاك و كەلتوور و فەرهەنگی نەتەوە دروست دەبێت. بەرهەمی میدیایی تەنیا بریتی نییە لە هەواڵ، یان بەرنامە گفتوگۆییەكان، ئەگەرچی لەوانەشدا ئێمە تەقلیدیین، یان وەرگری زانیاری و دیزاینی بیانین، بەڵكو ئەو بابەتانەیە كە رۆڵی سەرەكی دەبینن لە پەروەردەی تاك و دروستكردنی ناسنامە بۆی و ئەمڕۆ وەك ئامرازیكی سەرەكی بۆ گەشە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە بەكار دێت، كە بریتین لە فیلم و درامای درێژخایەن و دۆبلاژكراوەكان كە وڵاتانی بەرهەمهێن بەرهەمی دێنن و ئاراستەیان دەكەن بۆ ئەو ناوچانەی مەبەستیانە گۆڕانكاریی كەلتووری و فەرهەنگی تێدا دروست بكەن. لەهەمان كاتدا كارتۆن و بەرهەمەكانی منداڵان كە سەرەتای قۆناغی پەروەردەی منداڵە، چاوی بەو بەرهەمانە هەڵدێت و رۆڵی دەبێت لە دروستكردنی كەسایەتی. بەرهەمە هونەری و میوزیكی و بەزمەساتەكانیش بە هەمان شێوە كە كەمترین ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆییمان هەیە. مەترسیی ئەم پشتبەستنە لای هەندیك وڵات ئەوەندە بە هەند وەرگیراوە، نەك هاوردەكردنی بەرهەمی بیانی میدیای لای مەترسییە، بەڵكو ئەو بەرهەمە میدیاییە ناوخۆییانەش كە لە ناوخۆدا بەرهەم دێن و دیزاین و شێوازی لەسەر شێوازی بیانی بێت و تیمی بیانی، یان كۆمپانییەكی بیانی بەرهەمی بهێنێت، هەر ئەژماری بەرهەمی بیانی بۆ دەكەن. ئەمە بابەتی سەرەكیی زۆرێك لە توێژینەوە و كۆنفرانس و دیبەیتە جیهانی و میدیاییەكانە لە جیهاندا.
وڵاتانی پێشكەوتووی خەمخۆر بۆ پاراستنی ناسنامە و كەلتوور بەردەوام چاودێری ئەو رێژە بەرهەمە بیانییانە دەكەن كە دێتە وڵاتەكەیان و هەوڵی كەمكردنەوەی دەدەن. هەندیك لەو وڵاتانەی كە توانای بەرهەمهێنانی بەرهەمی میدیاییان نییە، هەوڵدەدەن بەرهەمێك هاوردە بكەن نزیك بێت لە كەلتوور و فەرهەنگی خۆیان. بەداخەوە قسەكردن و خەمخواردن لەم مەسەلەیە هێشتا نەبووەتە باسێكی میدیا و كۆڕ و كۆبوونەوە و دیبەیتەكانی ئێمە. لە كاتێكدا رێژەی پشتبەستنمان لەئاستێكدایە كە كەلتوور و فەرهەنگ و هونەر و ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و...هتد تاكەكانی ئەم كۆمەڵگە نەك بەرەو سڕینەوە دەچێت، بەڵكو هەر تاقمێكمان هەڵگری ناسنامە و فەرهەنگی ئەو میدیایەن كە بەكاری دەهێنین، ئەویش بە هۆی فرەیی كەناڵ و خاڵی لە ناوەرۆكی خۆماڵییە.
مەترسییەكانی ئەم پشتبەستنە
١-سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، فەرهەنگی، كەلتوو ری و ئایینیمان.
٢-دابەشبوونی وەرگر، هەریەكەو بەپێی كەناڵیك كە سەیری دەكات و دواجار بەرەو دابڕان و نەمانی لێكتێگەیشتن و نەمانی پێكەوەژیان و گەشەدان بە توندوتیژیی كۆمەڵایەتی.
٣-بەكاربەری میدیای بیانی ئاستی بەكاربەری كاڵای بیانیمان زیاد دەكات.
چارەسەر
١ -رێكخستنی میدیایی بە یاسای گشتیی راگەیاندن و دانانی رێچكە و یاسا بۆ كاركردنی هەر كەناڵێكی میدیایی و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خاك و كەلتوور و نیشتمان و ئەو بەرهەمانەی كە هاوردەی دەكات، دەبێت وڵات رێوشوێنێكی یاسایی بۆ دابنێت.
٢-تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ بەرهەمهینانی بەرهەمی ناوخۆیی میدیایی.
٣ -بوونی میدیایەكی نیشتمانیی ناوخۆیی بە بەرهەمی ناوخۆیی كوردی تاكو رێژەیەكی باش وەرگری بەرهەمە بیانییەكان كەم بكاتەوە.


Top