دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی كارتی سوورە بۆ كردنەدەرەوەی حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا
November 5, 2018
وتار و بیروڕا
لەو كاتەوەی د.عادل عەبدولمەهدی بەرنامەی حكومەتەكەی راگەیاندووە، گوێمان لێ نەبووە هیچ لایەنێكی سیاسی، یان هیچ پێكهاتەیەكی عێراقی بڵێت ئەم بەرنامەیە خراپە، بەڵكو رەخنەی سەرەكی لەم بەرنامەیە ئەوەیە كە ئەم بەرنامەیە ئاستەنگی بۆ دروست دەكرێت و جێبەجێ ناكرێت و سەرەنجامیش د.عادل عەبدولمەهدی كە بەردەوام دەست لەكاركێشانەوەكەی لە گیرفانیدایە، دەریدەهێنێت و حكومەتەكە بەجێ دەهێڵێت، ئەمەش دروست لەسەر ئەو بۆچوونە بونیاد نراوە كە ئەم بەرنامەیە بە تەنیا د.عادل عەبدولمەهدی لە ماوەی ئەو 15-20 رۆژە دانیشتووە دایڕشتووە و رەهەندەكانی راستكردنەوەی حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا وەك پێویست رەچاو نەكراوە.
بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری ئەزموونی سیاسیی د.عادل عەبدولمەهدی بكەین و پاشان ئەو پرسیارە بكەین، بۆچی د.عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی جیگری سەرۆك كۆمار و وەزیری نەوت دەستی لەكاركێشایەوەو ئێستا شانی داوەتە بەر ئەم بەرپرسیاریەتییە قورسە كە راستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانییە لە عێراقدا؟ ئەوا ئەم پرسیارە ئەوەمان لێدەخوازێت كە بە دیدێكی فروانتر بەرنامەی حكومەتەكە بخوێنینەوەو ئەزموونی حوكمڕانی وڵاتانی جیهانیش پێمان دەڵێت، ئەم بەرنامەیە بە پشتبەستن بە هێزێكی گەورە نووسراوە و ئەو هێزەش بێجگە لە هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەو سەركەوتنی حكومەتەكە هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە.
راشكاوانەتر ئەگەر بە تەرازووی هێزی سیاسی و سەربازی و هێزی شەقامیش، د.عادل عەبدولمەهدی لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و هاوپەیمانییەكانی شیعەدا بخوێنێنەوە، ئەوا بەراورد بە كارەكتەرە سەرەكییەكانی ناو پرۆسەكە، دەكرێت بڵێین: د.عادل عەبدولمەهدی لە هەموویان لاوازترە، بەڵام لەبەرامبەردا ئەو بە كەسایەتییەكی سیاسیی ئەقڵانی ناسراوە و شانی خۆی ناداتە بەر بارێك كە پێی هەڵنەگیرێت، بۆیە پرسیار ئەوەیە كە ئەو بزانێت ئەم بەرنامەیە شتێكی خەیاڵییە و بۆی جێبەجێ ناكرێت، ئایا دوای 72 ساڵ تەمەن خۆی دەكاتە گاڵتەجاڕی سیاسی و خاڵێكی رەش لە مێژووی سیاسی خۆی تۆمار دەكات؟
دیارە هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە كۆمەڵێك تەمومژ دەڕەوێنێتەوە و ئەوەمان پێدەڵێت، ئەو هێزەی لە پشتی د.عادل عەبدولمەهدییە، توانای ئەوەی هەیە جڵەوگیری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بكات، هەروەها ئەو توانایەشی هەیە كە زەمینەی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی بۆ دابین بكات، بۆ ئەوەی بەرنامەكەی بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكات، بێگومان هەر حكومەتێكیش هێزێكی ئەوتۆی لە پشت بێت، كە بتوانێت هەم جڵەوگیری تەواوی پرۆسە سیاسییەكە بكات و هەمیش زەمینەی سەقامگیری و ئاسایشی بۆ بڕەخسێنێت، ئەوا حەتمەن حكومەتێكی سەركەوتوو دەبێت.
پاشان لایەنێكی دیكەی ئەو رەخنانەی رووبەڕووی بەرنامەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكرێتەوە، ئەوەیە كە ئەو بەرنامەیە بەو وەزیرانە جێبەجێ ناكرێت كە لە كابینەكەدا ناویان هاتووە، بەڵام لەبەرامبەر ئەم رەخنانەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا كێ دەڵێت، ئەم بەرنامەیە كە بەو شێوەیە داڕێژدراوە پشت دەبەستێت بەو میكانیزمەی كە وەزیرەكان بۆ جێبەجێكردنی دەیگرنەبەر؟ بەپێچەوانەوە ئەم بەرنامەیە بەو شێوەیە داڕێژراوە كە میكانیزمە گونجاوەكان بۆ جێبەجێكردنی لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا لەلایەن راوێژكاری زۆر شارەزا بۆ ئامادە دەكرێت و دەخرێتە بەردەستی وەزیرەكان بۆ ئەوەی بەو میكانیزمە لەگەڵ كێشەكاندا مامەڵە بكەن، لەمبارەوەش وەك بەها ئەعرەجی سەركردەی تەیاری سەدر و جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانیكدا سەبارەت بەم بەرنامەیە گوتی: ئەم بەرنامەیە پێویستی بە راوێژكاری زۆر شارەزا لە سیاسەتی ئابووریی بازاڕ و شارەزا لە سیاسەتی بونیادنانەوەی دامەزراوەكان و سیاسەتی بانكی هەیە و ئەو راوێژكارانەش هەموویان هاوكار دەبن بۆ سەرخستی ئەو بەرنامەیە.
لایەنێكی دیكە كە خەڵك بە نائومێدییەوە سەیری ئەم بەرنامەیە دەكات، پرسی گەندەڵییە لە عێراقدا، كە ئەم پرسە مافیای گەورەی گەندەڵی ئەوتۆی دروست كردووە كە د.عادل عەبدولمەهدی ناتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە، بۆیە مەسەلەی قەڵاچۆكردنی گەندەڵی بێجگە لە فەنتازیا و خەیاڵێك شتێكی دیكە نابێت. بەڵام ئەم باسە ئەم پرسیارە دەخاتە ژێر پرسیارێكی دیكە و دەپرسێت: ئایا ئەوانەی بوونە مافیای گەندەڵی كێن؟ بێگومان مافیا گەورەكانی گەندەڵی ئەو هێز و لایەنانەن كە هێزی چەكداریان هەیە و، راشكاوانەتریش كە هێزەكانی حەشدی شەعبیان لەبەر دەستە، هەر ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەش ئەمڕۆ جڵەوگیری سیاسەتی عێراقیان لەبەر دەستە و مانەوەی ئەم جڵەوگیرییەش گرێ دراوەتەوە بە سەركەوتنی ئەو بەرنامەیەی كە د.عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە، كەواتە لەم دەروازەیەوە لایەنێكی دیكەی تەمومژاوی ئەو واقیعە سیاسییەمان بۆ روون دەبێتەوە، كە ئەوانەی سەرچاوەی گەندەڵیی گەورەن لە عێراقدا و بە مافیای گەندەڵی ناسراون، ئێستا خۆیان كەتوونەتە لێواری هەڵدێر و ئەگەر خۆیان بە سەركەوتنی ئەم حكومەتە نەگرنەوە، ئەوا هەم پارەكانیشیان تێدا دەچێت و هەمیش لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا بوونیان نامێنێت، ئەوجا بۆ ئەوەی خۆیان لەو زۆنگاوە رزگار بكەن، ئەو گەندەڵییە گەورەیەشی كردوویانە دەیكەنە وەبەرهێنان و خۆیان دەبنە خاوەن و جڵەوگیری پرۆسەی حوكمڕانی لە عێراقدا.
هەر بۆ بیرهێنانەوە، ئەو هێز و لایەنانەی پشگیری حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی دەكەن، هەمان ئەو هێز و لایەنانەن ماوەیەك پێش كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی و وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر دووبارە دانانەوەی حەیدەر عەبادی بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیران، راشكاوانە رایانگەیاند، ئەگەر هەر حكومەتێك جێگەی رەزامەندی ئێمە نەبێت، ناهێڵێن ئەو حكومەتە پێكبهێندرێت، خۆ ئەگەر هەر پێكیش بهێندرێت، ئەوا لەماوەی دوو مانگدا دەیڕووخێنین...
گرنگیی بەبیر هێنانەوەی ئەم لێدوانە لەوەدایە، ئەگەر ئەو هێز و لایەنانەی پشتگیری عادل عەبدولمەهدی دەكەن، نەیانەوێت لە حكومەتەكەیدا سەركەوتوو بێت، ئەوا پێش ئەوەی بەرنامەكەی رابگەیاندایە دەیانڕووخاند، بەڵام كە پشتگیری لە بەرنامەكەی دەكەن، ئێستا عادل عەبدولمەهدی بە پشتی ئەو هێزە حوكمڕانی دەكات و قووڵیی ناوەرۆكی بەرنامەكەشی لەسەر بناخەی ئەو هێزە داڕێژدراوە كە لەناو سندوقە رەشەكەی حكومەتدا كاری جێبەجێكردنی بەرنامەكەی بۆ ئاسان دەكات.