سندوقە رەشەكەی ویلایەتی فەقهی .. حكومرانی عێراق چۆن ئاراستە دەكات

سندوقە رەشەكەی ویلایەتی فەقهی .. حكومرانی عێراق چۆن ئاراستە دەكات
خاڵی بەهێز لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ئەوەیە ئەم پرۆسەیە پێكهاتووە لە دوو لایەنی سەرەكی، لایەنی یەكەمیان هەردوو هاوپەیمانی (ئیسلاح و بینا)یە و تێكڕای نوێنەرەكانی سوننە و شیعە لەخۆی دەگرێت و لە ئێستادا بەشێوەیەكی سەرەكی موقتەدا سەدر و هادی عامری سەرپەرشتی دەكەن و دەكرێت بشڵێین رۆڵی هادی عامری باڵاترە، لەبەر ئەوەی تەواوی هێزەكانی حەشدی شەعبی، هاوپەیمانی هادی عامرین و موقتەدا سەدر تەنیا هێزی شەقامی لەگەڵدایە، لەبەرامبەر ئەم بەرەیەی (عەرەبی شیعە و سوننە)، بەرەی كوردە، بەڵام لەم بەرەیەدا شەخسی مسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵێكی كاریگەریان هەیە، هەتا ئەو ئاستەی دەتوانین بڵێن لە چاوی (عەرەبی شیعە و سوننەدا)، شەخسی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان تا رادەیەكی زۆر رۆڵی یەكلاكردنەوە بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەگێڕن.
بوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە دوولایەنی سەرەكیی (كورد و عەرەب بە شیعەو سوننەوە)، رۆڵێكی زۆرباش دەگێڕێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها رۆڵێكی زۆر باش دەگێڕێت بۆ حوكمڕانیەكی سەركەوتوو لە بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: چۆن لە ماوەی چەند مانگێكی كەمی دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە ئایاری رابردوودا تا ئێستا پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە پرۆسەیەكی فەوزای سیاسییەوە گۆڕا بۆ پرۆسەیەكی نیمچە سەرەكی كە دوولایەنی سەرەكی لەخۆی بگرێت؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە گەڕانەوەیەكی ورد هەیە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی لە نێوماڵی شیعە و پاشانیش هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی فراكسیۆنی گەورە و لە دوای ئەویش نەهێشتنی چەمكی فراكسیۆنی گەورە، بۆ ئەمەش دەتوانین بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێ بكەین:
1. لیستی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری كە دەكرێت پێشی بڵێین (لیستی حەشدی شەعبی)، راستە لە هەڵبژاردنەكاندا لیستی یەكەم نەبوو، بەڵام جیاوازیشی لەگەڵ لیستی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر تەنیا دوو سێ كورسی بوو، بۆیە لیستی فەتحیش بە هاوشێوەی لیستی سائیرون بە لیستی یەكەم لە قەڵەم دەدرا.
2. ئەو شێوازەی هادی عامری بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورە لە ژێر ناوی (هاوپەیمانیی بینا) پیادەی كرد، شێوازێكی دوولایەنە بوو، لەلایەك لەگەڵ ئەو سەرۆك فراكسیۆنانە هاوپەیمانی گرێ دا، كە بە رێگەی سەرۆك فراكسیۆنەوە هاتنە ناو (هاوپەیمانیی بینا)، لەلایەكی دیكەش بە رێگەی گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی ناو لیستەكانی دیكە وەك گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ فالح فەیاز لەناو لیستی سەدر كە 22 پەرلەمانتاری لەگەڵدا بوو، دوای ئەویش بە كۆكردنەوەی ئیمزا لە ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارەكانی عەرەبی سوننە و شیعە لە ناو لیستەكانی دیكە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سێبەر فراكسیۆنی گەورە مسۆگەر بكات لە پەرلەماندا و لەگەڵ پرۆسەی دەنگدان ئاشكرای بكات. لەبەرامبەر ئەم هەوڵە سەركەوتووانەی عامری، سەدر كە سەرۆكایەتیی هاوپەیمانی ئیسلاحی دەكرد، تەنیا پشتی بە ئیمزای سەرۆك فراكسیۆنەكان بەستبوو، لەوە بێئاگا بوو، لیستێكی وەك نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكرد و بە حیساب خاوەنی 43 كورسی بوو، بەڵام تەنیا چەند كورسییەكی لەگەڵدا مابووەوە و ئەوی دیكەیان چووبوونە لای هاوپەیمانیی عامری، هەر بۆیە كاتێك هاوپەیمانیی (ئیسلاح) رایگەیاند بۆتە خاوەنی گەورەترین فراكسیۆن بەبێ لایەنی كوردستانی (پارتی و یەكێتی) زیاتر لە 183 كورسیی پەرلەمانیان لەگەڵدایە، بەڵام كە چوونە ناو پەرلەمان نەیانتوانی زیاتر لە 150 نوێنەر كۆبكەنەوە.
3. دوای شكستی هاوپەیمانیی ئیسلاح لە پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورە، عامری هەوڵەكانی خۆی خستەگەڕ و لەگەڵ موقتەدا سەدر رێككەوت كە ئەسڵەن هەر فراكسیۆنی گەورە نەمێنێت و هەموو لیستەكانی عەرەبی شیعە و سوننە پێكەوە كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران هەڵبژێرن، عامری لە هەردووكیاندا سەركەوتوو بوو.
4. سەبارەت بە هەوڵەكانی هاوپەیمانیی بیناش بۆ بەشداریكردنی كورد بە شێوەیەكی بەهێز لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا، هادی عامری پێداگیری لەسەر پشتگیریی راستەوخۆی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، دیارە عامری و بەشێك لە سەركردەكانی دیكەی شیعە زۆر باش لە نزیكەوە شەخسی بارزانی و سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەناسن و دەزانن تەنیا بارزانی و پارتی دەتوانن ببنە نوێنەری راستەقینەی خواستەكانی خەڵكی كوردستان، بۆیە ئەگەر بتوانن لەگەڵ بارزانی بگەنە ئاكامێكی باش، ئەوا دەتوانن لە بەغدا حكومەتێكی بەهێزی ئەوتۆ دروست بكەن كە لانیكەم توانای ئەوەی هەبێت لەساڵی یەكەمدا بەشێكی زۆری خواستی هاووڵاتیانی بەشە عەرەبییەكەی عێراق دابین بكەن، كە هەموویان خزمەتگوزاریی گشتین، وەك دابینكردنی ئاو و كارەبا و بونیادنانەوەی ئەو ناوچانەی كە بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە كاول كراون.
5. ئەگەر سەیری شێوازی دانوستاندنەكانی هاوپەیمانیی بینا لەگەڵ كوردستان بەگشتی و بارزانی و پارتی بەتایبەتی بكەین، ئەوا دەبینین زۆر باش رێزی ئەو خواستەی بارزانی و پارتییان گرتووە كە نەیانویستووە ببنە بەشێك لە هیچ هاوپەیمانییەك، لەبەرامبەردا هاوپەیمانیی بینا بەوە رازی بووە ئەگەر ئەوان توانییان فراكسیۆنی گەورە دروست بكەن، پارتی و بارزانی پشتگیرییان بكەن.
6. هەڵبژاردنی د.عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی هاوبەش بۆ شیعەكان، دیسان رۆڵێكی گەورەی هاوپەیمانیی بینای تێدا بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر هاوپەیمانیی بینا نەیویستایە د.عادل عەبدولمەهدی كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بێت، ئەوا نەدەبووە كاندیدی سەرۆك وەزیران، لەم حاڵەتەشدا لیستی ئیسلاح هیچی پێ نەدەكرا، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بوایە، ئەوا هاوپەیمانیی بینا دەیتوانی هەموو رێگرییەك دروست بكات، ئەوجا لێرەوە ئەگەر سەیری ئەم كاندیدە بكەین كە لیستی بینا پشتگیری سەرەكیی بووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، ئەمە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە هاوپەیمانیی بینا نییەتی ئەوەی هەیە كە هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بخرێنەگەڕ و پێش هەموو شتێك كێشەی كوردستان لە كۆڵ خۆی بكاتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە د.عادل عەبدولمەهدی پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ بارزانی و پارتی هەیە و بارزانی و پارتییش نەك هەر پێشوازی لە كەسایەتییەكی وادەكەن كە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەڵكو پشتیوانیشی دەكەن و هاوكارییەكی جددیشی دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها هاوكاریشی دەكەن بۆ سەركەوتنی لە حكومەتەكەیدا.
ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێكردن، كە زیرەكانە هادی عامری هەستی پێكردوون بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتووی عێراق سەركەوتوو بێت، پیاهەڵدان نییە بە هادی عامری، یان مانای ئەوە نییە كە ئەو دەیەوێت دۆستایەتی كورد بكات، یان پێشتر هیچ سیاسەتێكی هەڵەی بەرامبەر كوردستان پیادە نەكردووە، بەپێچەوانەوە هێزەكانی حەشدی شەعبیی سەر بە هادی عامری و موقتەدا سەدریش ئەو هێزانە بوون كە ساڵی پار هێرشیان كردە سەر كوردستان و كەركووكیان داگیركردەوە و لە داستانەكانی پردێ و سحیلا و تەلسقۆف لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە تێكشكێندران، بەڵام زیرەكیی عامری و هاوپەیمانەكانی لە لیستی بینا و هێنانی موقتەدا سەدر بۆ سەر هەمان شێوەی بیركردنەوە، لەوەدایە كە هەنگاوەكانی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە زۆر باش دەزانن، ئەمە دوایین دەرفەتە لە بەردەم حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا، ئەگەر لەم حكومەتە سەركەوتوو نەبن، ئەوا حوكمڕانیی شیعە لە عێراق كۆتایی دێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كێشەی سەرەكیی حوكمڕانیی شیعە بە شێوەیەكی سەرەكی لەگەڵ خودی شیعەیە، نەك پێكهاتەكانی دیكە، هەر بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتە كار بۆ ئەوەی زەمینە بۆ حوكمڕانییەكی سەركەوتوو خۆش بكەن، دەكرێت ئەمەشیان بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێ بكەین:
هەوڵدان بۆ نەهێشتنی پەرتەوازەیی سیاسی، یەكەمجار لەناو ماڵی شیعە، پاشان رێكخستنەوەی لایەنە سیاسییەكانی شیعە و سوننە لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی شیعەدا، لە ئێستا هەست دەكرێت ئەو پەرتەوازییە سیاسییەی كە هەتا مانگی ئابی ئەمساڵیش لەناو پرۆسەی سیاسیی عەرەبی عێراقدا بوونی هەبوو، بەرەو جۆرێك لە سەقامگیريی سیاسی هەنگاو هەڵدەگرێت، بێگومان نەمانی پەرتەوازەیی سیاسی و دروستبوونی سەقامگیریی سیاسی، ژێرخانێكی پتەوە بۆ هەر حوكمڕانییەكی سەركەوتوو.
بەڵێنەكانیان بە بارزانی و پارتی، بەوەی ئامادەن بەپێی دەستوور كێشەكانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بكەن (ئەمە لە بەرنامەی حكومەتی تازەی عێراق)یشدا هاتووە، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەگەر كێشەكانیان لەگەڵ پارتی و بارزانی چارەسەر نەكەن، هەرچییەك بكەن لە حوكمڕانیی بەشە عەرەبییەكەی عێراق سەركەوتوو نابن، خۆ ئەگەر نییەتیان باش نەبوایە سەبارەت بە هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا، ئەوا هەوڵیاندەدا لە بارزانی و پارتی دوور بكەنەوە، پەنا بۆ شێوە كارتۆنییەكەی بەشداریی كورد ببەن، بەڵام دیارە مەبەستیانە حكومەتی ئەمجارەیان سەركەوتوو بێت، هەر بۆیە دەیانەوێت كێشەی كوردستانیش لە كۆڵ خۆیان بكەنەوە و چارەسەری بكەن.
ئەو بەرنامەیەی كە د.عادل عەبدولمەهدی وەك بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق رایگەیاند، ئاشكرایە ئەو بەرنامەیە بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی ئەو 15-20 رۆژە نییە كە ئەو راسپێردراوە بۆ ئەوەی حكومەت پێكبهێنێت، بەڵكو ئەم بەرنامەیەی د.عادل عەبدولمەهدی ماوەیەكی زۆر پێشتر كاری جددی لەسەر كراوەو دواتر خراوەتە بەردەستی و لەوانەیە ئەو دەستكاری هەندێك بڕگەی كردبێت، یان هەندێك بڕگەی بۆ زیاد و كەم كرابێت، بەڵام بەرنامەكە زۆر پڕۆفیشناڵانە و بە ئەقڵی دەوڵەتمەداری داڕێژدراوە، هەر زۆر بەسادەیی ئەگەر سەیری بكەین، ئەم بەرنامەیە دوو بەشە، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، زۆر بەشێوەیەكی گشتی باسكراوە و تەنیا ئاماژە بەوە كراوە هەوڵەكان دەخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور یاسا ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، بەڵام كە دێنە سەر بەشەكەی دیكەی كە تایبەتە بە پرۆسەی حوكمڕانی لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق، ئەوا دەبینین وردەكارییەكی هێجگار زۆر كراوەو پرسەكان زۆر ورد كراونەتەوە.
بەرنامەی حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی بەشێوەیەكی گشتی بەرنامەیەكی ئابوورییە بۆ رێكخستنەوەی تەواوی ژێرخانە جیاوازەكانی خزمەتگوزارییەكان لە هەموو بوارە جیاوازەكان، هەموو ئەو میكانیزمانەشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خراونەتەڕوو، بە شێوەیەك لە شێوەكان پشتبەستنە بە میكانیزمی سیاسەتی ئابووریی بازاڕ و شێوازی رێكخراوە نێودەوڵەتییە ناحكوومییەكانی وەك بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختیی نێودەوڵەتی، یان ئەو شێوازانەی رێكخراوەكانی یونامیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقدا وەك راسپاردە پێشكەشی كردوون، هەروەها جەختكردنەوەی عادل عەبدولمەهدیش لەسەر ئەو چەمكەی كە دەڵێت: (وەرچەرخانی ئابووری سەقامگیريی ئاسایش و سیاسی دروست دەكات.) دیسان ئەمەش مانای ئەوەیە كێشەكانی ئێستای كۆمەڵگەی عەرەبی سوننە و شیعە لە عێراقدا، نە دیموكراتییە و نە ئازادیی رادەربڕین و نە هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتییە، بەڵكو كێشەی ئەمڕۆی ئەو كۆمەڵگەیە رووخانی ژێرخانی خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكانە.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر هەموو ئەو خاڵانەی كە بە زیرەكی وەك خاڵە سەرەكییەكانی شكستی حوكمڕانی لە عێراقدا دەستنیشانیان كردوون و هەموو ئەو خاڵانەی كە ناچاری كردوون بەو شێوازە بۆ رزگاركردنی خۆیان بیگرنەبەر، پێكەوە كۆیان بكەینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ئەم هەوڵانە، یان دەبنە سەرەتایەك بۆ حوكمڕانییەكی سەركەوتووی شیعە لە عێراقدا، یاخود ئەگەر سەركەوتوو نەبن، دەبێتە سەرەتایەك بۆ كۆتایی حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا.
Top