كێشەكانی میدیا لە هەرێم . . . بەشی شەشەم
October 29, 2018
وتار و بیروڕا
نەبوونی میدیایەكی نەتەوەیی ئاراستەكراو
لە وڵاتانی پێشكەوتوو سەرەڕای ئەوەی میدیا رێك خراوە بە سیستەم و بۆردی چاودێری و یاسا كە دەبێت لە خزمەتی نیشتماندا بێت و، خزمەت بە ئامانجە پەروەردەیی و نیشتمانی و نەتەوەییەكە بكات، هامڕای سیستەمە پەروەردەیی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكە، دابەشكردنێكی دیكە بۆ میدیا كراوە لە رووی تەكنیكی و ناوەرۆك و ئەرك و ئامانجەوە. كە بە زۆری لە سەر سێ ئاستی لۆكاڵی و ناوچەیی نیشتمانی و نێودەوڵەتییە. نموونەی وڵاتێكی وەك بەریتانیا میدیا لەسەر هەر سێ لەو ئاستەی هەیە. ئەگەر (بی بی سی) وەك نموونە وەربگرین، ئاستە نیشتمانییەكەی ناوەرۆك و پەیامەكانی بۆ ئاستی سنووری هەموو بەریتانیایە، ئەو ئامانج و پەیامەی كە وڵات و میدیا دەیەوێت هاووڵاتیانی لەسەر كۆبكاتەوە و خزمەتیان بكات بۆ هەموو هاووڵاتیانە، لەسەر ئاستی لۆكاڵی بە پێی ناوچەكان جگە لە رادیۆی لۆكاڵیی شارەكان هەواڵ و زانیارییەكان بەپێی ناوچە و دەڤەرەكان جیاكراوەتەوە. واتە ئەو بابەت و هەواڵانەی كە تایبەتن بە ناوچەیەكی دیاریكراو ئاراستەی تایبەتی ئەو ناوچەیە دەكات و لە هەریەك لەو ناوچانە ستۆدیۆیەكی تایبەتی هەیە، دوای خوێندنەوەی هەواڵ و پەیامەكانی ئاستی گشتیی نیشتمان پەخش دەچێتە ناو ستۆدیۆ ستۆدیۆی ناوچەكان و هەواڵ و زانیارییەكانی ئەو ناوچانە رووماڵ دەكات، لە سەر ئاستی جیهانیش كەناڵی جیهانی هەیە كە بابەت و زانیارییەكانی تایبەتن بە ناوچەكانی جیهان و ئەو زانیارییە بەریتانی و جیهانییانە بڵاو دەكاتەوە كە ئامانجی وڵاتەكەیەتی و خزمەت بە سیاسەتی وڵاتەكەی دەكات. هیچ وڵاتێكی جیهان نییە هەمان ئەو بابەت و زانیاری و كەموكوڕییانەی كە لە میدیا ناوخۆییەكانی نمایش دەكرێت، پیشانی جیهانی بدات. نەك وڵاتانی ئەورووپی، بگرە لە وڵاتانی دەوروبەر و عەرەبییش ئەو كەناڵەی بۆ جیهانی نمایش دەكات، جیایە لەوەی لە ناوخۆدا هەیەتی.
هەرێمی كوردستان سەرباری ئەو پێشكەوتنە تەكنیكییەی كە هەیەتی لە بواری میدیا و بوونی ئەو فرەكەناڵییەی، بەڵام بەداخەوە ئەوەی كێشەو ململانێ و كەموكوڕییەكانی بۆ ناوخۆ و شارو لادێكانی كوردستانی نمایش دەكات، هەر ئەوەیە دەیخاتە بەرچاوی جیهان، واتە كەناڵی لۆكاڵی و نیشتمانی و جیهانیمان یەك شتە. .
دەرهاویشتە نەرێنییەكانی ئەم حاڵەتە:
١-نەبوونی گوتار و ستراتیژ و سیاسەتێكی نەتەوەیی كە بە جیهانی بڵێین و كاری لەسەر بكەین لەسەر ئاستی جیهان، بۆ ئەوەی نەتەوەكانی دیكە بمانناسن و ئاگاداری پرسەكانمان بن وەك خۆی.
٢-كەوتنە بەرچاوی جیهان لە كەموكوڕی و ململانێكانی هەرێم، كێشەی گەڕەكێك دەگاتە هەموو جیهان.
٣-خزمەتكردن بە نەیارانمان كە پەرتەوازەیی میدیای كوردی گەیشتووەتە ئاستێك لە جەنگەكانیشدا خزمەت بە دوژمن بكات، تا داعشیش..
تێكەڵبوونی پەیامە نیشتمانی و جیهانی و لۆكاڵییەكانمان لەمیدیا وچارەسەر
١-رێكخستنی میدیا بە یاسا و بۆرد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و بە نیشتمانی بكرێت و لۆكاڵی تاكو خزمەتی زیاتر بە كێشەو داواكاریی هاووڵاتیان بكرێت.
٢-كاركردن بۆ دامەزراندنی میدیایەكی نیشتمانی.
٣-كاركردن بۆ دامەزراندنی میدیایەكی ئاراستەكراوی جیهانی كە كار بۆ ناسیۆنالیستی كوردی و پرسی نەتەوەیی بكات لە سەر ئاستی جیهان.