عاریفانی كوردو فۆڕمە كوردانەكەی ئایین
October 22, 2018
وتار و بیروڕا
ساڵانێكە دەڵێم: ئێمەی كورد پێویستیمان بە گوتارێكی كوردستانییانەی ئایینی هەیە، كە گوتاریش بەرهەمێكی كەڵەكەبووی كۆ بێت لە بوارێكدا، بە زمانێك، لە زەمین و زەمانێكدا، ئەوسا بووژاندنەوەی گوتاری ئایینی كوردی كە عاریفانی پێشینی كورد بناغەكەیان داناوە، بە چەمكە جوانەكانی تێگەیشتنی كوردانەیان لە ئایین، ئەوە دەبێتە ئەركێكی لەپێشینەی ئەم سەدەیەمان لەم نیشتمانەدا.
ئێستا ئەگەر سەرنجێكی خێرا بدەین لە هەندێك لایەنی ئەو گوتارە ئایینییەی پێشینانی كورد، دەبینین ئەم سیفەتە جوانانەی لەخۆ گرتووە، چونكە گوزارشتە لە ئیسلامێكی كوردی و تێگەیشتنێكی كوردانە لە ئایین، بۆیە گوتاری ئایینیی پێشینانی كورد:
1. گوتارێكی جوانخوازییە:
مامۆستا سەجادی دەڵێت: مەلای جزیری سەر دەفتەری شیعری تەڕی ئەوینی خوداییە و خاوەنی دڵێكی زیندووە.
مەلای جزیری دەڵێت: كەسێ یوسف فرۆتی، وی د عالەمدا، خەسارەت كر.
یان دەڵێت: مە ژ بل حوسن و جەمالێ چ غەرەز؟
یان دەڵێت: حوسن و جەمالێ خواست ئەڤین..
دواتر دەڵێت: وەر شیعرێ مەلێ ببینە تە ب شیرازی چ حاجەت؟
2- گوتاری كۆكردنەوەی گوفتارو رەفتارە، گوتاری كارخوازییە:
بڕوانە مەحوی كە دەڵێت:
لەگەڵ ئەم عیلمە مەحوی، داغداری جەهلە تۆ تەوفیق
تەبیبی بۆ مەریزی دەردی عیلمی بێعەمەل چارێ
3-گوتارێكی پاكخوازە: بەدیعوززەمان سەعیدی كوردی لە (پاشبەندەكان)دا دەڵێت: خزمەتی ئیمان و حەقیقەتەكانی لەهەموو شتێكی ناو گەردوون گەورەترن و نابن بە ئامراز بۆ هیچ شتێك.
یان مەحوی دەڵێت:
قسە گەر عیقدی گەوهەر بێ غەرەز دەیكا بەخەر موهرە
چ بوغزێكت لەوەعزایە واعیز وا پڕ لە ئەغرازی
4. گوتارێكی چاكەخوازە: وەك شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵیس كە لە 1858 زایینیدا كۆچی دوایی كردووە، حاجی قادری كۆیی لەبارەیەوە دەڵێت: شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵیس غەوسی سانی بووە.
مامۆستا (عەبدولكەریمی مودەڕیس)یش دەڵێت: سەردەمی شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵیس سەردەمی زێڕین بووە.
شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵیس دەڵێت: بەجێگەیاندنی دڵی شكستە، كاری مەردانە.
(پیرەمێرد)یش دەڵێت:
ئەوەی بەچاكەی خۆی خۆشیان دەوێ
دەستگیری زۆرە ئەگەر بشكەوێ.
5- گوتارێكی مرۆڤدۆستە: وەك كاك ئەحمەدی موفتیزادە دەڵێت: سوێند بەخوا ئامادەم لە تەواوی عومرم ئەزیەت و ئازارو ئەشكەنجە بچێژم، بەو شەرتەی كە تەواوی بەندەكانی خوا بەختەوەر بن.
هەروەها دەڵێت : خودایە لەسەر من هیچ بەندەیەك عەزاب مەدە.
6- گوتارێكی ناخ دوێنە: وەك مەولەوی دەڵێت:
پەی چێش مەیل لەیل پیریش مەحاڵەن
سەنەی باڵغیش سەد هەزار ساڵەن
7- گوتارێكی نەتەوەخوازە: وەك شێخ محەمەدی خاڵ، كە تا رادەی خواپەرستیی باوەڕی بە كوردایەتی هەبووە.
یان كاك ئەحمەدی موفتیزادە كە دەڵێت:
نیشتمان ئەی بەربەیانت رۆشنیی ئیمانمە
نیشتمان ئەی ئێوارانت خەڵوەتی عیرفانمە
8- گوتارێكی نوێسازە: وەك ئیبراهیمی مەردۆخی خاوەنی (تیشكێ لەقورئانی پیرۆز) دەڵێت: كاك ناسری سوبحانی بەهەر نووسەرێكی ئایینی دەگوت: ئەگەر تازەت پێیە بنووسە، ئەگەر نا، كتێبخانەكان بە شتی كۆن پڕ مەكەرەوە.
9- گوتارێكی هونەردۆستە: وەك مینۆرسكی دەڵێت: دوو كەس دیارن لە ئەدەبیاتی رۆژهەڵاتدا، یەكەم ئەبولقاسمی فیردەوسی، دووەم سەید عەبدولڕەحیمی مەولەوی، بۆیە مەولەوی لە ساتەوەختی بینینی شاییەكدا كە نەبات ناوێك و فەرەج ناوێك بە جیا گۆرانییان بۆ ئافرەتان و پیاوانی نێو شاییەكە گوتووە، دەڵێت:
لە سەدای نەبات لە چریكەی فەرەج
لەسەر مەلا و شێخ نەماوە حەرەج
10- گوتارێكە دوورە لە ریا: وەك وەفایی دەڵێت: نوێژێكی گێژو وێژ بێ، بە ریاو دوور و درێژ بێ ..موشكیل ئەو پووشە وشكە، بێتە مایەی نەجاتم
11- گوتارێكی عەقڵانیی دوور لە خورافاتە: وەك مەلای گەورە دەڵێت: عیسا لە ئاسمان مەهدی لەناو بیر..ئیشمان شلۆقە یاران چ تەدبیر؟
12- گوتاری رووخۆشی و خەندە بەخشە:
وەك دەبینین كە مامۆستا عەلائەددین سەجادی لە (رشتەی مرواری)یدا سەدان نوكتەی كوردەواری كۆكردۆتەوە.