كێشەكانی میدیا لە هەرێم

كێشەكانی میدیا لە هەرێم
بەشی چوارەم

كاری رۆژنامەنووسی ئەڵبەتە لە كوردستان لە سەرەتای دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی لەسەر دەستی بەدرخانییەكان بە ئەزموون دەستی پێكردووەو ئیتر بەم شێوەیە رۆیشتووە، دەتوانین بڵێین لە باشووری كوردستانی خۆمان تا ساڵی ٢٠٠٠ـەكان بۆ یەكەم جار بەشی خوێندنی میدیایی كراوەتەوە. هەرچەندە كێشەی كاری رۆژنامەنووسی تەنیا خۆی لەوەدا نابینێتەوە كە بە ئەكادیمی دەستی پێنەكردووە، چونكە ئەزموون و خولیاش بنەمایەكی سەركەوتنە بۆ كاری رۆژنامەنووسی، بە خوێندنی بنەماكانیش بە زانستی، سەركەوتنی زیاتر و پڕۆفیشناڵیی زیاتر دەدات بە كارەكە، بەڵام گرفتی سەرەكیی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان لە چەند خاڵێكدا دەبینین.
یەكەم: گرفتی پیشەیی كە تاكو ئێستا كارەكەی بە پیشە نەناسراوە، وەك هەر پیشەیەكی تری نموونەی وەك مامۆستایی،پزیشكی، ئەندازیاری و...هتد، ئەمە وای كردووە كە كاركردنی رۆژنامەنووس هیچ گەرەنتییەكی مافەكانی نەبێت لە رووی مووچە، خانەنشینی، مۆڵەتی نەخۆشی، پشووی ساڵانە، مۆڵەتی دایكایەتی، ئیفادو...هتد. لەكاتی نەبوونی ئەم مافانە، یان دەستنەكەوتنی كار رۆژنامەنووس مافی داكۆكی لەخۆكردنی نییە.
دووەم: نەبوونی یاسایەكی تۆكمە بۆ داكۆكی و پشتیوانی لە رۆژنامەنووس، ماف و گیان و سەلامەتی، ئەوەی كە بەدی دەكرێت لە یاسا بۆ كاری رۆژنامەنووسی یاسای ژمارە ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ی هەرێمی كوردستانە، ئەمەش زۆرتر باسی ئازادیی كارەكەی كردووە، سەرەڕای نەبوونی بەندی بەهێز بۆ پاراستنی ئەو ئازادییە و پاراستنی رۆژنامەنووس لە كاتی مومارەسەكردنی ئەو ئازادییە. ئەمە وای كردووە كە رۆژانە و ساڵانە پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووس تا بێت، زیاتر دەبێت تا ئاستی كوشتن و لێدان و ئیهانەكردن و...هتد
سێیەم: دامودەزگاكانی راگەیاندن، یەكێك لەو پێشێلكارییانەی رۆژانە رووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبێتەوە، وەك زۆربەی دەزگا راگەیاندنە جیهانییەكان كە یاسایەكیان هەیە بە ناوی ‹حقوق الصحفي داخل المؤسسات الاعلامیة› وەك نموونەی كەناڵی ئەلجەزیرە و بی بی سی و ئەلعەرەبییە و...هتد كە دیاری دەكات ئەو دەزگایە چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسەكانی دەكات لە رووی كرێی ئیش و كات و گرێبەست و مۆڵەت و...هتد، ئەمە لە هەرێمی كوردستان بە مەزاجی بەڕێوەبەری كەناڵ و بەرپرسانی ژوورەكانی دەزگاكەیە كە چۆن مامەڵە دەكەن لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە، بۆیە رۆژانە رۆژنامەنووس دەبینین سكاڵا دەكات لە پێشێلكارییەكان كە دەكرێت بەرامبەری لە دەزگاكان و لە لایەن بەرپرسان تا ئاستی تەحەروش پێكردن و ئیستیغلالكردن، بەتایبەتی بۆ رۆژنامەنووسانی مێینە.
چوارەم: كێشەیەكی تری رۆژنامەنووس لەم هەرێمەدا حزبیبوونی دەزگا میدیاییەكانە، ئەو كات پێوەر نییە بۆ وەرگرتنی رۆژنامەنووسی بەتوانا و سزا و خەڵاتكردن لە بەرامبەر كارەكەیان، رۆژنامەنووس دەبێت سەر بەو لایەنە بێت تاكو لە دەزگاكە جێگای ببێتەوە، جگە لەمەش كاریگەری لەسەر دەستكراوەیی رۆژنامەنووس و نەپاراستنی بێلایەنی و كێشەی پڕۆفیشناڵی و ئیتیكی رووبەڕوو دەبێتەوە، چونكە زۆرجار میدیاكان لە پێناو جێبەجێكردنی ستراتیژیی حزبەكەیان پڕۆفیشناڵی بوون و ئیتیكی بوون دەخەنە لاوە.
پێنجەم: سەرچاوەی زانیاری و دەستكەوتنی زانیاری، گرفتێكی سەختی رۆژانەی بەردەم رۆژنامەنووسە، كە نەك زانیارییەكانی بە راستی و ئاسانی دەست ناكەوێت، بەڵكو رۆژانە دەبێتە قوربانیی پێشێلكارییەكان كە بەشێكی زۆری لە پێناو چوونی بەدوای زانیاریدایە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەكردنی یاسای دەستكەوتنی زانیاری بە شێوەیەكی رێكوپێك، هەرچەندە تێبینیی زۆریش لەسەر یاساكە و كەموكوڕییەكانی هەیە، بەڵام جێبەجێنەكردنی ئەوەشی كە هەیە، گرفتەكەی بۆ رۆژنامەنووس یەكجار گەورە كردووە.
شەشەم: قەیرانی ناسنامەی تەكنیكی و پیشەیی، یەكێك لە باسە گرنگەكانی توێژینەوەی میدیا لە جیهاندا ناسنامەی تەكنیكی و پیشەیی رۆژنامەنووسە، ئەویش لەبەر ئەو گەشە بەرچاوەی تەكنەلۆجیا كە هێندە خێرایە، رۆژنامەنووس پێ راناگات بزانێت چۆن ئامێرێك بەكاردێنێت، ئامێڕێكی تر و جۆرێكی تر لە فۆرمەكانی كاری رۆژنامەنووسی سەرهەڵدەدات، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كە سەنتەری خول و راهێنان نییە و رۆژنامەنووس رۆژانە ئەپدەیت ناكرێت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پێشكەوتن و گەشەسەندندنانە.
چارەسەر:
١-بە پیشە ناساندنی كاری رۆژنامەنووسی بە یاسا.
٢-ئەكتیڤكردنی یاسای دەستخستنی زانیاری و ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی.
٣-ئامادەكردنی یاسای مافی رۆژنامەنووس لەناو دەزگا راگەیاندنەكان بە سوودوەرگرتن لە یاسای دەزگا جیهانییەكان.
٤- رێكخستنی میدیا و كەمكردنەوەی میدیای حزبی.
٥-بەرپرسكردنی ئۆرگانێك بۆ بەردەوام گەشەدان بە تواناكانی رۆژنامەنووس بە كردنەوەی خول و راهێنانی بەردەوام .

Top