هەندێك لەو پرسیارانەی پێویستە هەموو حزبێكی ئیسلامی وەڵامیان بداتەوە

هەندێك لەو پرسیارانەی پێویستە هەموو حزبێكی ئیسلامی وەڵامیان بداتەوە
عەلی عیززەت بیگۆڤیچ – بە رەحمەت بێت – دەڵێت: «وەڵامی دەست ناكەوێت، ئەو كەسەی پرسیار خەوی لێ نەزڕاندبێت.»
منیش وەك عەلی عیززەت بیگۆڤیچ، پرسیارگەلێكی زۆر، ساڵانێك خەوی لێ زڕاندم و بە ئێستاشەوە، بەڵام دەوروبەرەكەم وەڵامێكیان بۆیان نەبوو، چونكە ئەوان، یان ئەو پرسیارانەیان لەخۆ نەكردبوو، یان نەیاندەویست ئەو پرسیارانە بكەن، یان لەبەر ئەوەی زۆربەی بزاڤە ئیسلامییەكان لە سەرەتاوە بۆ مەبەستێكی ئایینیی پەیدابوون و، ساڵانێكی زۆری تەمەنیشیان لە باسە ئایینییەكاندا بەخەرج دا، بۆیە زۆر درەنگ ئاوڕیان لە كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و نەتەوایەتییەكانی نێو وڵاتەكانی خۆیان داوەتەوە، ئەو ئاوڕدانەوەیەش هێشتا لە قۆناغی شیعار و دروشم تێپەڕ نەبووە، واتە ئەوەندەی (شیعار)ێكی ئایینیی بووە، ئەوەندە (مەشروع)ێكی سیاسی نەبووە، ئەگەر ناوی مەشروعیشی لێنرا بێت، ئەوا هەر بە ستایلی دوو حزبە سەرەكییەكە بووە، نەك جیاوازتر لەوان.
بۆیە جێگەی خۆیەتی دەنگدەری كوردستانی ئەم پرسیارانەی لای خوارەوەی هەبێت لە هەر سێ حزبە ئیسلامییەكەی هەرێم، پرسیارگەلێك كە لە زۆرێك لە كۆڕو كۆبوونەوە و سیمینارەكاندا خستوومانەتەڕوو، هەندێكیشیان پرسیاری حزبە سیاسییەكانی دیكەیە كە دەیخەنە بەرچاوی لایەنگرانیان و لە زۆرێك لە ئەدەبیاتی حزبییاندا بڵاوكراونەتەوە، لەو پرسیارانەش:
ئایا دوائامانجی حزبە ئیسلامییەكان چییە؟ چونكە حزب و بزاڤە ئیسلامییەكان بەگشتی ئەو بزاڤانەن كە زۆر چاك دەزانن چییان ناوێت، بەڵام زۆر چاك نازانن چییان دەوێت؟ چۆنیان دەوێت؟ سیاسەتی ئەوان لە چیدا جیاوازە لەوانی دی؟
ئایا ئیسلامییەكان لە نێوان خۆیاندا كێشەی تێگەیشتنیان لە چەمكی دەوڵەت چارەسەر كردووە؟ چونكە بزاڤە ئیسلامییەكان هێشتا كێشەی تێگەیشتنیان هەیە لە چەمكی دەوڵەت و دەوڵەتی ئیسلامی، دەوڵەت لای ئەوان روون نییە، كەی دەبێت بە ئیسلامی؟ چۆن دەبێت بە ئیسلامی؟ بەچی دەبێت بە ئیسلامی؟ كاری ئەو دەوڵەتە چی دەبێت؟ دەوڵەتی مەدەنی یانی چی؟ بنەماكانی چین؟
ئایا بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی چ سیستمێك بەكاردێنن؟ سەرمایەداری؟ سۆشیالیستی؟ ئیسلامی؟ ئەگەر ئیسلامی، ئایا ئابووریی ئیسلامی چییە؟ لە كامە وڵاتی ئیسلامی پیادە كراوە، یان دەكرێت؟
ئایا ئیسلامییەكان خۆیان یەكلا كردۆتەوە لەگەڵ سیستمی سیاسیی جیهانی و پەیوەندیی فەرمیی نێودەوڵەتی؟
ئایا زلهێزەكان ئیسلامییەكانیان بۆ بەدیلی دەوێت؟ یان وەك رەنگێكی تەواوكار بۆ بەشدارییەكی سنووردار لە مۆزاییكی سیاسیی كوردستاندا؟
ئایا ئیسلامییەكان كێشەی (وێنە) و (وێنا)كردنیان چارەسەر كردووە؟ چونكە ئەوان (وێنا)یەكی جوانی ئایینییان لە دەقەكانەوە لەبەر دەستدایە، ئایا دەتوانن ئەو جیهانەی لەمێشكی خۆیاندا كێشاویانە، بیكەنە (وێنە)؟ چونكە جەماوەرو جیهان (وێنە)یان لەوان دەوێت، نەك هەر تەنیا (وێنا).
ئایا بەتەمان سوود لە ستایلی كامە جۆری حوكمڕانی ببینن، تا پیادەی بكەن؟ نموونەی ئێران؟ توركیا؟ مالیزیا؟ سعودیە؟ یان ستایلێكی جیاوازە لەوان؟ ئەگەر جیاوازە، چییە؟ چۆنە؟ وردەكارییەكانی چین؟
ئایا ئەو ئەحكامانە جێبەجێ دەكەن كە لەنێو كتێبەكانی تەفسیرو سوننەت و سیرەو فیقهی ئیسلامیدا هاتوون؟
بۆ نموونە: چۆن وەڵامی دەنگدەر دەدەنەوە، ئەگەر ئەم پرسیارە رەوایانەیان ئاراستە بكات؟
ئایا 80 جەڵدە لە ئارەقخۆر دەدەن؟
ئایا 100 جەڵدە لەگەنجی زیناكار دەدەن؟
ئایا رەجمی پیاو و ژنی زیناكار دەكەن بە بەرد تا مردن؟
ئایا دەستی دز دەبڕنەوە؟
ئایا دەستی راست و قاچی چەپی رێگر و چەتەی چەكدار دەبڕنەوە؟
ئایا پیاوی تۆمەتبار بە لیواتە لە بەرزترین بینای شار فڕێ دەدەنە خوارەوە؟
ئایا جەڵدە لە جگەرەكێش دەدەن؟ ئایا جگەرەكێشان حەرام و قەدەغە دەكەن؟
ئایا خوێنی كوژراو بە نرخی 100 وشتر حیساب دەكەن؟
ئایا خوێنی ژن بە نیوەی خوێنی پیاو حیساب دەكەن؟
ئایا خوێنی خاوەن ئایینەكانی دی بە كەمتر لە هی موسڵمان حیساب دەكەن؟
ئایا جزیە لە خاوەن ئایینەكانی دی وەردەگرن؟
ئایا حیجاب بەسەر ژناندا دەسەپێنن؟
ئایا ریش بە پیاوان دەهێڵنەوە؟
ئایا بە كەسی رەخنەگر لە ئایین دەڵێن كافر و موڕتەد و هەڵگەڕاوە؟
ئایا هەڵگەڕاوە لە ئایین دەكوژن؟ هاوسەرەكەی لێ جودا دەكەنەوە؟
ئایا چالاكیی ئیسلامیی سەلەفی و توندڕەو قەدەغە دەكەن؟
ئایا ئەم حكومەتەی ئێستای هەرێم بەپێی فیقهی ئیسلامیی پۆلێن دەكەن بۆ ستەمكار؟ یان بێ باوەڕ؟ یان جاهیلی؟
ئەوان كە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە لەلایەن حزبە عەلمانییەكانەوە، ئایا ئەوانیش ئەگەر بگەنە دەسەڵات مۆڵەتی چالاكی بە عەلمانییەكان دەدەن؟
ئەوان كە دەیان كەناڵی جیاجیای میدیای مۆڵەت پێدراویان هەیە، ئایا ئەگەر بگەنە دەسەڵات ئەوانیش مۆڵەت بە میدیای عەلمانییەكان دەدەن؟
كە دەڵێن كار بۆ دەوڵەتی هاووڵاتی دەكەین، ئایا مۆڵەت دەدەن هاووڵاتییەكی غەیرە موسڵمان ببێت بە سەرۆك وەزیران؟
ئایا خەلافەت مۆدێلێكی فەرمانڕەوایی بوو، یان ئەوان ئێستاش كاری بۆ دەكەن؟ ئایا ئامادەن یاسادانان لە مەلایان وەربگرنەوە بۆ پەرلەمان؟
ئەوان كە باس لە حوكمی زۆرینە دەكەن، ئایا مەبەستیان زۆرینەی پەرلەمانییە؟ یان زۆرینەی ئایینی؟
ئەمانەو دەیان پرسیاری دیكەی نێو كتێبەكانی فیقهی ئیسلامی و.. هتد.
ئەگەر دەڵێن: بەڵێ، هەموو ئەمانە دەكەین، ئەوسا جیاوازییان چییە لەگەڵ داعش و تاڵیبان و قاعیدە؟
ئەگەر دەڵێن نەخێر و نایكەن، ئەی چۆن خۆیان لە قورئان و سوننەت و فیقهی ئیسلامی لا دەدەن؟
ئەمانەو زۆر پرسیاری دیكەش هەن كە پێویستە وەڵامی رۆشن و بێ پێچ و پەنایان بۆ بدەنەوە، چونكە ئامانجی حزب گەیشتنە بە دەسەڵات، دەسەڵاتدارییش كاریگەری لەسەر هاووڵاتی دادەنێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتی لە ئایندەی خۆی دڵنیا بكرێتەوە.

Top