كێشەكانی میدیا لە هەرێم
September 14, 2018
وتار و بیروڕا
كێشەی خاوەنداریەتی
مەسەلەی خاوەنداریەتیی میدیا بابەتێكی گرنگە، چونكە خاوەنداریەتی بنەمای كاركردن و سیاسەت و ستراتیژیی میدیا دیاری دەكات. بەڵام ئایا ئەو خاوەنداریەتییەی میدیا لەوڵاتدا، نیشتمانییە، حزبییە، حكوومییە، تایبەتە...هتد؟ ئەمانە گرنگن بۆ ئەوەی لە فۆڕمی كاركردنی میدیاو كاریگەری و ناوەرۆك و ئەجندای ئەو میدیایانە تێ بگەین.
بۆ باسكردن لەم بابەتە لە دوو گۆشە نیگاوە قسەی لەسەر دەكەین، یەكەم: ئایا میدیا بە گشتی لە وڵاتدا خاوەنێكی هەیە لە سەر ئاستی نیشتمان، وەك وەزارەتێك، دامەزراوەیەك، بۆردێك كە سەرپەرشتی بكات و سیاسەت و هێڵەكانی كاركردنی بۆ دابنێت و چاودێری بكات؟ دووەم: ئایا خاوەنداریەتەكانی تری دەزگا میدیاییەكان چین؟ حزبین، تایبەتن، كەسین و...هتد؟
بۆ خاڵی یەكەم گرنگە بەراوردێك بە میدیای وڵاتان بكەین كە لە دیموكراسییان تا دیكتاتۆریان، دامەزراوەیەك، یان بۆردێك و دەستەیەك هەیە بۆ سەرپەرشتیی میدیا كە دیموكراسییەكان بۆ رێكخستنی میدیا و دیكتاتۆرەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەكاری دێنن. بۆ نموونە لە بەریتانیا Of com هەیە، كە تایبەتە بە كۆمینیكەیشن و رێكخستنی هەموو جۆرەكانی كۆمینیكەیشن. لە ئەڵمانیا FCC و لە ئوردون ‹هیئة الإعلام› هەیە، لە عێراق ‹هیئة الاعلام والاتصالات› هەیە، بە هەمان شێوە وڵاتێك نابینیت لە جیهاندا میدیاو دەزگای میدیای هەبێت و لایەنێك بەرپرس نەبێت لە سەرپەرشتیكردنی. لە هەرێـمی كوردستان بەپێی داتای توێژینەوەیەك كە مامۆستایەكی زانكۆی ئەڵمانی لە ساڵی ٢٠١٤ لە زانكۆی سلێمانی پێشكەشی كرد تایبەت بە میدیای ئەڵمانی، هەرێمی كوردستان لەو كاتەدا نۆ (9) هێندەی ئەڵمانیا ژمارەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی هەبووە، تا ئێستاش وەك دەزانین بەردەوام لە زیادبووندایە. جگە لە كێشەی نەبوونی سیستمی میدیایی لە هەرێم و بۆشایی گەورەی یاسایی و نەبوونی یاسایەكی گشتی لە ئاست ئەم فراوانییەی میدیا لە هەرێم و كێشەی دەستووری كە لە دەستووری هەرێـمی كوردستان ئاماژەیەكی روون بە ئەرك و وەزیفەی میدیای نەكراوە.
میدیا لە هەرێمی كوردستان خاوەنی نییە، بەو مانایەی وەزارەتێك، ئۆرگانێك نییە لە ئاستی نیشتمان خاوەنی میدیا بێت، واتە بۆشاییەكی ئیداری و خاوەندارییەتی گەورە لە میدیای هەرێمدا دەبیندرێت، كە ئەمە سەرچاوەیەكی گەورەی پاشاگەردانی میدیایە لەم هەرێمەدا. لە رەهەندی دووەمەوە قسە بكەین لەسەر خاوەنداریەتی و جۆری ئەو خاوەنداریەتییەی كە میدیاكانی ئێمە هەیانە، دەبینین هەژموونی خاوەنداریەتیی حزبی چارەكە سەدەیەكە باڵی كێشاوە بەسەرماندا، ئەمەش كاریگەری كردووەتە سەر ئەوەی میدیایەكی نیشتمانی و گشتی و موڵكی نیشتمان و هاووڵاتیمان نەبێت. هەروەها كۆمەڵگەیەكی سیاسی بە پەروەردەیەكی ململانێی سیاسی پەروەردەكراومان هەبێت. ئەوەی جێگای مەترسییە دیارنەبوونی خاوەنداریەتییە، واتە خاوەنداریەتیی حزبی هێشتا باشترە و تا رادەیەك بەهۆی بوونی خاوەنێكی دیار كە حزبەكەیە دەتوانرێت لە سیاسەت و ئامانجی میدیاكە تێ بگەیت و ئەگەر سەرپێچی، یان كارێكی ناتەندروستی كرد، ئاگادار بكرێتەوە، بەڵام لە خاوەنداریەتی حزبییەوە بەرەو خاوەنداریەتی كەسی و نادیار میدیا بەرەو پاشاگەردانی هەنگاو دەنێت، چونكە نازانرێت كێی لە پشتەوەیە و چ ئامانجێكی هەیە، حزبییەكە لەبەر بەرژەوەندی حزبی خۆی ناچار بووە پەێڕەوی هەندێك بەهاو نەریتی كۆمەڵگە بكات، بەڵام سەرهەڵدانی میدیای خاوەنداریەتی كەسی و نادیار ئەوەندەی دی ژینگەی میدیای ئاڵۆز كردووە. یان میدیای خاوەنداریەتیی تایبەت و بازرگانی كە ئەمانە ئێستا مۆدێلی قۆرخكەری ژینگەی میدیای وڵاتانن، بەڵام وڵاتان چ خاوەنداریەتیی بازرگانی، یان هەر جۆرە خاوەنداریەتییەكی تری میدیا لە وڵاتدا هەبێت، بەپێی یاسا و خزمەت بە نیشتمان رێكیانخستووە. ئەوەی جێگای مەترسییە لەم هەرێمە خاوەنداریەتییەكی شپرزە و پاشاگەردان لە میدیادا هەیە كە چەندین گرفتی بۆ خولقاندووین، لەوانە:
١-نەبوونی میدیاییەكی نیشتمانی كە موڵكی نیشتمان و هاووڵاتی بێت.
٢-ئاسان كۆنتڕۆڵ نەكردن و رێكنەخستنی ژینگەی میدیایی بە هۆی نادیاریی خاوەنداریەتی و تێكەڵ و پێكەڵیی خاوەندارییەتی.
٣-شپرزی لە دیدگاو رۆئیا و سیاسەت و ستراتیژی میدیای كوردی كە هەریەكە بە ئاواز و ئاراستەیەك بازاڕی خۆی گەرم كردووە.
٤-دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی نائارام بەهۆی ململانێی میدیای حزبی و كەسی و خاوەندارە نادیارەكانەوە.
٥-كاریگەری لە كەمكردنەوەی ئاستی پڕۆفیشناڵی و ئیتیكی لە رۆژنامەگەریی كوردیدا.
چارەسەرەكان
١-دامەزراندنی دەزگایەكی میدیای نیشتمانی كە حكومەت خاوەنداریەتی بكات و موڵكی گەل و نیشتمان بێت.
٢-كاركردن لەسەر كەمكردنەوەی میدیای حزبی و نەهێشتنی خاوەنداریەتی حزبی و كەسی بۆ میدیا.
٣-دیاریكردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتی بۆ میدیای خاوەنداریەتی تایبەت و بازرگانی.