ئیسلامی ئەڵمانی

ئیسلامی ئەڵمانی

دواجار ئەڵمانیاش هاتە سەر ئەو رایەی كە تێگەیشتنی ئەڵمانییانە بۆ ئیسلام پێویستە لە ئەڵمانیادا، نەك تێگەیشتنی هاوردەكراو، بۆیە بەپێی سایتی پۆلیتیكۆی ئەوروپی (ماركۆس كاربێر)ی بریكاری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی ناوبراو لە رۆژی دووشەممە بەرواری 3/9/2018 دا رایگەیاند: «دەبێت زەمینەی گفتوگۆ لەگەڵ هاووڵاتیانی موسڵمان لە ئەڵمانیا بڕەخسێنرێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئیسلامێكی ئەڵمانی بێتەئاراوە.» هەروەها رایگەیاندووە كە «پێویستە هاوكاریی موسڵمانانی ئەڵمانیا بكەین، بۆ ئەوەی ئایینێكی تایبەت بەخۆیان هەبێت.» كە مەبەستی ئیسلامێكە بە تێڕوانینێكی ئەڵمانییانە.
من بەش بەحاڵی خۆم ئەم لێدوانەم زۆر پێ خۆش بوو، چونكە راستیی ئەو قسەیەی خۆم دەسەلمێنێت كە 11 یازدە ساڵ لەمەوبەر نووسیم لەبارەی ئەوەی كە ئیسلام دەبێت خۆماڵی بكرێت لە كاتی پیادەكردندا، دواتریش زۆر كەسایەتی دیكەی جیهان هەمان راوبۆچوونیان دەربڕی.
یەكەم: من لە مانگی ئابی ساڵی 2007 لەژێر مانشێتی: (لە نیشتمانی ئیسلامەوە بۆ ئیسلامی نیشتمانیی)دا گوتم: (ئیسلامی جیهانی تەنیا ئەو ئیسلامەیە كە لە قورئان و بەشێكی فەرموودەی راستدا هاتووە و، ئەوی دی ئیسلامی شوێن و كات و كەسانی ئەو شوێن و كاتەیە، هەر لەبەر ئەمەش نابێت قسە و لێكدانەوەی هیچ بیرمەندێك كە بۆ شوێن و كات و كەسانی خۆی قسەی كردووە، بكرێتە بۆچوونێكی جیهانی و گشتی و بەسەر كەس و شوێن و زەمانی دی پیادە بكرێت، چونكە گشتاندنی لۆكاڵ بەسەر گلۆباڵدا، یان بەش بەسەر هەموودا، كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە). بڕوانە هەفتەنامەی یەكگرتوو ژمارە (654)، بەرواری 28/8/2007
دووەم: دواتر ئەو ئیسلامە نیشتمانییەم ناونا بە ئیسلامی كوردی و لە هەفتەنامەی میدیادا نووسیم: (ئەگەر تەماشای ئەو ئەزموونانە بكەین كە لە دەوروبەرماندا هەن، دەتوانین ئیسلامی لەسەر پۆلێن بكەین. ئیسلام وەكو ئایین یەك ئایینە، بەڵام لە رووی كۆمەڵگە جیاوازەكانەوە ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات، ئایا كامیان فۆرم و شێوە بە كامیان دەدات؟ ئایا ئیسلام شێوە بە كۆمەڵگە دەدات، یان بەپێچەوانەوە؟ ئیسلام شێوە بە كۆمەڵگە دەدات لە رووی بنەما گشتییەكانەوە، وەك راستگۆ بە، درۆ مەكە، لەگەڵ خەڵكدا چاك بە و.. هەموو ئەمانە بنەما گشتییەكانن كە ئیسلام دەیداتە كۆمەڵگەكە، بەڵام دواجار كۆمەڵگە شێوە بە ئیسلام دەدات لە رووی پراكتیكەوە. واتە ئیسلام داوای لە هەموو خەڵك كردووە، پۆشتە بن، بەڵام دواجار شێوازی ئەم پۆشتەبوونە لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە دەگۆڕێ، واتە هەر كۆمەڵگەیەك جلوبەرگی میللیی خۆی هەیە، نەك ئیسلام بێت و یەك جۆر جلوبەرگ بەسەر هەموو ژن و پیاوەكانی دنیادا بسەپێنێ.
لەمەوە بۆمان دەردەكەوێ، لە رووی بیروبۆچوونەكانەوە ئیسلام شێوە بە كۆمەڵگەیەك دەدات، بەڵام لە رووی پراكتیكەوە كۆمەڵگەكە شكڵ بە ئیسلام دەدات، لەسەر ئەم بنەمایەش دەتوانیت ئەو پۆلێنە بكەی كە ئیسلامی ئەوروپی جیاوازە لە ئیسلامی ئاسیایی، ئیسلامی عەرەبی جۆرێكە و هی ئەفغانی، یان ئێرانی جۆرێكە، هەر لەبەرئەمەش من بە رای تایبەتیی خۆم حەزدەكەم شتێك هەبێ بە ناوی «ئیسلامی كوردی»، ئەم ئیسلامە چ جۆرێكە؟ ئەوەیە كە خەڵكەكەی كوردن، بیركردنەوەیان كوردییە، لەسەرخاكی خۆیان كە كوردستانە بیردەكەنەوەو دەڵێن ئەم ئیسلامە لەم سەدەی بیست و یەكە لەم شوێنەی پێی دەگوترێ كوردستان، من وەكو كوردێك چۆن لێی تێبگەم و چۆنی شی بكەمەوە). بڕوانە هەفتەنامەی میدیا ژمارە (309) بەرواری 2/10/2007
سێیەم: دواتر لە سەرەتای ساڵی 2008، بابەتێكم نووسی بەناوی (ئیسلامیی ئەندەلوسی) كە تیایدا گوتبووم : (ئیسلامی ئەندەلووسی ناسراو بوو بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی جیاوازەكان و حەزكردن لە موسیقاو شیعرو ئاوازو، بایەخدان بە زانست و خۆشویستنی سرووشت و پاكوخاوێنی و ژینگەپارێزی و خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندی و جوانپۆشی و ئازادیی ئافرەت.. هەموو ئەمانەش بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئیسلام لە ژینگەی كراوەداو لای خەڵكی كراوە، ئیسلامێكی كراوە دەبێت و، لای خەڵكی دواكەوتووش و لە ژینگەی دواكەوتوودا ئیسلامێكی داخراو و تەسكبین دەبێت). بڕوانە هەفتەنامەی یەكگرتوو، ژمارە (680) بەرواری 11/3/2008
چوارەم: لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و لەگەڵ دەركەوتنی زیاتری پیادەكردنی توندڕەوانەی ئایینی ئیسلام و، هەناردەكردنی ئیسلامی عەرەبی بۆ دەرەوەی جیهانی عەرەبی، زۆرێك لە بیرمەندان و سەركرەكانی جیهانیش كەوتنە داواكردنی ئیسلامی خۆماڵی لە وڵاتەكانیاندا نەك ئیسلامی هاوردەكراو، بۆ نموونە:
1- (ئەحمەدی نەژاد) سەرۆكی ئێران لە هەڵمەتەكانی بانگەشەی بۆ جاری دووەمی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009دا، گوتی: ئیسلامی ئێرانیمان دەوێت.
2 - (نیكۆلا ساركۆزی) سەرۆكی فەڕەنسا لە شوباتی ساڵی 2011 دا لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: ئیسلاممان ناوێت لە فەڕەنسا، بەڵكو ئیسلامی فەڕەنسیمان دەوێت.
3 - (مەهدی بن مالك)ی ئەمازیغی: لە دیدارێكیدا لەبەرواری 19/9/2016 دا، وتی: (هەتا كەی رەوتەكانی ئیسلامیی عرووبی كۆنتڕۆڵی عەقڵی خەڵك بكات و، بە ئاراستەی پیرۆزكردنی رۆژهەڵاتی عەرەبی و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانی هانیان بدات و، دابونەریتەكانی ئێمەش بە كوفر بزانێت و، ئیسلامیی ئەمازیغی ئێمەش بە رووكەش بناسێنێت؟)
4 – (ئەنتۆنیۆ تاجانی) سەرۆكی یەكیتی پەرلەمانی ئەوروپا لە بەرواری 10/9/2017 لە میونستەر لە ئەڵمانیا لە كۆنفرانسی ساڵانەی كۆمەڵەی سانت ئیدیجیۆ – كە خۆم لەوێ بەشداربووم تیایدا - وتی: لە ئەوروپا ئیسلامیی ئەوروپیمان دەوێت.
5 – هەر لەم بارەوە هەفتەی رابردووش (ماركۆس كێربەر) وەكیلی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (پۆلیتیكۆ)ی ئەوروپی لەبەرواری 3/9/2018 دا، وتی : ئێمە (ئیسلامی ئەڵمانی)مان دەوێت.

بۆ بینینی قسەكانیشی بڕوانە ئەم لینكە:
https://www.politico.eu/article/we-need-a-german-islam-says-interior-ministry-markus-kerber-chemnitz-far-right-protests/


Top