پاشەكەوت و هەڵبژاردن

پاشەكەوت و هەڵبژاردن
ئەو دەمەی حكومەت بە ناچاری سیستمی پاشەكەوتی پەیڕەوكرد، هاوكات راشیگەیاند هەر كاتێك داهات باش بوو، چاو بەو سیستمەدا دەگێڕێتەوە. راستە ئەو چاوەڕوانییە درێژەی كێشا و خەڵك لە بن باری ئەو رەوشە نەخوازراوەدا بە تەواوی ماندوو بوون و سەبرو تەحەمولیان نەما، بەڵام دواجار كاتی چاكردنەوەی موچە هات و هەر پێش نەورۆزیش حكومەت رایگەیاند كە نزیكین لە كۆتایی قەیران. بڕیاریش وایە ئەم هەفتەیە حكومەت خشتەیەكی نوێ بۆ موچەی داهاتوو راگەیەنێت و هەرچی پێبكرێت بۆ سوك كردنی باری شانی خەڵك درێغی نەكات.
پرسیار ئەوەیە: ئایا لە كاتێكدا پاشەكەوت بەرەو چارەسەرە و پێشبینی بەم زووانە باشبوونی گوزەران و ئابوری دەكرێت، ئەدی بۆ ناڕەزایی و خۆپیشاندان فروان و توندتر دەبن؟ ئایا ئەوە خەڵك و موچەخۆرانن كە لانی كەم لە شارەكانی هەولێر و دهۆك ئەو كاتەی هیچ ئومێدێك بۆ چاككردنی موچە لەئارادا نەبوو، دانیان بەخۆیاندا گرتبوو، كەچی كە چاكبوونی موچە و كەمبونەوەی پاشەكەوت نزیكدەبێتەوە ئینجا دەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەكەن، ئایا دەكرێ بەم لێكدانەوە نالۆژیكییە قەناعەت بكەین و بڵێین ئەوەی رویدا خۆپیشاندانی خۆڕسكانەی موچەخۆران بوو، یان دەست و مەبەست وئەجیندایەكی دیكە لە پشتی ئەم ناڕەزاییە ناوەختەوە خۆی مەڵاس داوە؟.
لە راستیدا سیستمی پاشەكەوت كە كراوەتە بەهانە و قۆستراوەتەوە بۆ خۆپیشاندان و ئاژاوە، بەرەو كۆتاییە، بەڵام ئەوەی نزیكبۆتەوە هەڵبژاردن و پرۆپاگەندەی ئینتخابییە. ئەوەی لە هەولێر رویدا نمایشی ئەو هێز و حزب و گروپانە بوو كە بۆ سواڵی دەنگ دەنگ، جگە لە سواربوونی شەپۆلی خەڵك و قۆستنەوەی ئازاری میللەت، قەت هیچ بەرنامەیەكی دیكەیان شك نەبردووە. ئەوەی رویدا نمایشی ئەو حزبانەن كە لە هەڵبژاردن تۆقیوون و دەیانەوێ رەوشەكە بشێوێنن و نەكرێ، یان ئەگەر هەر كرا، وەك نەریتی هەمیشەییان بكەونە خۆ بەخەڵكدا هەڵواسین و شین و شەپۆڕی درۆزنانە بۆ ماشینەوەی دەنگەكانیان. دەنا ئەم هەموو نوێنەر و كاندیدە دووڕوو و درۆزن و گیرفان گەرم و معاش فولانە چییان دەكرد لە نێو خۆپیشاندەراندا!.
ئەو حزبە مونافیقانەی دوێنێ خۆیان لەناو خۆپیشاندەراندا دەنواند و دەیانویست نان و پیاز بە مەینەتی موچەخۆرانەوە بخۆن، هەر خۆیان بوون دەست و قاچی عەببادییان ماچ دەكرد تا موچە نەنێرێ و قەیران بەردەوام بێ و پێیان دەگووت گەر موچە بنێری حكومەتی هەرێم ناڕوخێ و كوردستان قیت دەبێتەوە. ئاخر تیجارەتی سیاسیی ئەوان لە بەردەوامی قەیران و ناڕەحەتیی خەڵكدایە، گەر وەزع باش بێت، زمانیان كورت دەبیتەوە و كەس هیچ بە كڵاویان ناپێوێ. هەر خودی ئەمانە گەندەڵترین بەشدارانی نێو حكومەت و دام و دەزگاكانی بوون، تا حكومەت پارەدار بوو، نانخۆری سەرسفرە بون و كە قەیرانیش بەرۆكی گرتین، بێ مروەتانە شانی خۆیان تەكاند و لە مەسئولیەت رایان كرد و ناویان لە خۆیان نا بەرەی گەل. ئەحزاب و كەسانی ئەوها فاشل و بودەڵە گەر خۆ بە خەڵكدا هەڵنەواسن و درۆ و چەواشەكاری نەكەنە پەیڕەو، بە چ دەسكەوت و هەڵوێستێكی سیاسیی جوانەوە دەتوانن دەنگ كۆبكەنەوە!.
هەراش بوونی ئەم گروپانە و خۆنواندنیان بە ناوی قەیرانی موچەوە لە كاتێكدا قەیرانی موچە بەرەو چارەسەر دەچێت، هەڵپەی درەنگ وەختی قۆستنەوەی كۆتایی قەیرانەكەیە بۆ دەنگ كۆكردنەوە چونكە هەڵبژاردن نزیك بۆتەوە، دەنا چەند عەببادی لە خەمی گوزەرانی خەڵكی كوردستاندایە، ئەوانیش هەر هێندە.
Top